هۆرە کۆنترین ئاوازی وڵاتەکەمانە

سۆلین ورمێ

ئێمە لێرەدا باس لە ئاوازێکی کۆنی کوردەواری دەکەین کە وەک ئەدەبیاتی زارەکی دادەنرێت و پێی دەگوترێت "هۆرە"؛ هۆرە ئاوازێکی کۆن و زۆر مانادارە، ئەم ئاوازە کۆنترین ئاوازی وڵاتەکەمانە و مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە کە سینگ بە سینگ هاتووە و گەیشتووەتە نەوەی نوێ. ئەو جۆرە ئاوازانە کەمتر لە شێوەی نووسراودا بەردەستن، زیاتر لە ڕێگەی ئەدەبیاتی زارەکییەوە دەناسرێن.

هۆرە بە گشتی مەقام و شێوازێکی جیاوازی هەیە. زانراوە مێژووی هۆرە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٤ هەزار ساڵ لەمەوبەر و لە سەردەمی زەردەشتەوە هاتووە و یەکێکە لە کۆنترین ئاوازەکانی کوردی.

مێژووی هۆرە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئایینی زەردەشتی؛ لە بەشێکی کتێبی "ئاڤێستا"دا دەقێک هەیە بە ناوی "گاتا" کە جۆرێکە لە شیعر و ئەو ئاوازە بۆ هیواخواستن و دوعاکردن لە "ئەهورا مەزدا" و "یەزدان" (خودای زەردەشت) بەکار هاتووە. زانراوە کە هۆرە لە "ئەهورا مەزدا"وە هاتووە. بە بڕوای مێژوونووسان، هۆرە لە سەردەمی ئایینی "میتراییزم"یشدا بوونی هەبووە؛ هەندێک لە توێژەرانی دیکە پێیان وایە مێژووی هۆرە زیاتر لە ٥ هەزار ساڵە. وەک چۆن ناتوانین بڵێین هۆرە یەکەم شیعر یان مێلۆدیی کوردییە، ناتوانین بە دڵنیاییەوە مێژووەکەشی قەبووڵ بکەین، ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە هۆرە ئاوازێکی کۆن و ڕەسەنی کوردییە و بنەمای مۆسیقای کوردییە لە بەشەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ ڕەنگە کاتێک مرۆڤ زمانی ناسی و لە زاگرۆس نیشتەجێ بوون، هۆرەش لەنێویاندا پەرەی سەندبێت و بۆ نیشاندانی خەم و دڵخۆشیی خۆیان ئەمەیان گوتووە و ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە هۆرە میراتی بەنرخی باب و باپیرانمانە.

لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک پارێزگاکانی لوڕستان، ئیلام، کرماشان، سنە و لە شارەکانی باشووری کوردستان وەک خانەقین و دەڤەری گەرمیان و هەندێک شوێنی دیکە، هۆرە دەگوترێتەوە. بەڵام ئەو ئاوازە کۆنە، بەهۆی زاراوەی جودای کوردی و هەبوونی ئاوازی تایبەت بە خۆی لە ناوچەکانی کوردستاندا، وەک ئاوازی تری کوردی نەیتوانیوە جوگرافیای خۆی بەرفراوان بکات.

هۆرە پێشتر بۆ ئایین گوتراوە، ئایینی سەردەمی زەردەشت؛ پاشان هۆرە بوو بە خاوەن چەندین ستایل و مەقامی جیاواز. لەنێو هۆرەدا "سارووخانی"، "سەهری"، "سەرکووەچەر"، "قەتار"، "سوار سوار"، "دوو دەنگی" و... هتد دەگوترێت. ناوەڕۆکی هۆرە باس لە خۆشەویستی و دڵداری دەکات و زۆرجاریش بۆ خەم و خۆشی و حەماسی دەچڕدرێت. ئاوازێکی تری وەک هۆرە هەیە و لقێکە لە هۆرە و پێی دەگوترێت "موور". ئەو ئاوازە لەسەر مردووەکان دەگوترێتەوە، زۆرجار بۆ کەسانی بەناوبانگ کە گیانیان لەدەست دەدەن، دەگوترێتەوە.

هۆرەبێژان تەنیا پیاو و پیر نین، بەڵکوو ژنانی کوردیش ئەم ئاوازە دەڵێنەوە (لە ناوچەکانی هەورامان و کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەو کەسانەی کە سیاچەمانە و هۆرە دەڵێن، بە گۆرانیبێژ ناویان نابەن، پێیان دەڵێن "هۆرەچڕ" یان "سیاچەمانەچڕ"). ژنانی وەک "ئاهۆ"، "نیگار"، "ڕەیحان" و "ئەسرین" (ژنانی هۆرێبێژن و خەڵکی شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن) نموونەی ژنانی کوردن کە ڕێگە نادەن فۆلکلۆری دێرینی کورد لەنێو بچێت.

هۆرە مێژووی کوردی بە شێوەی زارەکی گەیاندووەتە نەوەی نوێ. ئەگەر مێژوویەکمان لەو ناوچانەی کە هۆرەی لێ گوتراوە، لەبەر دەستدا بێت، ئەوە بەهۆی ماندووبوونی ئەو کەسانەیە کە لە ڕابردوودا بە چڕاندنی هۆرە، توانییان ئەو مێژووە سینگ بە سینگ بگەیەننە توێژەران و مێژوونووسانی کورد. هۆرە ڕووبارێکە لە ڕەمز، هەست و وشە کە لە دڵی مێژووەوە ڕژایە نێو دڵی نەوەی نوێ. هۆرە دەنگی لێدانی دڵی نەتەوەی کوردە. ئەدەبیاتی نووسراو قەرزداری هۆرەیە و ئەدەبی نووسراو سوودی زۆری لە هۆرە وەرگرتووە. لە ڕابردوودا نووسین لەنێو گەلی کورددا زۆر دەگمەن بوو، ئەو کەسانەی هۆرەیان چڕیوە، بە شێوەیەکی لێزانانە وشە ڕەسەنە کوردییەکانیان پاراست بۆ ئەوەی بیانگەیەننە دەستی نووسەران.

لە ڕاستیدا مرۆڤ دەتوانێت بڵێت ئەگەر ئەمڕۆ زمانەکەمان زیندووە، پێویستە قەدری ئەو ئەدەبیاتە زارەکی و کولتوورە ڕەسەنەی وەک "بەیت، سیاچەمانە، لاڤک و هۆرە" بزانین کە سینگ بە سینگ هاتووە و گەیشتووەتە نەوەی نوێ.

لە ئێستادا و لەنێو کۆمەڵگەدا، زۆرێک لە ئاوازە فۆلکلۆرییەکانی کوردەواری لاوازی بەخۆیانەوە دەبینن و مەترسیی لاوازیی زیاتریان لەسەرە. بەداخەوە نەوەی ئێستا گرینگییەکی ئەوتۆ بەو ئاوازە فۆلکلۆرییانە نادات.

مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، سەرەڕای ئەوەی هاتنی تەکنۆلۆجیای نوێ هەم لایەنی ئەرێنی و هەم لایەنی نەرێنیی هەیە، هەندێک جار ئەو تەکنەلۆجیایە بووەتە نەخۆشییەک بۆ فەرهەنگی جیهانی سێهەم، چونکە ئەمڕۆ دەبینین کە ئەگەر منداڵی کورد لەگەڵ کەسوکاری خۆی لە ماڵی خۆیان بن، لەبری ئەوەی گوێ لە هۆرە و ماناکەی ڕابگرن، گوێ لە مۆسیقای تورکی و فارسی ڕادەگرن؛ ڕەنگە زۆربەی منداڵە کوردەکان زانیارییەکی باشیان لەسەر هونەرمەندە بیانییەکان هەبێت، بەڵام لە ڕاستیدا تەنانەت ناوی زۆرێک لە هونەرمەندە بەناوبانگەکانی کورد نازانن. پاراستنی ڕەسەنایەتی و کولتووری کۆنی کوردەواری، ئەرکی هەموو کوردێکە.

KURDŞOP
689 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!