دێو لە چیرۆکەکانی کۆبانیدا

ئەمەل مەعمۆ

لە ئەدەبیاتی زارەکی و بە تایبەتی لە چیرۆکەکاندا، ڕۆڵی جۆراوجۆر دەبینرێت. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی زۆرترین سەرنجی خەڵک ڕادەکێشێت ڕۆڵی "دێو"ە، چونکە ئەم ڕۆڵە بە چەندین شێوە لە چیرۆکەکانی کۆبانیدا بەکار هاتووە. هەروەها لەبەر ئەوەی زۆربەی چیرۆکەکانی ئەم ناوچەیە ڕۆڵی دێوی تێدایە، بە شێوازی جیاواز پێشکەش دەکرێن.

هەندێکیان حەوت سەریان هەیە، هەندێکیان کوێر و یەک چاون، هەندێکیشیان گوارەی گەورەیان هەیە و هەندێکیشیان بە فووی خۆیان مرۆڤ فڕێ دەدەنە ئاسمانەوە.

دێو یان دێڤ لەنێو میتۆلۆجیدا لەلای گەلی کورد و هەندێک گەلی ترەوە بەکار دێت. وشەی دێو لە فەرهەنگدا بە واتای بوونەوەری ئاشۆپی یان چیرۆکی بە قەبارەیەکی گەورەیە یان بە واتای کەسێکی گەورە و بەهێز دێت. ئەم وشەیە لە ژیانی ڕۆژانەشدا بەکار دێت، بۆ نموونە دەڵێن فڵان کەس وەک دێوە، واتە کەسێکی بەهێز و گەورەیە.

جگە لە دێو، هەندێک وشەی دیکەش لە ئەفسانەی دیکەشدا بەکار دەهێنرێن، وەک "دێواز" کە بە واتای گەورەی دێوەکان دێت و "دێوانە" کە بە واتای "دەعبا"یش دێت، دڕندە یان جانەوەر.

ئێمە دەتوانین لە فۆلکلۆری کوردیدا چەندین چیرۆک لەبارەی دێو بدۆزینەوە کە تەنیا چیرۆکی گرێدراو بە کۆبانی نین، بەڵکوو لە هەر ناوچەیەک وەک دێو پێشکەش کراون.

دێو بۆ خۆی بوونەوەرێکی خەیاڵییە و لە چیرۆکە فۆلکلۆرییەکاندا دەبینرێت. دێو یەکێکە لە کارەکتەرە دوولایەنەکانی نێو چیرۆکەکان، چونکە زۆرجار هێمای خراپی و ترس و زۆردارییە، لە هەندێک شوێنیشدا هێمای دلۆڤانی و یارمەتیدەری و قارەمانێتییە، هەندێکجاریش لایەنگری ستەملێکراو و تۆڵەسێنەری ستەمکارانە. دەتوانین بڵێین لەو چیرۆکانەدا کە ڕۆڵی دێوی تێدا دەدۆزرێتەوە، ناکۆکیی دوولایەنە نیشان دەدەن، وەک چاکە و خراپە، حیکمەت و گەمژەیی، تەماح و ڕەزامەندی. با سەیری پاراگرافێک لە چیرۆکی "بۆزان ئاغا" بکەین:

"شوان وەک داری چنار باڵابەرز و بەهێزە، دەڵێی ئەم شوانە ژیانی لە ئەشکەوتەکاندا بەسەر بردووە. ئیمه دەچینە لای. بەخێرهاتنمان دەکات. کورکی خۆی دەخاتە سەر زەوی بۆمان. ئێمە لەسەری دانیشتین. کاتێک تاریکی دەست بەسەر زەویدا دەگرێت، ئێمە سەیری چاوی یەکتر دەکەین بۆ ئەوەی هەستین و شوانەکە ببەستینەوە. شوانەکە سەیرمان دەکات و دەبینێت مەبەستمان خراپە، هەڵدەستێت و هەر چوارمان بەیەکەوە دەبەستێتەوە. دەردەکەوێت کە شوانەکە دێوە. خۆی لە جلی شواندا شاردووەتەوە. ئێمەی پێکەوە بەستەوە و خستمانیە پێشی خۆیەوە. کاتێک گەیشتینە سەر لووتکەیەک، ئەشکەوتێک دەرکەوت، دەرگای ئەشکەوتەکە بەردێکی گەورەیە و دەرگاکە دەکاتەوە و دەمانباتە ژوورەوە و دووبارە دەرگاکە دادەخات.

دوای کەمێک بە ئاگرێک ئەشکەوتەکەی ڕووناک کردەوە. کەمێک نانی لە کورە دەرهێنا و خستیە بەردەممان و پێی گوتین، بیخۆن. ئێمە لەژێر چاوەوە سەیری یەکترمان دەکرد، ئێمە چۆن نان بخۆین. ئێمە نانی خۆمان دەخۆین.

دێوەکە دوو شیشی خۆی تیژ کردووە و خستووەیتیە نێو خەڵووزی ئاگرەوە. هاوڕێیەکمان پێش ئێمە تێر نانی خوارد و لە سفرەکە کشایەوە. دێوەکە هەستا، هاوڕێکەمانی دا بە عەرزدا و شیشێکی خستە نێو چاوێکی و لە چاوەکەی تری دەریهێنا."

دێو بوونەوەرێکە لە شێوەی مرۆڤ، هەروەها باڵابەرز و گەورە و بەهێزە، چونکە دەیتوانی بە بەردێکی زەبەلاح دەرگای ئەشکەوتەکە دابخات. هەروەها دەتوانین بڵێین فێڵباز و مرۆڤخۆرن، هەر بۆیە لە زۆربەی چیرۆکەکانی کۆبانیدا ڕۆڵێکی خراپیان هەیە.

KURDŞOP
764 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!