هەڵگرتنەوەی ترێ لە بەرفەرات

لە ڕابردوودا لە گونداندا هەڵگرتنەوەی ترێ زیاتر لە مانگێکی دەخایاند و لەو نێوانەدا بنەماڵەکان بە تەواوی لە باخەکانی ترێ و ڕەزەکاندا دەژیان.

فەرات دەمیرئۆغلوو

مەهسەرە (هەڵگرتنەوەی ترێ) لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە دەست پێ دەکات. ترێ جۆری زۆرە و پێگەیشتنی هەندێک جۆری لە مانگی تەمموزەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی تەشرینی یەکەم پێدەگات. لە کۆتاییدا ترێی شیرە (مەزرۆمە) پێدەگات و پڕ دەبێت و دەست دەکەن بە هەڵگرتنەوەی.

بۆ "مەشلوور، پەلوول، هەلاو، باستێق و دمس (مۆت)"، ترێی شیرە/ مەزرۆم بەکار دەهێنرێت. ترێی شیرە بە تام و پڕبوونی شیرەی خۆی، بۆ ئەم خواردن و خواردنەوانە زۆر گونجاوە. مرۆڤ لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە دەتوانێت ترێ هەڵبگرێتەوە، بەڵام دەبێ چاوەڕێ بکرێت تا ترێ پڕ دەبێت، چونکە تا زیاتر چاوەڕێ بکات، شیرە و ئاوی ترێ زیاتر دەبێت. تەنانەت ئەگەر دڵۆپێکیش بێت، نابێ لەگەڵ ئاو تێکەڵ بکرێت و بەکار بهێنرێت. ساڵێک ترێم کرد و ترێیەکان بە ڕادەی پێویست پێنەگەیشتن و شیرەیان زۆر کەم بوو، چونکە مانگێک زووتر هەڵمگرتنەوە. دایکم هەمیشە دەیگوت دەبێ سەرما و باران بەسەر ترێی مەزرۆندا ببارێت، بۆ ئەوەی تێر و پڕ بێت. لە ڕاستیدا ساڵی دواتر لەگەڵ دایکم ئەو کارەم کرد و دوای ئەوەی ترێیەکان سەرما و بارانانی بینی، شیرەی ترێیەکە زۆرتر بوو.

لە دوای ساڵانی ١٩٩٠، مەهسەرە یان هەڵگرتنەوەی ترێ وەک جاران نەبوو. چونکە کۆمەڵێک هۆکاری کۆمەڵایەتی، ئابووری، سروشتی و سیاسیی هەبوو. دوای ڕاپەڕینی خەڵک لە باکوور، شەڕ لە زۆر ناوچە هاتە ئاراوە و گوند و کێڵگە و دارەکان سووتێنران، وێران بوون و گوندنشینەکان بەهۆی زوڵم و چەوسانەوە لە گوندەکانیان کۆچیان کرد و ڕوویان لە ناوچە و شارەکان کرد. دوای دە ساڵ کەس نەیدەتوانی بچێتە گوندەکانی خۆی و لەسەر زەوی و بەروبوومی خۆی کار بکات. ڕەنگە هەندێک گوند و ناوچە هێشتا قەدەغە و بێ خاوەن بن. ئەوانەی کۆچیان نەدەکرد بە ناچاری یان بە دڵخوازی خۆیان وەک ئەفسەری سەردەستەکان کاریان دەکرد. ئەوانەی کۆچیان کرد نەیاندەتوانی ئاگاداری زەوی، کێڵگە و باخی ترێ و ڕەزەکانیان بن. ئەوانی تر، چونکە ئێستا مووچەیان هەبوو، وەک جاران گرینگییان بە چاندنی کێڵگەکان نەدەدا و وەک جاران چاودێریی دار و مێوەکانیان نەدەکرد.

ئەم بابەتە زۆر دورودرێژە، بەڵام کاریگەرییەکەی لەسەر ترێ و ڕەزەکان لەوە زیاتر بوو. ئەو مێوانەی باب و باپیرانمان بەجێیان هێشتووە ئێستا کۆن بوون و دەبا بگۆڕدرێن. بەڵام لەبەر ئەوەی گوندییەکان پشتیان بە مووچەی سەردەستەکان بەستبوو، ترێ و ڕەزەکانیان وەک خۆیان بەجێ هێشت و وردەوردە مێوەکانیان لاواز بوون. جگە لەوەش زانیاریی باب و باپیرانمان نەگەیشتە نەوەی نوێ و لە شەڕی ساڵانی دوای ١٩٨٤دا ئەم کولتوورە کە سەدان ساڵ هەبووە، لەنێو چوو. جگە لەوەش، نەخۆشیی "فیلۆکسەرا" لە ناوچەکەدا بڵاو بووەوە. کەس نەیدەزانی ئەم نەخۆشییە چییە و بۆچی مێوەکان لاواز بوون. تەنانەت هەوڵی چارەسەرکردنیشیان نەدا. ئەمڕۆ باخەکانی ترێی بەرفەرات بەناوبانگ نەماون.

لە ڕابردوودا لە گونداندا هەڵگرتنەوەی ترێ زیاتر لە مانگێکی دەخایاند و لەو نێوانەدا بنەماڵەکان بە تەواوی لە باخەکانی ترێ و ڕەزەکاندا دەژیان. بۆ ئەوانەی ترێیان هەبوو، ئەمە سەرەتای خۆشی بوو. لەگەڵ خواردنی بە تام و میوەی پاییز وەک "هەنار، هەرمێ، سێو و بادەم"، منداڵانیش کاتێکی خۆشیان بەسەر دەبرد. مەنجەڵەکانی سەر ئاگرەکان هەمیشە پڕ بوون، هەندێک جار دوو سێ مەنجەڵ پێکەوە دەکوڵێنران.

هەندێک جار ئاگری ژێر مەنجەڵەکانیان هەڵ دەکرد یان سکڵیان لە بنی گەش دەکردەوە. پاشان بیبەرە پاییزییەکانیان تێ دەکرد و لەگەڵ نان دەیانخوارد. ئاوی ترێیان دەخواردەوە و کاتێکی خۆشیان بەسەر دەبرد. ئێستا تەنیا بیرەوەرییەک لەو ڕۆژانە ماوەتەوە و چیتر ناتوانین بۆ ئەو ڕۆژانە بگەڕێینەوە.

تێبینی:

١- بەرفەرات هێڵێکە لە دەوری ڕووباری فورات و خەڵکی ناوچەکە لە ڕووی کولتوور و زمانەوە لە یەکترەوە نزیکن. بەڵام باخەکانی ترێی بەرفەرات لە باکووری ڕووباری فورات، وەک سامسوور، ڕحا، دیاربەکر، ئەلعەزیز و مەلەتی، بەناوبانگن.

٢- لەو ناوچەیەدا لەبری وشەی "مەهسەرە"، "کەرگە" و لەبری وشەی "دمس"یش وشەی "مۆت" بەکار دێت.

KURDŞOP
597 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!