بزووتنەوەی ئایینی-کۆمەڵایەتی "حەقە" لە کوردستاندا

 

دیاکۆ شاسواری

 

پاش ئەوەی "تەریقەتی نەقشبەندی" لەسەر دەستی "مەولانا خالید نەقشبەندی" لە کوردستان پەرەی ستاند، مەولانا هەوڵی دا ئەو تەریقەتە، شێوازی بیرکردنەوەی، پێوەندییە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی کە ئەو تەریقەتە پێناسەی کردبوو، تەنیا لە لای ئەو نەمێنێتەوە. هەر بۆیە کەسێکی بە نێوی "شێخ ئەحمەدی سەردار" ڕاسپارد تا لە بڵاوکردنەوە و گەشەپێدان بە تەریقەتی نەقشبەندی لە کوردستاندا یارمەتیدەری بێ. پاش شێخ ئەحمەدی سەردار، بە شێوەی بەرودوا ئەو کەسانەی بوونە ڕێبەری ئەو تەریقەتە بریتی بوون لە: "شێخ قادری سوور"،"شێخ ڕەزای عەسکەر "،"شێخ محەممەدی ئیلەڵڵا"،"حاجی شێخ مستەفا"،"شێخ مەلا ئەحمەدی گەڵنێری". هەرکام لەوانە لە یەکێک لە ناوچەکانی کوردستان چالاک بوون و مورید و پەیڕەویان بۆ تەریقەتی نەقشبەندی زیاد کرد. پاش هەمووی ئەوانە "شێخ عەبدولکەریمی شەدەڵە" تەریقەتی نەقشبەندی وەردەگرێ و دەست دەکا بە بڵاوکردنەوەی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا. شێخ عەبدولکەریم بیر و باوەڕی ئەو تەریقەتە لە ناوچەکانی دووکان، بەکرەجۆ، چوار قوڕنە، ژاراوە، سەنگەسەر، بازیان، و زۆر ناوچەی دیکە پەرە پێ دەدا و تەنانەت پارێزگاکانی کەرکووک و هەولێریش دەبێتە پانتای چالاکییەکانی.

شێخ عەبدولکەریم شەدەلە

 

بەڵام شێخ عەبدولکەریم سەرەڕای ئەوەی بەشێکی زۆر لە بنەماکانی تەریقەتی نەقشبەندی و بیرکردنەوەی ئەو تەریقەتە دەپارێزێ، بەپێی دونیابینییەکی کە بۆ خۆی بوویەتی، هەندێک ئاڵوگۆڕ لە شێوەی بیرکردنەوەی ئەو تەریقەتەدا بەدی‌دێنێ و ڕێبازێکی تازەی فکری و دونیابینییەکی نوێ دادەمەزرێنێت. ئەو دونیابینی و ڕێبازە نوێیە ناوی "ڕێبازی حەقە"ی لەسەر دادەنرێ.

شێخ عەبدولکەریم شەدەلە

 

 ڕێبازی حەقە بە تەنیا ڕێبازێکی ئایینی نەبوو، هەرچەند وەکی پێشتر کوترا ڕێبازی نەقشبەندییش هەوڵی دابوو لە هێندێ بڕگەی بیرکردنەوەیدا، بابەتی نیشتمان و شوێنی ژیان بۆ لایەنگرانی خۆی گرینگ بنوێنێ، بەڵام شێخ عەبدولکەریمی شەدەڵە حەول دەدا ئەو ڕێبازە ئایینییە ئاوێتەی شێوەبیرکردنەوەی کۆمەڵایەتی و ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی بکا. واتە گرنگایەتییەک کە ڕێبازی حەقە یا شێوازی بیرکردنەوەی شێخ عەبدولکەریمی شەدەڵە بووی و جیاوازییەک کە لەگەڵ تەریقەتەکانی دیکە دەیخستە ڕوو، ئەوەیە کە تەریقەتەکانی دیکە زیاتر پردێکی پەیوەندی بوون لە بەینی ژینگەی مرۆڤی ئاییندار لەگەڵ دنیای ئەوپەڕی سروشت. واتە ئەو تەریقەتانەی دیکە ڕوویان لە ئاسمان بوو. هەموو تەریقەتەکانی پێش تەریقەتی شەدەڵە، مرۆڤیان ئامادە دەکرد بۆوەی پەیوەندی لەگەڵ سەرووی خۆی و لەگەڵ ئاسمانەکان پتەو بکا. لە لایەکی دیکەوە مرۆڤ ئامادە دەکرا بۆ ژیانێکی پڕ لە خۆشی و جوانی لەوبەری ئەو دونیایەی تێیدا دەژین. لەوپەڕی ئەو سروشتەی ئێمە دەیناسین.

ئیجازەی مەلایەتیی شێخ عەبدولکەریم شەدەلە

 

ئەگەرچی ڕێبازی حەقە ئەو پەیوەندییە ڕۆحییە لە بەینی مرۆڤ و خودادا دەپارێزێ، بەڵام بەر لەوەی مرۆڤ ئامادە بکا بۆ ژیان لە جیهانێکی دیکە کە دەستی هیچ مرۆڤێکی پێ ڕاناگا، وەک هەموو فەلسەفە و ڕێبازە فکرییە زەمینی و سێکۆلارەکان، هەوڵ دەدا مرۆڤ ئامادە بکا بۆ ژیان لە نێو کۆمەڵگایەکدا کە مرۆڤەکان دەستیان پێی ڕادەگا و تێیدا دەژین. لە سەر ئەو بنەمایە، شێخ عەبدولکەریم، هێندێک سەنتەر و ناوەند وەک ناوەندی لێوردبوونەوە بۆ بیری ئینسانەکان پێناسە دەکا، کە هەموو ئەو ناوەند و سەنتەرە بیرکردنەوانە لە خزمەت دابینکردنی ژیانێکی تەبا و ڕەبای کۆمەڵایەتی لەسەر عەرزییە. واتە ڕێبازی حەقە کە لایەنگری بەدیهێنانی حەق و ڕاستی لە ژیانی مرۆڤەکانە، پێی لەسەر عەرزی بەندە و لەسەر دنیای سروشتی دەژی.

شەجەرەی شێخانی حەقە

 

بنەماکانی بیرکردنەوەی ڕێبازی حەقە بریتین لە:

یەکەم: لە کۆمەڵگایەکی ئینسانیدا کە مرۆڤەکان بە دوو تاقمی "سەردەست" و "ژێردەست" دابەش دەبن، وەکی هەموو فەلسەفە مرۆڤییەکانی دیکە باسی دەکەن، شیمانە و ئیمکانی ئەوە هەیە کە سەردەستەکان مافی ژێردەستان زەوت بکەن. لەسەر ئەو بۆچوونە و بە پێی ئەو دونیابینییە کە کۆمەڵگا لە چین و توێژە نابەرابەرەکان پێکهاتوون، ڕێبازی حەقە لایەنگرانی خۆی هان دەدا بۆ ئەوەی لە نێوان سەردەستان و ژێردەستاندا، لایەنگری ژێردەستان بن و بەردەوام جەخت لە ماف و داخوازییەکانی ئەو چین و توێژ و کەسانە بکەن کە زوڵمیان لێ دەکرێ و مافیان زەوت دەکرێ. واتە ئەوان بە شێوەیەک لە بەینی دیاردە و پێوەندییە مرۆڤییەکانی کۆمەڵگادا، دادوەری دەکەن و لایەنی حەق هەڵدەبژێرن و سەرەتی دەدەن بەسەر لایەنی ناحەقدا.

 دووەم: خوشک و برایەتی و تەبایی گرینگە. دیارە بە پێی خوێندنەوەی ئێمە لە زۆربەی قوتابخانە فیکری و ئایینییە نەریتییەکان، بەو ئاکامە دەگەین بەردەنگی زۆربەی هەرە زۆری ئەو ڕێبازانە، جنسی پیاو و ڕەگەزی نێر بووە. بەڵام لەو ڕێبازەدا جەخت لەسەر ئەو بابەتە دەکرێتەوە کە هەموو ئەندامانی کۆمەڵگایەک بە ژن و پیاوەوە، بە نێر و مێوەوە، دەبێ پەیوەندیەکی دروست و هاوسەنگیان هەبێ. لەو پەیوەندیەدا هیچ جنسێک بەسەر جنسی دیکەدا سەرەتیی نییە.

خانەقای کەڵکەسماق لە خانەقا گرینگەکانی هەقە

 

سێهەم: بڕوابوون بە لەناوبردنی "توێژبەندی"ی کۆمەڵایەتی. لەو شێوە بیرکردنەوەیەدا گرنگی بە چینەکان نادرێ. واتە چینی زانا، دەرەبەگ، مەلا، ئاغا، شێخ، مامۆستا، کرێکار، جووتیار و هتد هەموو ئەو چین و توێژە کۆمەڵایەتییانە دەبێ بسڕدرێنەوە و هەموو مرۆڤەکان وەک یەک چاو لێ بکرێن. هەر بۆیە زۆرێک لە ئەندامانی سەر بەو ڕێبازە و تەنانەت ئەوانەی موڵکدار و لە چینی باڵای کۆمەڵگا بوون، دەستیان لە سامان و داراییەکانی خۆیان شوشتەوە و لەبەینی خەڵکیدا دابەشیان کرد.

 چوارەم: هاریکاریی کۆمەڵایەتی یا پشتگیریی کۆمەڵایەتی. لایەنگرانی ڕێبازی حەقە پێیان وابوو هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا لە پلەی یەکەمدا ئاستی تواناییە ماددی و تەنانەت مەعنەوییەکانیان وەکوو یەک نییە. هەر بەو پێیە هەندێک لە ئەندامانی کۆمەڵگا پێویستییان بە یارمەتیی زیاترە و پێویستە یارمەتی بدرێن بۆوەی ئاستی ژیانی خۆیان بێننە ئاستی دۆخی ئاسایی. هەموو ئەو کەسانەی لە کۆمەڵگادا دەژین لەسەر ئەو بیر و بۆچوونە حەولیان دەدا ئەندامانی ئەو ڕێبازە بەشێک لە دارایی و تواناییەکانی خۆیان پاشەکەوت بکەن و بۆ یارمەتیدانی کەسانی دەستکورت و نەدار کەڵکی لێ وەربگرن.

  پێنجەم: گرنگیدان بە پرس و ڕاوێژکردن، یا ئەوەی کە پێی دەڵێن "بیری بەکۆمەڵ". ئەگەر لە ڕێبازەکانی دیکەدا قورسایی ئەندێشە و بیرکردنەوە لەسەرشانی ڕێبەری تەریقەت و پێشەنگی ڕێبازەکەیە و هەر بەو پێیە دوای ئەو خەلیفە و دوای خەلیفە کەسانی ڕاسپاردەی ئەو گرنگایەتییان پەیدا دەکرد، دیسان شێوەیەک لە سازکردنی چینەکان لەنێو خودی ئەو بۆچوونانەدا ساز دەبوو. لە ڕێبازی حەقەدا پێیان وایە هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا و هەموو ئەو کەسانەی کە بڕوادار بە ڕێبازی حەقن، دەبێ بۆ بابەتە چارەنووسازەکانی کۆمەڵگا پرسیان پێ بکرێ و ڕاوێژیان لەگەڵ بکرێ. ئەوەی دواتر وەک پڕۆژەی کردەیی لە کۆمەڵگا دابەڕێوە دەچێ دەبێ سەنتێزی بیر و بۆچوون و ڕاوێژ لەگەڵ هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا بێ.

ئەشکەوتی مامە رەزاییەکان کە لقێک لە حەقە بوون. لە رووکاری گوندی تۆپزاوایە و لایەنگرانی ئەو رێبازە بۆ حەسانەوە و نهێنی پارێزی چوونەتە ئەوێ.

 

  شەشەم: پاراستنی نهێنییەکانی ئەو کۆمەڵەیە گرینگە. ئەو بنەمایە بەپێی لەبەرچاوگرتنی واقیعیەتی کۆمەڵگای کوردەواری، کۆمەڵگا ئایینی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستییەکان، لەسەر ئەوە دامەزرابوو کە ئەگەر ئەوان بەهۆی جیاوازییەکی زۆر کە لەگەڵ بیر و بۆچوونەکانی دیکە هەیانە، ڕاشکاوانە بیر و بۆچوونی خۆیان دەرببڕن و بانگەشەی بۆ بکەن، بۆی هەیە نەیارانی ئەوان هێرشیان بکەنە سەر. بەو پێیە ئەوان پابەندی ئەوە بوون کە زۆرێک لە نهێنییەکانی نێو لایەنگران و ئەندامانی ئەو ڕێبازە بپارێزن. هەر بۆیە دەتوانین بڵێین ئەو کۆمەڵگەیەی ئەوان پێکیان هێنابوو کۆمەڵگەیەکی تا ڕادەیەک داخراو بوو.

حەوتەم: گرینگیی ڕۆڵی ئافرەتان. وەک لە بنەماکانی پێشوودا باسمان کرد، ڕێبازی حەقە لە زۆرێک لە شێوەبیرکردنەوەکانی دیکە جیاوازە. ژنان بە پێی ئەو بیرکردنەوەیە بۆیان هەیە ڕا دەرببڕن. ئازادانە هاوسەر بۆ خۆیان هەڵبژێرن. ئازادانە پیشە و کار بۆ خۆیان دابین کەن و لە کۆمەڵگادا مافێکی بەرابەریان هەبێ.

هەشتەم: بە پێچەوانەی هەموو شێوە ڕوانینە ئایینیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو ڕێبازە لەسەر "تەبایی" و "وێکهەڵکردن" دامەزراوە. واتە جەختی لەسەر هزری دژەتوندوتیژییە.

ئەشکەوتی مامە رەزاییەکان کە لقێک لە حەقە بوون. 

 

نۆیەم: گەرچی ئەو ڕێبازە ئاراستەیەکی نەریتی بوو بەڵام، وەکوو ڕێکخراوە مۆدێڕنەکان، لایەنگرانی ڕێبازی حەقە لە باری کاروباری ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییەوە بڕوایان بە هەبوونی هەندێک ناوەندی بەڕێوەبردنی کۆمەڵایەتی هەبوو. هەر بۆیە تەکیە و خانەقاکانیان بۆ ڕێکخستنی کاروباری خەڵکی لە گوندەکان و لە ناوچەکان تەرخان دەکرد.

دەیەم: ڕێنماییەکانی ڕێبازی حەقە بۆ لەشساغی و باری تەندروستی سەرنجڕاکێشە. بۆیە دەیەمین بنەمای ئەو بیرکردنەوەیە بنەمایەکە کە باسی پەروەردەی لەش یا لەشساغی دەکا و  جەخت لەسەر نەکێشانی جگەرە و نەخواردنەوەی چا دەکا.

یازدەهەم: ئاخرین بڕگەی ڕێنماییەکانی ڕێبازی حەقە، جەختکردنە لەسەر وەچە و منداڵ نەخستنەوە. واتە ئەوان بڕوایان بە کۆنتڕۆڵی حەشیمەت و وەچەنەخستنەوە هەبووە. ئەگەرچی بۆ ئەو بابەتە پشتیان بە شیکاریی ئایینی بەستووە.

KURDŞOP
581 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!