فەلسەفەی دیلان و هەڵپەڕکێ – بەشی چوارەم

 

کەیهان محەممەدی‌نژاد

 

لەم بەشەدا هەوڵم داوە هەندێک زانیاری لەسەر فەلسەفەی بەشێک لە دیلان و هەڵپەڕکێی بەشەکانی ناوەڕاست و باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانتان پێشکەش بکەم.

هەڵپەڕکێ جۆرێکە لە جووڵەی کوردەکان بۆ پیشاندانی هەستەکانیان بۆ بۆنە جیاوازەکان. هەڵپەڕکێی کوردی، شادی و ناخۆشی، شەڕ و ململانێ، سەرهەڵدان و سەرکەوتن لەخۆ دەگرێت.

پێناسەیەک بۆ هەڵپەڕکێی کوردی لەلایەن "کسەنۆفۆن"ەوە

بەشێک لە شارەزایانی هەڵپەڕکێی کوردی دەڵێن، هەڵپەڕکێی کوردی دەمانباتەوە بۆ سەردەمی باب و باپیرانمان واتە "ئاستیاک"، سەرکردەی مەدان؛ "کسەنۆفۆن"، فەیلەسووف و مێژوونووسی یۆنانی، لە نووسینێکیدا باسی کوردی کردووە و گوتوویەتی: "کاتێک لە شەڕ لەگەڵ دەسەڵاتداریی کورووش دەگەڕاینەوە، پرسیارمان لە ڕێنیشاندەرێک کرد کە ئێمە لە کوێوە بچین؟ ئەویش ڕێگایەکی نیشان داین و گوتی: ڕێگاکە لە تەنیشت کاردۆخانەوە دەچێت، بەڵام ئاگادار بن و هێرش نەکەنە سەریان و شوێنەکەیان نەسووتێنن. لە ڕێشاندەرەکەمان پرسی، ئەوان کێن؟ گوتی، ئەوان ڕەگەزێک لە کوردانی مەدن کە ماونەتەوە و دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی کورووش کە خیانەتی لە ئاستیاکی سەرکردەکەیان کرد و کورد و پارسی جیا کردەوە؛ هەروەها بەشێکن لە هێگمەتانە کە ماون و خۆبەڕێوەبەرن و هیچ کارێکیان بە کەس نییە و داگیرکەر نین و مەگەر ئێوە عاجزیان بکەن، ئەگەرنا ئەوان هیچ کارێکیان بە ئێوە نابێت و ئەگەر ئێوە داوای یارمەتییان لێ بکەن ئەوان یارمەتیتان دەدەن. لەو چیرۆکەدا کسەنۆفۆن هات و لە ڕێنیشاندەرەکەی پرسی، چۆن دەزانی ئەوان مرۆڤی بەهێزن؟ ئەو ڕێنیشاندەرە گوتی: داریووش لە شەڕێکدا ١٢٠ هەزار هێزی دژ بە کوردان نارد، کاتێک ئەو هێزانە چوونە نێو کوردان، لەلای کوردان زەماوەندێک هەبووە و لە دەور یەکتر کۆ بوونەتەوە و هەڵدەپەڕین. هێزەکە دەچنە نێو زەماوەندەکە، بەڵام هەموویان بە دیل دەگیرێن. کوردەکان پلانیان داڕشتبوو و بە هەڵپەڕکێ گەمارۆی ئەو هێزانەیان دا و هەموویان بە دیل گرت." شایانی باسە کە چەندین چیرۆکی لەم جۆرە هەن کە لەسەر هەڵپەڕکێی کوردی گێڕدراونەتەوە.

دیلان و هەڵپەڕکێی کوردی چەندین جۆری جیاوازی هەیە و هەر ناوچەیەکی کوردستان شێوازی تایبەتی خۆی هەیە. هەندێک لەو دیلانانە حەماسین و هەندێکیان سروشتین و هەندێکیان تایبەتن بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری؛ هەریەک لەو دیلان و هەڵپەڕکێگەلە مانای تایبەت و مێژوویەکی شاراوەیان لە پشتەوەیە.

ئێمە چەند جۆرێکی پۆلێنکردنمان بۆ هەڵپەڕکێی کوردی هەیە، بە پلەی یەکەم، ئەو دیلانانەی کە پێیان دەگوترێت عیرفانی و ئەو هەڵپەڕکێ ئایینییانەی کە لە شوێنی تایبەتدا ئەنجام دەدرێن و جۆرێکن لە جووڵە کە سەر و مل زیاتر بە دەف دەجووڵێنرێت، هەندێکی تر بە مۆسیقا پێشکەش دەکرێن و لە دیوەخانەی شێخ و دەروێشەکاندا ئەنجام دەدرێن، بۆ نموونە داوەتی یارسانان کە بە تەمبوورە ئەنجام دەدرێت و ئەمەش جۆرێکە لە جووڵەی مرۆڤ و وەک دیلانی تەسەووفی دەناسرێن.

فەلسەفەی "فەقیانە و ساق" لە هەڵپەڕکێی کوردیدا

جلوبەرگی کوردی یەکێکە لە سیمبول و توخمەکانی گەلی کورد، گرووپەکانی هەڵپەڕکێ هەمیشە هەوڵ دەدەن خۆیان بە جلوبەرگی فۆلکلۆری کوردی بڕازێننەوە و هەریەکەیان جلوبەرگی کوردیی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بە شێوەیەکی جیاواز دەپارێزن، هەموو ئەم جلوبەرگە کوردییانە مێژوویەکی دورودرێژیان هەیە و بەرهەمی خودی کوردانە.

بەشێکی دیکەی گرینگ کە پەیوەندیی بە جلوبەرگی کوردییەوە هەیە و فەلسەفەیەکی تایبەتی هەیە، بریتییە لە "فەقیانە" یان "سۆرانی" و بەشێکی دیکەشیان "ساق" یان "دۆلاق"ه. شارەزایانی بواری هەڵپەڕکێی کوردی باس لەوە دەکەن کە کورد لە کاتی شەڕدا فەقیانەیان بە دەوری دەستیاندا دەپێچاند و لە بەرەی شەڕدا بەردیان دەخستە نێو فەقیانەکانیانەوە و فڕێیان دەدایە لای سەربازانی دوژمن و بەم شێوەیەش گورزێکی قورسیان لە دوژمن دەدا. هەروەها ساقی پێیان دەبەستەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە بەرد و دڕکی تیژ و شتانی لەو جۆرە بپارێزن و بۆ ئەوەی ئازار بە پێیان نەگات. ئێستاش ئەم ساق و فەقیانەیە لەلایەن هەندێک گرووپی هەڵپەڕکێی کوردییەوە پارێزراون و بەکار دەهێنرێن.

KURDŞOP
687 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!