سەردەستیی ژنان لە فۆلکلۆری کوردیدا – ١

بە گوتەی "ئالاکۆم"، لە چیرۆکی کوردیدا، یەکێک لە ڕۆڵ و نەخشە هەرە دیار و بەکارهێنراوەکان، دۆخی ژنانە، بە تایبەت ڕزگاریی ژنان.

بەهرام گەردوونی

"سەردەستیی ژنان لە فۆلکلۆری کوردیدا" ناوی کتێبێکی لێکۆڵینەوەی "ڕۆحات ئالاکۆم"ە کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٩٤دا لەژێر ناوی "ڕۆحات" لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی "نوودەم" لە ستۆکهۆڵم و بۆ جاری دووەمیش لە ساڵی ٢٠١٣ لەژێر ناوی "ڕۆحات ئالاکۆم" لەلایەن چاپخانەی ئاڤێستا لە ئەستەنبوڵ چاپ و بڵاو کرایەوە. لەم بابەتە دوو بەشییەدا تیشک دەخەینە سەر ناوەڕۆکی چاپی یەکەمی ئەم لێکۆڵینەوەیە و بە کورتی باس لە چۆنیەتیی وێناکردنی ژنان لە فۆلکلۆری کوردیدا دەکەین.

ستوونێک لە چیرۆکبێژیی کوردی: ڕزگاریی ژنان

بە گوتەی "ئالاکۆم"، لە چیرۆکی کوردیدا، یەکێک لە ڕۆڵ و نەخشە هەرە دیار و بەکارهێنراوەکان، دۆخی ژنانە، بە تایبەت ڕزگاریی ژنان. لەو چیرۆکانەدا ژن لەگەڵ خولیاکانیان یەک دەگرن و دەگەنە ئامانجەکانیان و پێکەوە شاد دەبن. لە کۆتاییی چیرۆکەکەدا، زۆر جار ژنانی خراپیش سزا دەدرێن و دەکوژرێن.

١- وڵاتی هات و نەهات: لە زۆر چیرۆکدا پیاوان بۆ گەیشتن بە ژن و هاوسەرگیری لەگەڵیان، گەشتێکی دوورودرێژیان لە پێشە، ئەوان تەنیا و تەنیا دەبن. چونکە ئەو شوێنەی کە دەبێ لێی تێپەڕن، پڕە لە ئازار و ناخۆشی و زەحمەت و بە "وڵاتی هات- نەهات" ناو نراوە. بەڵام لە کۆتاییی چیرۆکەکاندا وەک بووک و زاوا دەگەڕێنەوە ماڵەوە و پێکەوە شاد دەبن.

٢- کچانی پادشاکان: لە زۆربەی چیرۆکەکاندا کەسانێک دەچنە خوازبێنیی کچی پادشایەک. پادشایش هەندێک مەرجیان بۆ دادەنێت، ئەگەر جێبەجێی بکەن، دەگەنە ئاواتەکانیان، ئەگەر جێبەجێی نەکەن، سەریان دەپەڕێندرێت. لە کۆتاییدا ئەوانیش دەگەنە ئاواتی خۆیان.

٣- بازنەی دەوری ژنان تەسک دەبێتەوە: لە هەندێک چیرۆکدا پادشاکان دڵیان بۆ ژنانی تر لێ دەدات، بەڵام ناتوانن بەدەستیان بێنن. مەلاکان لە چیرۆکەکاندا زۆرتر وەک ژنباز و دۆخینسست وەسف دەکرێن. لە هەندێک چیرۆکدا پیاوە کوڵم ڕەشەکان تەنانەت دەبنە هۆی مردنی ژنەکانیان.

٤- نەخشی "کچی ژیر": لەم ڕۆڵ و نەخشەدا زۆرجار ژنان بە تێگەیشتن و زانست و پێگەیشتنیان بەسەر زۆری پیاواندا زاڵ دەبن.

٥- گرووپی ژنە خراپەکان: یەکێک لەو گرووپانە باوەژنەکانە کە باوک و منداڵان دەکەن بە دژی یەکتر. خەسوویش وەک باوەژنەکان بە دڵڕەقی و بێ ویژدانی ناسراون. شەڕ و ئیرەییی هەوەکان و کوشتنی یەکتر. ژنە پیرەکان لەم چیرۆکانەدا وەک کەسانی بێ باوەڕ و سێحرباز دەردەکەون. ژنانی خێزاندار پیاوەکانیان هەڵدەخەڵەتێنن و خەیانەتیان لێ دەکەن.

٦- چەند چیرۆکی ژیانی ڕاستەقینە: لە هەندێک چیرۆکدا کاتێک شەڕ لەنێوان دوو هۆزدا ڕوودەدات، کچان بە یەکتر دەبەخشن و پێکەوە ڕێک دەکەون. لە هەندێک حاڵەتدا ژنان هۆکاری مردنی زۆرێک لە خێزانەکانن. لە هەندێک چیرۆکدا دوو برا یان دوو هاوڕێ کچێکیان خۆش دەوێت، یەکێکیان ئەوی تریان دەکوژێت و هاوسەرگیریی لەگەڵ دەکات، بەڵام دڵی کچەکە لای مردووەکەدایە، ئەویش خۆی دەکوژێت.

٧- ژنانی چیرۆکی: زۆربەی پاڵەوانەکانی چیرۆکەکان، کاتێک دەچنە سەفەرێک، دەچنە وڵاتی هات- نەهات، تووشی کچی دێو، هووت، جن و هتد دەبن. ئەم کەسانە مرۆڤی باشن و دژی باوکیانن، ئاشقی پاڵەوان دەبن و لە کۆتاییدا هاوسەرگیرییان لەگەڵ دەکەن.

٨- خەبات و سەرکەوتنی ژنان: لەم چیرۆکانەدا ژنان بە توندی لە دژی نادادپەروەرییەکان دەوەستنەوە و شەڕ دەکەن. لەلایەکەوە وەک پێشەنگ و سەرکردە ڕێگا بە پیاوان نیشان دەدەن و ڕۆڵی ژنانی تێکۆشەر لە چیرۆکەکاندا دەگێڕن.

شیکارییەک بۆ عەقڵییەتی ژنپارێز لە گوتەکانی ئێستادا

گوتنەکانی پێشوو، زانیارییەکی زۆری کۆمەڵناسی سەبارەت بە دۆخی ژن دەخەنە ڕوو. لە سێبەری ئەم گوتانەدا مرۆڤ دەتوانێت بە ئاسانی پەیوەندییەکانی نێوان ژن و پیاو و بارودۆخی ماڵ و ژنان باشتر شی بکاتەوە.

١- ژن کانیی ژیانە: ئەمە گوتەیەکی پێشینییانە. بەپێی ئەم گوتەیە، ژنان بە هێنانی منداڵ بوونەتە نیشانەی خێر و بەرەکەت و واتایەکی نوێیان بە ژیان بەخشیوە. ئەم گوتەیە ئەوە دەردەخات کە کۆمەڵگە چۆن ڕوومەتێکی باشی بە ژنان بەخشیوە.

٢- ژن وەک ئاوادانکەرەوەی ماڵ: ژن نەتەنیا ئاوادانکەری ماڵە، بەڵکوو ماڵیش بەڕێوە دەبات و دەیپارێزێت.

٣- جێی دایکان پڕ نابێتەوە: بەپێی ئەم گوتەیە، کۆمەڵگە ڕێز و حورمەتێکی زۆری بۆ دایکان هەیە. جێگای دایکان پڕ ناکرێتەوە.

٤- یەکسانیی ژنان و پیاوان: کۆمەڵگە هەمیشە یەکسانیی ژنان و پیاوانی لە سەرووی هەموو شتێکەوە لەبەرچاو گرتووە، هەرگیز پیاو لە ژن بەنرختر و بەهێزتر و زیرەکتر نییە. هەردوو ڕەگەز وەک یەکن.

٥- نەخشی ژنی چاک و ژنی خراپ: کۆمەڵگە هەمیشە ژنە چاکەکەی ڕووسپی کردووە و ژنە خراپەکەی زەلیل کردووە. ژنانی فرەبێژ و فیتنە بە تایبەتی، خراپن.

٦- ساڵانی کچێنی: کۆمەڵگە کچان لە خراپە دەپارێزێت، نایانەوێت ناویان خراپ و ڕیسوا بێت. کۆمەڵگە دەیەوێت لەبەردەم هاوسەرگەریی نابەدڵدا ڕاوەستێت.

٧- شەڕی بووک و خەسوو: بەپێی ئەو قسانە، بووک و خەسوو ڕێک ناکەون. هەرچەندە خەسوو ناحەقیش بێت، بەڵام زۆرجار ناوی بووکەکە بە خراپە دەردەچێت.

٨- دۆخی نالەباری بێوەژنەکان: کۆمەڵگە زۆرتر بە خراپی ناوی بێوەژنەکان دێنێت. هەر بۆیە بێوەژنەکان زۆر دەترسن گومانیان لێ دروست بێت.

٩- ناڕەزایەتییەک دژی فرەژنی: بەم قسانە کۆمەڵگە هێرشیان کردە سەر ئەو پیاوانەی کە زیاتر لە ژنێکیان هەیە. تەنانەت پێکەوە ناگونجێن و دوا ژن لەوانی تر لە خراپە نزیکترە.

١٠- ژن و نامووس: ژنانی خراپ لەلایەنی نامووسەوە ڕەخنەی توندیان لێ گیراوە و بە ئاژەڵی وەک مانگا و هتد ناویان لێ نراوە.

KURDŞOP
542 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!