ناوەڕۆکی گۆرانی و مۆسیقای کوردی

ڕۆژان سۆفیزادە

ئەگەر بە کورتی بچینە نێو مێژووی مۆسیقا، ئاواز و گۆرانیی نەتەوەی کوردەوە، نەتەنیا لە گوتارێکی وەهادا، تەنانەت دەیان کتێبیش ناتوانن وەسفی دەوڵەمەندیی مۆسیقای کوردی بکەن و دەبێ لێکۆڵینەوەی بەرفراوان و درێژ لەسەر کاریگەری و ڕۆڵی گۆرانییە کوردییەکان ئەنجام بدرێن.

لە مێژووی هەزاران ساڵەی دەربازبوودا، ئاواز، مۆسیقا و گۆرانی بوونەتە بەشێک لە ژیان و پێناسەی کۆمەڵگە جیهانییەکان و وەک مێژوویەکی دێرین لەلایەن هەر نەتەوەیەکەوە بەپێی کەلتوورەکەیان پارێزراون و بەهایان بۆ دانراوە.

مۆسیقا، مەقام و ئاوازی نەتەوەی کورد بە هەزاران ساڵە، زار بە زار و سینگ بە سینگ گوازراوەتەوە و گەیشتووەتە ئەمڕۆ، لە قۆناغە جیاوازەکاندا گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ڕەنگە هەندێکجار دەوڵەمەندتر بووبێت، هەندێکجاریش کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئاسمیلاسیۆنی گەلانی دیکە و داگیرکەران و وڵاتانی دراوسێوە. بەڵام گرینگ ئەوەیە هەتا ئێستا شەڕی مانی کردووە و پارێزراوە.

بە درێژایی مێژووی کۆمەڵگەکان، گۆرانی و مۆسیقا هەمیشە دەنگ و قسەی ناخ و دەروونی مرۆڤەکان بووە، بە شێوەیەکی دیکە دەتوانین بڵێین لە چوارچێوەی گۆرانی و مۆسیقاکەماندا توانیومانە هەستەکانمان بۆ یەکتر و بۆ ئەوانی تر بگوازینەوە. گۆرانی و مۆسیقای هەر کۆمەڵگەیەک، ڕەنگدانەوە و شەوقدانەوەی هەست و باوەڕیان بەرامبەر بە ڕووداوەکان و گەردوون و ژیانە. ئێمە لە گوتنی گۆرانییەکدا دەتوانین بە ئاسانی بزانین بۆچوونی کۆمەڵگەیەک سەبارەت بە جوانیناسی چییە و ڕایان لەبارەی ژینگەی دەوروبەر چۆنە.

ناوەڕۆکی گۆرانی و مۆسیقای کوردیش وەک بەرهەمە جیهانییەکان، بەسەر چەند بەش و بابەتێکی جیاوازدا دابەش دەبێت. بەڵام هەندێک تایبەتمەندی لە گۆرانی و مۆسیقای کوردیدا هەن کە بە شێوەیەکی تایبەت لە بەرهەمی نەتەوەکانی دیکە جیایان دەکاتەوە.

نیگار: لوقمان ئەحمەد

 

لێرەدا پێم خۆشە ناوەڕۆکی گۆرانی و مۆسیقای کوردی بە شێوەیەکی گشتی لە ٤ بەش و چوارچێوەدا دابەش بکەم:

خەم و کەسەر

خۆشەویستی و سۆزداری

خۆشی و شادی

مێژوو و ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکان

- دەربڕینی خەم و کەسەر، بەشێکی زۆر لە گۆرانی و مۆسیقای کوردی پێک دێنێت. ئەم بەرهەمانە باس لە بارودۆخی کارەساتبار دەکەن، هەندێکجار باس لە لەدەستدانی مێرخاس و قارەمانان دەکەن، باس لە ڕووداوە سروشتییەکانی وەک ئاگرکەوتنەوە و بوومەلەرزە و هتد دەکەن. یان زۆرجار باسی ئەو وێرانکارییە دەکەن کە دوای شەڕ و هێرش و لەشکرکێشیی دوژمن ڕوویداوە. بۆ نموونە باسی ڕووداوی دڵتەزێن و کۆمەڵکوژی و قڕکردن دەکەن وەک کۆمەڵکوژییەکانی هەڵەبجە، دێرسیم و دۆڵی زیلان و هتد. گۆرانیی کوردی دەتوانێت بەشێکی زۆری ئەو ڕووداوانە لە خۆیدا هەڵبگرێت و ببێتە دەنگی نەتەوەی کورد.

- دەربڕینی خۆشەویستی؛ ئەو بەرهەمانەی کە لەسەر چیرۆک و حیکایەتی خۆشەویستی گوتراون و زۆربەیان وەک بەیت و گۆرانیی ئەویندارانە هۆنراونەتەوە و دوای ئەو خۆشەویستییەش نەگەیشتوونەتە یەک و بە شێوەیەکی کارەساتبار لە یەکتر جیا بوونەتەوە. لەم پەیوەندییەدا دەتوانم چەند نموونەیەک بهێنمەوە، وەک: "خەج و سیابەن، مەم و زین، حەسەن و ئاسێ، حەسۆ و نازێ، دەروێش دەودی و ئەدولێ و... هتد." یان بەپێی کەلتووری کۆن، کاتێک کچان و کوڕان ئاشق دەبوون، بە گۆرانی و بەیتی خۆشەویستی یەکتریان لە قسە و پەیامەکانیان ئاگادار دەکردەوە، ئەمەش زۆر کاریگەر بوو.

- دەربڕینی خۆشی و شادی بە ئاواز و گۆرانی؛ ئەمە بۆنە تایبەتەکان دەگرێتەوە، وەک گۆڤەند و دیلان لە کاتی سەرکەوتنەکاندا، لە کاتی پێکگەیشتنی دوو گەنج و پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیاندا و هتد. لە مێژووی هەزاران ساڵەی گەلی کورددا، لە کاتی هەڵپەڕکێ و شاییدا، زۆر پێش ئەوەی هیچ ئامێرێکی مۆسیقا هەبێت، دوو گۆرانیبێژ پێکەوە مەقامی گەڕیانی داوەتیان دەگوتەوە و گۆڤەندەکە بەڕێوە دەچوو. هەڵپەڕکێ و زەماوەندی کوردیش مێژوو و فەلسەفەیەکی دوورودرێژی هەیە و دەتوانرێت دەیان بابەتی لەسەر بنووسرێت.

- دەربڕینی مێژوو بە شێوەیەکی دەنگبێژی؛ زۆربەی مێژووی نەنووسراوی ئازایەتی، بەرخۆدانی کورد، شۆڕش و سەرهەڵدانی کورد، ئەزموونی سەرکردە و فەرماندەکانی کورد، زار بە زار و سینگ بە سینگ گێڕدراونەتەوە و گەیشتوونەتە ئەمڕۆ. بەتایبەتی دەنگبێژان لە کاتێکدا کە خوێندەواری نەبووە یان کەم بووە، بە گۆرانییەکانیان مێژوویان لە دانیشتنەکاندا گێڕاوەتەوە. لەم ڕووەوە ئەمڕۆ لە ناخی ئەو وشانە و گۆرانییانەدا دەگەڕێین تاکوو مێژوو و ڕووداوەکانی ڕابردوو بزانین. هەروەها ئەم بەرهەمانە وەک بنەما و سەرچاوەی زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکان دادەنرێت.

لە کۆتاییدا دەبێ بڵێم کە گەلەکەمان بە مێژووی ئاواز و مۆسیقای خۆی دەوڵەمەندە و بەتایبەتی ئێستا لە سەردەمی پێشکەوتنی ئامێرە مۆسیقییەکان، دەبێ مۆسیقا و گۆرانیی نەتەوەکەمان دەوڵەمەند بکرێت. ئەوانەی گرینگی بە مۆسیقا و ئاوازی کوردی و بەتایبەت هونەرمەندان دەدەن، ئەرکی سەرشانیانە لە خەمی دەوڵەمەندکردن و فراوانکردنی ئەم بەشە گرینگەی کەلتوورەکەیاندا بن.

KURDŞOP
529 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!