پیشەی جۆڵایی لە کوردەواری – بەشی 11

 

لەیلا نوورانی

 

لۆکە / پەمۆ

بەری گیایەکی کورتەباڵای گەڵا پانە. ڕەنگی سپییە و بە کلوو یا قۆزاخە لێدەکرێتەوە. لە نێوەڕاستی بەرەکەدا دەنکێکی ورد هەیە کە هەم خۆراکی ئاژەڵە و هەم ڕۆنی لێ‌ دەگیرێ. لۆکەی باش و هەرە پەسند ئەوەیە کە لیسپی باریک و درێژ بێ، چونکە جوان دەڕێسرێ و هەوداشی قایم دەبێ. بەپێچەوانەش لۆکەی خراپ لیسپی ئەستوور و کورتە. لۆکە دوای پاک کردنەوە، بە هەللاج دەکرێ و بە نەڕێسراوی دەخرێتە ناو کەوا و سیخمە و لێفە و دۆشەگ، بە خەڕەک دەڕێسرێ و بادەدرێ و جۆڵا دەیکاتە (جاو) و (خام) و بە تەنراوی لە لای خمگەر، ڕەنگ دەکرێ بۆ جلوبەرگی ژنانە و پیاوانە. بە لەپی دەستیش با دەدرێ و دەپەستێورێ و دەکرێتە پڵیتەی چرافتیلە و بە ڕۆن گەرچەک داییسێ.

لە کۆل دان

خستنی بووزوو لە ناو دەزگای کۆل، بۆ شەق کردن و لە دەق دانی.

 

لیسپ

پرزە داوی پەشم، کە وەکی داوی جاڵجاڵووکە زۆر ناسک و باریکە. لە کاتی ڕستندا، ئەو پرزە داوانە لێک دەهاڵێن و دەبنە هەودا. (بڕوانە: وێنەی 94).

ماشەر

گوڵۆڵە بەنی ڕەنگ نەکراوە کە لەسەر ئەژنۆ یا دەزگا، بە شێوەی ڕاست و چەپ هەڵدەکرێ و بەستەی تێدەکرێ تا ئاڵۆز نەبێ.( بڕوانە: وێنەی 95)

ماشەر، ئامادەکردنی بەنە بۆ ڕەنگ‌کردن لە لای خمگەر. (بڕ: وێنەی 96)

ماشەر هەڵکردن

کردنی گوڵۆڵە بەن بە ماشەر، لەسەر ئەژنۆ، یا لەسەر دەزگا، هەڵکردنی ماشەر لەسەر دەزگا، تەنیا بە شێوەی "ڕاستەوڕاست" دەکرێ. بەڵام لەسەر ئەژنۆ بە دوو شێوەی "ڕاستە و ڕاست" و "ڕاست و چۆپ" ساز دەکرێ. " ڕاستەوڕاست " بریتییە لە لێهاڵاندنی بەن، لەسەر دوو ئەژنۆ، بە شێوەی ئاسایی، "ڕاست‌ و چۆپ" بریتییە لە لێهاڵاندنی بەن، لەسەر دوو ئەژنۆ، بە شێوەی "زەربدەر" ، واتا دەورێک بەسەر ئەژنۆی ڕاست و دەورێک بە ژێر ئەژنۆی چەپدا. (بڕ :وێنەی 95).

مەرەز

تووکی چەشنێک بزنە، کە لیسپی درێژ و نەرم و قایمە، لە کاری تەنیندا بووزوو و بەرماڵی لێ ساز دەکرێ و لە کاری چنیندا سەرکڵاوە و گۆرەوی و دەستەوانە و کراسی لێ‌دەچندرێ. هەمووی ئەو بەرهەمە دەست‌کردانە دەکرێ بە بەنیش دروست بکرێن، بەڵام ئەوەی لە مەرەز بێ، لە جسندا باشترە و نرخیشی زیاترە و پەسندترە. (بڕ: وێنەی 97).

نانەوە

بریتییە لە ڕایەڵ‌کردنی بەن لەسەر کارخانەی نانەوەدا. (بڕ: وێنەی 98) ئەم دەستە بەنە دوای ڕایەڵ‌کردن، لە کارخانە جوێ دەکرێتەوە و دەبێتە تروندە.

ئیدیۆم لە زماندا:

جاجم نانەوە: بێکارە بوون یا بە کار و ئیشی خۆڕایی و بێهوودە ڕابواردن.

فڵانەکەس جارێ خەریکە جاجمی دەنێتەوە یانی ئێستا بێکارە و دانەمەزراوە.

نیو پێ

ئەندازەیەکی درێژایی‌یە بە مەودای دە گرێی بەن‌گورد لەسەر دارگورد.

 

وێنە لەبەر گرتنەوە / وێنە لە ڕوو هەڵگرتنەوە / وێنە لەبەر هەڵگرتنەوە:

لە پێش خۆ دانانی نەخشێکی پێشتر چنراو و چنینەوی سەرلەنوێی.

 

هەڵبەستن

کاتێک جۆڵا کرەکە تەواو دەکا و دەیبڕێ و لەسەر دەزگای لادەبا، ڕایەڵەکە هەندی بستێک بە زیادەوە دەبڕێ. تا دوایە ئەو بەنە زیادییە بە مەودایەکی هاوئەندازە و ڕێک، ببەسترێ تا "پۆ "یەکان شل نەبنەوە و دەرنەکێشرێن. (بڕ: وێنەی 99).

هەڵبەستنی جاجم و بەرماڵ وپۆپەشمین کارێکی ژنانەیە. هەڵنەبەسترانی کر، نیشانەی نوێ بوونێتی، کەوایە پەسند نییە لە لای جۆڵا هەڵبەسترێ و بچتە بازاڕ، بەڵکوو کڕیار بە هەڵنەبەستراوی دەیکڕێ و خۆی لە ماڵ هەڵیدەبەستێ، یا دەیدا بە شارەزایەک هەتا بۆی هەڵبەستێ. هەڵبەستنی کر بە شێوەگەلی "گوڵینگە" ، "زنجیرە" ، "گاوگێرە/ بن‌گرێ" و "گەنم‌وجۆ" ئەنجام دەدرێ.

تێبینی‌: بادانی ڕیشووی دەوراندەوری پێچی پیاوانیش هەڵبەستنی پێ دەگوترێ و کارەکە بریتییە لە پێج‌بادان یا پێچ‌هەڵبەستن.

با

یەک کەڕەت سووڕاندنی تەشی بە زەبری نێوان لەپی دەست و ڕان، تا ڕاوەستانی تەشی. بەن بە یەک با خاو دەبێتەوە، بایەی دیکەشی دەوێ.

 

بادان

لە دەوری یەک هاڵاندنی دوو لۆی بەن بە تەشی، بە پێچەوانەی نەزمی ڕیسەکە، واتا ئەگەر بەنەکە بە لای چەپەدا ڕێسرابێ، لە باداندا ئەشێ بە ڕاستدا بادرێ، هەروەها ئەگەر بەلای ڕاستدا ڕێسرابێ، ئەشێ لە باداندا بۆ لای چەپ بابدرێ:  ئەگەر نەزمی ڕیسەکە و بادانەکە هەر دوو بۆ یەک لا بێ، ئەوە ڕیسەکە خاو دەبێتەوە. کەوایە نەزمی ڕستن و بادان پێچەوانەی یەکترن. بە بادانی بەن، کاری ڕستن دوایی دێ و بەن ئامادە دەبێ بۆ ڕایەڵ کردن لەسەر دەزگای جۆڵایی، یا کردنی بە ماشەر و ناردنی بۆ لای ڕەنگڕێز، ئەگەر بەن زیاتر لە ڕادەی پێویست بادرێ "گشت " یا "کرژ " دەبێ، ئەگەر نەرمتر لە ڕادەی پێویست بادرێ "خاو " دەبێ.

باریکان

خوری یا مەرەزێک کە باریک ڕسترابێ.

 

باریکان ڕستن

باریک ڕستنی خوری یا مەرەز. باریک ڕستن تایبەتی کاری دانستە و بەنرخە، وەک بەرماڵ یا ڕەنک و چۆغەی مەرەز. لەم‌ کارەدا تەشی‌ڕێس دەنکێک زەنگیانە یا پووڵەکەیەک بە سەرەتای هەوداکەوە دەکا و تا دوایی کارەکە بە پتە لەگەڵ خۆی دەیبا، تا سەرجەمی ڕیسەکە بە یەک ئەندازە بێتە دەر. تەشی‌ڕێس بۆ ڕیسی باریک، پتە توندتر دەگوشێ و بە پێچەوانەش بۆ ڕیسی نە زۆر باریک، پتە شڵتر دەگوشێ.

بڕینەوە

هەڵپاچینی پەشم و مووی ئاژەڵ بە " برینگ " یا مەکینەی تایبەت.

 

بن‌دانەوە

لێک بڵاوکردنەوەی پەشم یا لۆکە بە دەست، و جیاکردنەوەی کڕێژ و دڕک و داڵ و ئەو مڵۆزمانەی کە لە کاتی ڕستن، تەنین یا چنیندا دەبنە دڵۆ و هۆی ناحەز بوون یا خراپ بوونی دەزوو.

 

بنۆک

پەشمی ئاژەڵ لە کاتی بەشانە کردندا، لێک دەپشکنرێ و ئەو بەشەی کە لیسپی کورتە بە بنی شانەوە دەمێنێ. (بڕ: وێنەی 100A) لێ‌دەکرێتەوە و بە " خاوک " دەڕێسرێ بۆ تەنینی شتی قولۆر یا لە جێی پەڕۆ و پاڵ دەخرێتە ناو دۆشەگ و دۆشەگەڵە.

بە تەشی‌ڕێس دان

دانی خوری یا مەرەز بە کەسێک، بۆ ڕستن، لە بەرامبەر مزە و حەق‌دەستێکی دیاریکراودا.

 

بەرگن

تووکی بەرخە لە بڕینەوەی یەکەمجاری‌دا. سەبارەت بەوە کە لیسپی کورتە، ناڕێسرێ، تەنیا دەشۆرێ و بەشوو دەکرێ و "لباد " و "پەستەک" و "کەپەنک"ی لێ‌دروست دەکرێ.

 

بەرەتەشی

پارچە دارێک یا کانزایەکە بۆ قورس کردن و لەنگەر ڕاگرتنی تەشی، وەسەر کلکی تەشی دەخرێ. (بڕوانە: وێنەی 101) تەشی لە سەرەتای کارکردندا، کە هێشتا بەنی لەسەر کۆ نەبووەتەوە و بەتاڵە، سووکە و لە سووڕاندا قۆرتە دەکا و بەنەکە دەپسێنێ، بەنی ڕێسراو کە لەسەر تەشییەکە خڕ بووە و لەنگەری تەشی ڕاوەستا، ئیدی پێویست بە بەرە تەشی نییە.

بەرەتەشی لێکردن: بەرەتەشی وەسەر تەشی خستن.

بەشانە کردن

کردنەوە و لەبەر یەک پشکنینەوەی پەشمی ئاژەڵ بەهۆی ئامرازی "شانە". (بڕوانە: وێنەی 102). بەشانە کردن کارێکی ژنانەیە و لەم پشکنینەوەیەدا سەرۆک و بنۆکی پەشم لەیەک جیا دەکرێنەوە. لە شانەکردندا، پنجێک خوری بە دەستەوە دەگیرێ و لەسەرڕا بە دەرزییەکانی شانە دادەدرێ و بە توندی دەست بۆ لای ڕاست و چەپ دەکێشرێ، لەم پێدادانەدا وا هەیە کە قامک بکەوێتە سەر دەرزی و بریندار بێ. لە باوەڕی ڕەمەکیدا کڕێژی خورییەکە دەخەنە سەر برین.

بەشوو کردن

بە شوولک لێدانی کوڵکە و پشکنینەوەی لە جیاتی بەشانە کردن. (بڕوانە: وێنەی 103) هەندێ تووکی وەک "برگن"، "ڕۆنگ" و "کووروو" کە بەهۆی زۆر ناسک و زەریف بوون، یا کورت بوونی لیسپ، وەبەر شانە نایەن، لە شوێنێک کۆ دەکرێنەوە و بە شووڵ لێیان دەدرێ تا بپشکنرێن.

بەن‌ بادان: بادان

 

(سەرچاوە: گەشتێک بە کارگەی جۆڵایی‌دا، عەبدوڵڵا سەمەدی)

KURDŞOP
660 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!