دل قاقژی، چاڤ پلقژی

شێوازی خۆپاراستن لە چاو و نەزەر زۆرن، شێوازێکی جیاوازیان بۆ هەر شتێک دروست کردووە و خەڵک دەتوانێت یەک بە یەک قسەیان لەسەر بکات، بەڵام بەربڵاوترینیان و بەپێی ئەوەی دەگوترێت سوودی هەیە، تواندنەوەی "سورپ"ە.

نووژین دەمر

براکەم لەناکاو بێ هۆکار لاواز بوو و دەموچاوی بەردەوام زەرد هەڵدەگەڕا، وا دیار بوو تووشی نەخۆشییەکی سەخت بووبێت. براکەم چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی بچێتە نێو ئەم دۆخەوە بە سەرکەوتوویی قوتابخانەکەی تێپەڕاندبوو، دایکم پێی وابوو کە چاویان لێ داوە و وەبەر نەزەر کەوتووە، بۆیە بانگی کردم بۆ ئەوەی "سورپ" بتوێنینەوە.

تا ئەو کاتە تەنیا "تواندنەوەی سورپ"م بیستبوو کە شێوازێکی چارەسەرکردن و پاراستنە لە نەزەر، بەڵام مانا و شێوازەکەیم نەدەزانی.

نەزەر لە فەرهەنگی کوردیدا ترسێکی گەورەی لە دڵی کۆمەڵگەدا خوڵقاندووە. نەزەر وەک نەخۆشییەک سەیر دەکرێت کە ئەگەر چارەسەر نەکرێت و ڕێگریی لێ نەکرێت، ئەنجامی خراپی دەبێت، بۆیە لە میتۆلۆجیی کوردیدا جێگەی تایبەتی هەیە.

ئەو ڕۆژە تێگەیشتم کە تەنیا دایک و کچ دەبێ "سورپ" بتوێننەوە؛ هەر کەسێک نابێ دەستی بۆ ببات و پێویستە لە شەوی هەینی، لە کاتی خۆراوابوون بێت (کاتی مەغریب).

سەرەتا سافییەکمان هێنا. پاروویەک نان و بڕێک خوێ لەسەری، پیوازێک، سەرپاییەکی منداڵان، شانەی قژ، ئاوێنە، مەقەست و قاپێکی ئاسنیی پڕ لە ئاومان دانا.

هەر یەکێک لەمانە مانا و مەبەستی خۆی هەیە:

سافی: بۆ ئەوەی نەزەرەکان لە ژێرەوەیدا دەربچن.

نان و خوێ: لە ماڵ دەردەچن، دەکەونە بەر ناڕەحەتی و بەڵا.

پیواز: تیژی و بۆنەکەی، چاوی نەزەر دەسووتێنێت.

سەرپایی: شتێک کە بەهایەکی کەمی هەیە خۆی بخاتە بەر چاوی نەزەر.

شانە: لەبەر ئەوەی قژی ئاڵۆز جیا دەکاتەوە؛ قژی ئاڵۆزیش نیشانەی بەختی خراپە.

مەقەست: بۆ بڕینی نەزەر.

ئاوێنە: نەزەرەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنەکەی.

ئاو: بۆ ئەوەی سورپی تواوی تێ بخەیت.

سورپەکەمان لەسەر ئاگر بە کەوچکێک توانەوە تا گەیشتە حاڵەتی شل، سورپە تواوەکەم بەسەر سەری براکەمدا گرت و دواتر دایکم سورپەکەی فڕێدایە ناو ئاوەکە و سێ جار بەسەریدا گوتمان:

"دل قاقژی، چاڤ پلقژی."

تا سێ جار سورپەکەمان دەتواندەوە و فڕێمان دەدایە نێو ئاوەکە، هەر جارێک دایکم دەیگوت:

"ئا وا یە لێ بنێر، تەڤ بوویە چاڤ و دووپشک."

دوای ئەوەی تەواومان کرد، نان و خوێ و پیوازەکەمان برد و خستمانە شوێنێک لە دەرەوەی ماڵ، بۆ ئەوەی پێویست بێت لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە ئاوڕێک لە دواوە نەدەینەوە؛ ئاوی ناو قاپەکەمان لە هەموو گۆشەی ماڵەکەدا ڕشت.

دایکی منیش وەک زۆر کەس پێی وایە وزەی نەرێنیی کەسێک بەرامبەر بە تۆ دەتوانێت کاریگەریی نەرێنیی لەسەرت هەبێت و ببێتە هۆی نەخۆشی، هەندێکجار تەنانەت مردنیش؛ پێشینییەکانمان گوتوویەتی: "نیڤێ مەرزەلان ژ نەزەران ە". بۆیە لەبارەی نەزەر، زۆر چیرۆک، ڕێگا و شێوازی پاراستن و شێوازی چارەسەرکردنیش هەیە، بەتایبەتی لە ناوچەکەماندا؛ لە کۆبانی.

ئەگەر مرۆڤ سەرنج بە شێوازەکانی تواندنەوەی سورپ بدات، کۆنبوونێکی تێدا دەبینێتەوە، شرۆڤەی بەکارهێنانی هەر کەرەستەیەک بۆ لابردنی نەزەری خراپ جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمە کۆنەکان.

شێوازی خۆپاراستن لە چاو و نەزەر زۆرن، شێوازێکی جیاوازیان بۆ هەر شتێک دروست کردووە و خەڵک دەتوانێت یەک بە یەک قسەیان لەسەر بکات، بەڵام بەربڵاوترینیان و بەپێی ئەوەی دەگوترێت سوودی هەیە، تواندنەوەی "سورپ"ە. ئەم کەلتوورە لەنێو هەندێک نەتەوەی جیاوازدا هەیە، وەک تورک و عەرەب، بەڵام بە بڕوای گەورەکانمان، بە ڕەچەڵەک کوردییە.

پێش ئەوەی بابەتەکەم تەواو بکەم، دەمەوێت پێتان بڵێم کە "مارێکی ڕەش لە پشت ئێوەیە" (ئەم ڕستەیە ڕێگایەکە بۆ دوورخستنەوەی نەزەری خراپ)، بۆ ئەوەی کەس نەزەر لەم بابەتە نەکات!

KURDŞOP
514 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!