مافوورە کوردییەکان؛ بەڕکی کۆچەری

دیاکۆ خاتوون

لە مێژووی کورددا، ژنان لە هەموو چوارچێوەکانی ژیاندا گرینگترین ڕۆڵیان هەبووە، دەتوانین بڵێین ژن ڕەمزی ئەو کۆمەڵگەیەیە. لە خوداوەندەکانی ئەم جوگرافیایەوە بگرە، هەتا سەرلەشکر و دەنگبێژان و هتد.

لە لایەنی هونەرییەوەش، ژن بێبەری نەبووە، بۆ نموونە ئەگەر باسی بەڕکی کوردی بکەین، بە گشتی ئەم نەخش و بەرهەمە ناوازە، بە تایبەتی بە دەست و پەنجەی ژنان ئافرێندراوە و دروست دەکرێن. بەڕکی کوردی بە ڕەنگ و شێواز و وێنە، تایبەتمەندیی خۆی هەیە و پەیوەندیی بە سروشت و جوگرافیای کوردستانەوە هەیە. بە شێوەیەک کە چەندین ڕەنگ و هێڵی جیاواز تێیدا پیشان دەدرێت.

دەتوانین ئەوە بڵێین؛ دۆخی کۆمەڵایەتی کاریگەریی لەسەر نەخشەکان هەیە، نەتەنیا بارودۆخی کۆمەڵایەتی، بەڵکوو بیر و باوەڕ و قۆناغە مێژووییەکانیش بە شێوازی جیاواز نەخشی بەڕکەکانیان گۆڕیوە و کاریگەریی خۆیان لەسەر داناوە. بۆ نموونە ئەگەر لە وڵاتێکی وەک "دوورگەی عەرەبی" بەڕک دروست بکەن، لە نەخشەکانیاندا وێنەی وشتر یان کمکمان بەکار دەهێنن.

شێوەی ئەو نیگارانەی کە لەسەر بەڕکەکان دروست دەکرێن و دەنەخشێنرێن، بەپێی شێوازی ئەندازیاریی وەک چوارگۆشە، لاکێشە، سێگۆشە و هێڵی ڕاست و هتدن.

زانایەکی دەروونناسی، شێوە و فۆڕمی بەڕکەکان بە گیانی مرۆڤ و زەوییەوە گرێ دەدات. بۆ نموونە بازنە، ڕۆح یان گیانە و چوارگۆشە زەوییە. لە ڕاستیدا ئەگەر لە نەخشەکاندا پشت بە بۆچوونی "کارڵ یۆنگ"یش نەبەستین، ناتوانین خۆمانی لێ دەرباز بکەین. بۆ نموونە؛ نەخشی بڕەکی کۆچەری لەنێو یەکدا تێکەڵی یەکتر دەبن و لێک دەئاڵن و بەشە سروشتییەکەشی کە لە چیا، کەند، دۆڵ، داروبار و گژوگیا پێک دێن، تێکەڵی یەکتر دەبن.

بۆ نموونە؛ لەو نەخشانەی کە یەکسەر دیمەنی شاخ و چیا دەهێننە بەر چاومان. هەروەها گوڵ کە ماکەی نەخشەیە لە بڕەکی کوردیدا، و ئاڵۆزترین نەخشە لە بڕەکی کۆچەرییە. کاتێک سەیری بڕەکەکان دەکەین، وێنەی ڕاستەقینەی خۆی بەجێ نەهێشتووە و بەرەو شێوازێکی تایبەت چووە و بۆ ئەوەی لێی تێبگەین، پێویستمان بە خوێندنەوەیەکی باش هەیە. لە بڕەکی کوردیدا دوو جۆر گوڵ هەیە، "گوڵی ئۆرسێ" و "گوڵی کۆمکۆلاڤۆک" و گەڵای هەردوو گوڵەکە لە "قاچۆلیک" پێک هاتووە و دەتوانین بڵێین سێگۆشە بنەمای نەخشەیە لە مافووری کوردیدا.

لە سەرەوە باسمان لە بڕەکەکان کرد، باسی کاریگەرییەکانی جوگرافیا و سروشت لەسەر مرۆڤەکانمان کرد، وەک شاخ، بەفر، شینایەتی، دار و درەخت، کانیاو و ڕووبار و هتد. ئەم کاریگەرییە لە ڕەنگەکانیشدا دەبینرێت و هەریەکەیان هێمای شتێکە. بەڵام ئێمە زیاتر ڕەنگی سروشتی لە بڕەکەکاندا دەبینین، وەک ڕەنگی سوور، زەرد، سەوز، پرتەقاڵی، شین، سپی و قاوەیی.

جگە لەوەش هەندێکجار ڕەنگی ڕەشیش لەو بەرهەمانەدا بەکار دەهێنرێت. "مەسعوود ڕەحیمی" سەبارەت بە بەکارهێنانی ڕەنگەکان دەڵێت: "ڕەنگی سوور و زەرد و فۆرمی گەرمی بەهێز لە تەونی کورداندا بە ژیان و ژیاری کوردان لەسەر سینگی چیا بەفرگرتووەکانی کوردستانەوە گرێ دراوە، بۆیە ڕۆحێکی گەرم و پڕ لە جووڵە وەک ئاگریان هەبووە." بۆ دروستکردنی ڕەنگی زیاتر، لە میوەکان سوود وەردەگیرا؛ بۆ نموونە ڕەنگی قاوەیی لە گوڵی زەردی "ڕەشکێ" وەردەگیرا؛ بۆ ڕەنگی ڕەش لە توێکڵی هەنار و توێکڵی گوێز سوود وەردەگیرا و... .

ناوچە کۆچەرییەکان بۆ دروستکردنی بەڕک، زۆر دەوڵەمەندن و لە کتێبی "بەڕکی کۆچەری"ی نووسەر "ئیسماعیل تەها شاهین"دا، ئەو ناوچانە نیشان دراوە کە بەڕکی لێ دروست کراوە، شوێنەکانی وەک "گویی، سندی و دوسکی" و هەروەها لەنێو ئەرتوشییەکانیشدا "قەشووری، ژیرکی و گەودان". بەڵام لەنێو کورددا دیارترینیان کۆچەرەکان بوون.

هونەری بەڕکان لە کوردستاندا لە ناخی کچانی کوردەوە هاتووە و نەخشەکانیان پەیوەندیی بە سروشت و جوگرافیای کوردەوە هەبووە و ئەمەش بە ڕوونی لە نەخشەکانیاندا دەرکەوتووە، لە ڕەنگەکانەوە بگرە تاکوو شێوەی هێڵەکان.

لە دوای هەشتاکان، کڕیاران ئەو بەڕکانەیان لە خەڵک دەکڕی و بە مۆزەخانەکانیان دەفرۆشت، هەروەها لە کۆتاییی ساڵی ١٩٩٢دا، بازرگانانی تورک سەردانی کوردستانیان دەکرد بۆ کڕین و پاشان فرۆشتنی بەڕکی کوردی بە مۆزەخانەکانی جیهان. ئەمەش بووە هۆی ئەوەیکە سامان و سەروەتی نیشتمانی ڕۆژبەڕۆژ کەمڕەنگتر ببێت و بەرەو لەنێوچوون بچێت.

KURDŞOP
564 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!