دێو لە چیرۆکەکانی کۆبانیدا – بەشی دووەم

ئەمەل مەعمۆ

 

بەشی یەکەمی ئەم گوتارە لێرەدا بخوێننەوە

 

ڕۆڵی جیاواز لە چیرۆکەکانی هەر گەلێکدا دەبینرێت کە هەندێکیان وەک بیر و باوەڕ وەردەگرن. ڕۆڵی دێو لە چیرۆکەکانی کۆبانیدا وەک نیشانەی ترس و خراپەکاری پێشکەش دەکرێت. لەبیرمان نەچێت کە ڕۆڵی دێو هەندێک جار لە چیرۆکی منداڵانیشدا باس دەکرا، کە هاوکات وەک ئامرازێک بۆ خەوتنی منداڵ یان یاخینەبوون لە دایک و باوکی، پێشکەش دەکرێن. ئەگەر مەبەستیان هەڵگتنەوەی خراپەکاری بێت، ئەوا لە شێوەی مرۆڤدا دەیخەنە ڕوو بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە خراپە سوودی لێ وەربگرن، ئەگەر مەبەستیان نیشاندانی ترسە، ئەوا بۆ بە شێوەیەکی لۆژیکی ئەم کارە ناکەن؟ کاتێک مرۆڤ هەمان چیرۆک لە دەمی دوو کەسەوە دەبیستێت، ئەو کاتە تێدەگات کە هەریەکەیان بە شێواز و بۆ مەبەستی خۆیان پێشکەشی دەکەن.

لەلایەکی ترەوە هەندێک جار ناوی دێو، بە تایبەتمەندییەکانییەوە گرێ دراوە، یان هەر دێوێک لە هەر چیرۆکێکدا بە تایبەتمەندیی جیاواز بانگ دەکرێت، هەندێکیان پێیان دەگوترێت دێوی سوور، دێوی حەوتسەر، دێوی حەوتچاو، دێوی دەستکورت، دێوی دڕندە و چەندین ناوی تر.

دەتوانین نموونەیەک لە چیرۆکی فۆلکلۆری "کچی سوڵتان" بهێنینەوە:

"لە وڵاتێکی دووردا، سوڵتانێک هەبوو، ڕۆژێک سوڵتان پێشبڕکێیەکی بەڕێوە برد... لە کۆتاییدا دێوێک سەردەکەوێت، بۆیە سوڵتان دەبێ ئەو بەڵێنەی کە دابووی، جێبەجێی بکات، ئەو بەڵێنەی کە هەرکەسێک سەرکەوت، سوڵتانەکە کچەکەی پێ دەدات، بەڵام لەبەر ئەوەی سوڵتان دەزانێت ئەو کەسەی سەرکەوت دێوە، زۆر خەمگین دەبێت. دێوەکە بە یەک چاو، زۆر بەهێزە، هەندێک ئێسک لە کۆڵەکەیدا دیار بوو، بێگومان ئێسکی مرۆڤە مردووەکان بوو، کاتێک مردوویەکی نوێ دەمرێت، دێوەکە دەچێتە گۆڕستان و ئەو مردووە دەخوات. سوڵتان لە کۆتاییدا ناچارە کچەکەی پێ بدات. بەم شێوەیە دێوەکە کچەکەی سوڵتان دەبات بۆ شاخە دوورەکان، دەگاتە ئەشکەوتێک کە بۆ خۆی تەرخانی کردووە و لەگەڵ کچەکەی سوڵتاندا دەچێتە ژوورەوە.

بەیانیی زوو بانگی کچەکە دەکات و هەندێک ئێسکی پێ دەدات، دەبێ تا دەگەڕێتەوە بیخوات و سەتڵە گەورەکە بە فرمێسکەکانی پڕ بکات بۆ ئەوەی دێوەکە بیخواتەوە. لە کۆتاییدا دێوەکە بە تووڕەییەوە دەڵێت تا دەگەڕێمەوە، دەبێ ئەو ئێسکانە بخۆیت و سەتڵەکەی سەر ئاگرەکە پڕ بکەی لە فرمێسک..."

بەم شێوەیە بۆمان دەردەکەوێت کە دێوەکە لە دوو چیرۆکی "بۆزان ئاغا و کچی سوڵتان"دا کە لە شاری کۆبانی گێڕدراونەتەوە، ڕۆڵیان چییە.

ڕۆڵی دێو لە چیرۆکی کورداندا جیاوازە، وەک چۆن لە چیرۆکی عەرەباندا ڕۆڵی "خۆل" یان هەندێک جار پێی دەگوترێت "ئیملاق"، هێمای ترس و نەخۆشییە. دەتوانین بڵێین "خۆل" وەک ڕۆڵی دێو وایە، هەمیشە بە شێوەیەکی نەرێنی پێشکەش بە گوێگران دەکرێت و زۆر بە دەگمەن بە شێوەیەکی ئەرێنی باس دەکرێت. ڕەنگە خۆل و دێوەکە وەک یەک بن، بەڵام ناوی جیاوازیان هەبێت، چونکە خۆل لە زۆربەی چیرۆکەکانی عەرەباندا بەکار هاتووە. بەڵام دەتوانین بڵێین دێو بوونەوەرێکی زیرەکە کە بە چەندین شێوەی جیاواز باس کراوە. هەندێک جار وەک مرۆڤێک وەک لە چیرۆکی بۆزان ئاغا و هەندێک جار لە شکڵی ئاساییی خۆیدا کە تەماحکار، گەورە و مرۆڤخۆر دەردەکەوێت. دێو لە هەر چیرۆکێکدا بە شێوەیەکی جیاواز پێشکەش دەکرێت، هەریەکەیان تایبەتمەندیی جیاوازیان لەوانی دیکە هەیە.

KURDŞOP
492 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!