تەریقەتی نەقشبەندی لە کوردستان و بنەما فیکرییەکانی ئەو ڕێبازە

 

دیاکۆ شاسواری

 

لە دوو سەدەی ڕابردوودا، وڵاتی کوردستان مەکۆی سەرهەڵدانی زۆر ڕێبازی فیکری و ئایینیی جیاواز بووە. هێندێک لەو ڕێباز و فکری ئایینی و کۆمەڵایەتییانە هەر لە کوردستانەوە سەریان هەڵداوە، بەشێکیش لقوپۆپ و وەچەی بیر و بۆچوونی بیرمەندان و ڕێبەرانی کۆمەڵایەتی و ئایینیی وڵاتانی دیکەن کە لە ڕێگای کەسانی ئیلیت و هەڵکەوتەی کوردەوە هێنراونەتە کوردستان. یەکێک لە ڕێبازە ئایینییەکان کە کاریگەریی زۆری لەسەر خەڵکی کوردستان هەبووە، ڕێباز یا تەریقەتی نەقشبەندییە کە لە سەر دەستی "مەولانا خالیدی نەقشبەندی" دەهێنرێتە کوردستان.

 مەولانا خالیدی  وەکی کتێبە مێژووییەکان و یەک لەوان کتێبەکەی "دکتۆر مەهیندوختی موعتەمیدی" لەبارەی نەقشبەندییەوە باس دەکەن، لە ١٨٠٨ی زایینیدا ڕوو دەکاتە وڵاتی هیندستان و لە شاری دێهلی بە خزمەت قوتبی ئەندێشەی نەقشبەندیی ئەو سەردەم واتا "شێخ عەبدوڵڵای دێهلەوی" دەگا. پاش ئەوەی سێ ساڵ لە خزمەت شێخ عەبدوڵڵای دێهلەویدا دەبێ و یاسا و ڕێساکانی ئایینی و تەریقەتی تازە فێردەبێ، لە ساڵی ١٨١١ دەگەڕێتەوە کوردستان. گەڕانەوەی مەولانا خالید بۆ کوردستان بە مەبەستی پەرەپێدان بە ڕێبازی نەقشبەندی و دامەزراندنی بنکە و تۆڕێکی کۆمەڵایەتی و ئایینی لە کوردستاندا بووە کە تۆڕی ئایینی و کۆمەڵایەتیی نەقشبەندیی نێو لێ دەنرێ. دیارە هاوکات لەگەڵ  سەرهەڵدانی ئەو بزووتنەوەیە و پێش ئەویش، هەندێک بزووتنەوەی ئایینی و تەریقەتی و کۆمەڵایەتی دیکە لە کوردستاندا چالاک بوون. بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بە تەریقەتە شیعەکانی وەک "نیعمەتوڵڵاهی" و "خاک سالاری" بکەین کە ئەوانە پێش هاتنی نەقشبەندییە لە کوردستان و  لەنێو کوردانی شیعەدا  ڕۆڵیان هەبووە. بەڵام لە نێو کوردانی سوننیدا زیاتر دوو "تەریقەتی قادری" و "نەقشبەندی" ڕۆڵیان گێڕاوە.

 تەریقەتی قادری بە هۆی ئەوەی کە پێش هاتنی نەقشبەندی و پێش گەڕانەوەی مەولانا خالید لە کوردستاندا کاری زۆر بۆ کرابوو،  بە دەیان و سەدان خانەقا و بنکەی پەرەپێدان بەو تەریقەتە دامەزرابوون و بە هەزاران دەروێش و لایەنگریان هەبوو. لە هەمووان گرینگتر شێخێکی گەورە بە نێوی "شێخ مارفی نۆدێ" ڕێبەرایەتیی دەکردن. سەرۆک و  ڕێبەرانی ئەو تەریقەتە، هاتن و چالاکبوونی شێوازێکی دیکەی تەریقەت و ئایینیان لە کوردستان بۆ سەر تەریقەت و ڕێبازی خۆیان بە مەترسی دەزانی. هەر بۆیە ڕێبەرانی تەریقەتی قادری هەست بە مەترسی دەکەن و هاتنی تەریقەتی نەقشبەندی بۆ کوردستان بە ڕەقیب و ڕکابەری خۆیان دێننە ئەژمار.  لە لایەکی دیکەوە مەولانا خالید بەهۆی بەربڵاوبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی و هەروەها بە هۆی زانیارییەکی زۆر کە لە بوارەکانی ئەدەب، زمان، ئایین و تەریقەتەوە هەبووی، توانیی نەتەنیا ڕێبازی خۆی پەرە پێ بدات، بەڵکوو دوو شێخی گەورەی تەریقەتی قادری بە نێوەکانی "شێخ عەبدوڵڵا" و "شێخ ئەحمەدی سەردار" بخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە و ئەوان دەست لە ڕێبازی قادری هەڵبگرن و بێنە سەر ڕێبازی نەقشبەندی. مەولانا خالید جودا لەوە بەدەیان خەلیفەی لە ناوچە جودا جوداکانی کوردستان دانا کە بانگەشە بۆ ڕێبازە نۆێیە فیکری و ئایینییەکەی ئەو بکەن.

هەموو ئەو کردە و چالاکییانەی مەولانا خالید، دەبێتە هۆی ئەوەی شێخ مارفی نۆدێ کە ڕێبەر و پێشەوای تەریقەتی قادری بوو ببێتە دوژمنی مەولانا خالید.  لەو بارەوە "کلۆدیۆس جیمس ڕیچ" لە کتێبەکەی خۆیدا بە نێوی "گەشتی ڕیچ" ئاماژە بە ڕۆڵ و کاریگەریی مەولانا خالید دەکا. ڕیچ کە ساڵی ١٨٢٠ی زایینی هاتووەتە کوردستان، دەنووسێ؛ مەولانا خالید دوازدە هەزار موریدی بووە. بەڵام سەرچاوە مێژووییەکانی دیکە ژمارەی مریدانی مەولانا خالید تا بیست هەزار کەس بەراورد دەکەن. بە هۆی بەربڵاوبوونەوە و کاریگەریی ئەو ڕێبازە، وەکی "مەلا عەبدولکەریمی مودەریس" دەڵێ: شێخ مارفی نۆدی دەبێتە دژ و بەرهەڵەستکاری مەولانا خالید و تەنانەت کوڕەکەی خۆی و یەکێک لە خەلیفەکانی بە نێوی "عەبدوڕەحمانی تاڵەبانی" بۆ کوشتنی مەولانا خالید دەنێرێ و مەولانا خالید لە ساڵی ١٨٢٣ لە ترسی ژیانی خۆی بە خۆی و خاو خێزانییەوە لە کوردستان هەڵدێن و ڕوو دەکەنە بەغدا. بەڵام مەولانا خالید لە بەغداشەوە بەردەوام لەگەڵ خەلیفەکانی لە ناوچە جودا جوداکانی کوردستان پەیوەندیی دەبێ و  ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتی و ئایینییەی کە داینابوو بە شێوەیەکی یەکجار بەربڵاو چالاک دەکا.

وەک دەزانین هەر ڕێباز و ئایینزا و بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی، هەندێک بنەمای فیکری و ئایدیۆلۆژیکی هەیە. ڕێبازی نەقشبەندی وەک هەموو ڕێبازە فیکری و ئایینییەکان بنەما و ئەساسی خۆی هەیە. "دکتۆر بەهاددین ئەحمەد" لە توێژینەوەیەک کە لەسەر ئەم ڕێبازەی نووسیوە ئاماژە بە هەشت بنەما لە بنەماکانی ڕێبازی نەقشبەندی دەکا. واتە ئەو ڕێبازە تەنیا ڕێبازێک نەبووە کە لەسەر هەستی مرۆڤەکان کار بکا. بەڵکوو لەسەر نەست و تێگەیشتن و فکری ئەوانیش کاری کردووە و بنەمای بۆ داڕێژراوە. ئەم هەشت بنەمایە بریتین لە:

یەک: هۆشی هەنووکەیی:  واتە هەر مرۆڤێکی کە پێبەندی ئەو سیستەم و ڕێبازەیە، لە هەموو ساتێکی ژیانیدا ئاگایانە و لە ڕێی هزرەوە شتەکان هەڵسەنگێنێ و تەنانەت هەستەکانی خۆشی چوارچێوە دار بکا  و ئەوە یەکێک لە جیاوازییە گرنگەکانی ڕێبازی نەقشبەندییە لەگەڵ ڕێبازەکانی دیکە. واتە جەخت دەکاتەوە لەسەر بە ئاگابوون لە لەحزەدا.

 دووەم: سەربەرزکردنەوەیە. پێڕەوانی ئەو تەریقەتە بۆوەی سەرنجیان بە لای کەس و دیاردەکانی دیکە دانەچێ و سەرنجیان زیاتر لەسەر هۆش و بیری خۆیان دەبێت،  لە ڕۆیشتندا دەبێ سەریان بەرز بکەنەوە.

سێیەم:  گەڕان بە نیشتماندا؛ واتە ئەگەر لە ڕێبازەکانی دیکە و بۆ وێنە لە ڕێبازە سۆفیگەریە ئێرانیەکاندا، کەسی ڕێڕەو کە دەیهەوێ بە ئاکام و مەبەست بگا دەبێ مەنزڵ بە مەنزڵ بڕوا و وادی بە وادی و وڵات بە وڵات بگەڕێ تا بە حەقیقەت دەگا،  لەو ڕێبازەدا ڕێڕەو یا لایەنگری ئەو تەریقەتە، یا کەسێک کە لە بیری ئەو تەریقەتەدا قاڵبووەتەوە، پێویست نییە بۆ گەیشتن بە حەقیقەت و ڕاستییەکان وڵاتی خۆی جێبێڵێ، بەڵکوو لە نیشتمانی خۆیدا دەبێ لە حەقیقەتەکان بگەڕێ. ئەم خاڵەش خاڵێکی یەکجار جیاوازە لە تەریقەت و ئایینەکانی دیکە کە جەخت لەسەر نیشتمان و لەسەر وڵاتێک دەکاتەوە کە پەیڕەوی تەریقەتی نەقشبەندی تێیدا دەژین و دەتوانین بڵێین بە شێوەیەک بنەمایەکی نەتەوەیی تێدا پارێزراوە.

 چوارەم:  بیری تەنیایی لە کۆڕدا؛ واتە ئینسان یان مرۆڤ ئەو کاتەی کە لە نێو کۆمەڵێک خەڵکیشدایە، هەرچەندە لایەنێکی بیری بە لای ئەو کۆمەڵەوەیە،  لایەنێکی دەبێت لە خۆی خافڵ نەبێت. واتە ئەتۆ ئەو کاتەی کە لە کۆڕیشدای و لە نێو کۆمەڵێک لە مرۆڤەکاندا دەژی، دەبێ سەربەخۆیی کەسیەتیی خۆت بپارێزی.

 پێنجەم: یادکردن یان زیکرکردنە؛ کە بناغەیەکە بۆ. دژایەتی لەگەڵ بێ دەنگ بوون و خەمۆکی و تەنیایی مرۆڤ. لەو تەریقەتەدا دەبێ زمان بۆ پەیوەندی لەگەڵ ڕێبەری تەریقەت و لەگەڵ خودا و زیکری جوانییەکان بەردەوام لەکاردا بێ.

  شەشەم: گەڕانەوە؛ کە ئەو بنەمایەش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە لە هەر پلەیەک لە بیرکردنەوەدا مرۆڤ دەتوانی فکر و چالاکییەکانی خۆی گەشە پێ بدا. بەڵام سەرەنجام دەبێ بگەڕێتەوە سەر ئەو باسەی کە هەموو شتەکان سەرەنجام بە حەق و حەقیقەت و خودا کۆتاییان پێ دێ. گەڕاندنەوەی هەمووان بۆ لای چاکە و دروستی مەبەستێکی گرینگە.

حەوتەم:  پارێزگاری؛ واتە پاراستن. بەو مەبەستەی کە ڕێڕەوی ئەو تەریقەتە و لایەنگری ئەو شێوە بیر و بۆچوونە، پێویستە لە ئاراستەیەک کە گرتوویەتە بەر، لە سەر شێوازێکی فیکری کە بۆ ناسینی جیهان و  حەقیقەت گرتوویەتیە بەر بەردەوام بێ .

هەشت: وەبیرهێنانەوە؛ باسی  ئەوەیە کە مرۆڤ لە هەر جوورە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیدا بێ، لە هەر جوورە چالاکییەکدا بێ، هەر شێوەڕوانینێک خەریکە ئەزموون دەکات، دەبێ ئەوەی لەبیر بێت کە مەبەستی سەرەکیی ئەو گەیشتنە بە حەقیقەت و بە ڕاستی لە وجوودی خودادا خۆیا دەبێ، بۆیە ئەو دەبێ بەردەوام وە بیر خۆی بێنێتەوە کە لە بارەگای حەقیقەتدا دەبێ وڵام دەرەوەبێ.

 ئەو هەشت بنەمایە ئەو بنەمایانەن کە تەریقەتی نەقشبەندی بە گشتی لەسەری دامەزراوە.

KURDŞOP
854 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!