فەلسەفەی هەڵپەڕکێ و دیلانی کوردی - بەشی دووەم

کەیهان محەممەدی‌نژاد

لە هەڵپەڕکێی کوردیدا سەرچۆپی مانای تایبەتی خۆی هەیە، واتە کەیفخۆشیی کورد نیشان دەدات و هەروەها پێ کوتان لەسەر زەوی لە هەڵپەڕکێی کوردیدا بە واتای خۆشەویستیی نیشتمانە و فەلسەفەی دەستگرتنی کچان و کوڕانیش بە نیشانەی مافی بەرابەری و یەکسانیی نێوان ژن و پیاوە.

دەستگرتنی کچان و کوڕان: گەلی کورد بە هەڵپەڕکێ، یەکڕیزی و یەکسانیی ژن و پیاو نیشان دەدات. جێگا و پێگەی ژن لە کۆنەوە لە هزری تاکی کورددا هەمیشە بوونی هەبووە و ڕێزێکی تایبەت بۆ مافی ژن و پێگەی ژن گیراوە و ئەو شتە لەنێو هەڵپەڕکێی کوردیدا بە ڕوونی خۆی نیشان دەدات و لە ڕاستیدا دەستگرتنی ژن و پیاو لە هەڵپەڕکێدا فەلسەفەی تایبەتی خۆی هەیە.

هاوارکردن و قیڕاندن: ئەم هاوار و قیڕاندنە زۆر مانادارە کە لە هەڵپەڕکێی کوردیدا بەکار دێت. زانراوە لە ڕابردوودا شەڕکەرە کوردەکان لە بەرەی شەڕدا دەستی یەکیان دەگرت و بە هاوارکردنەوە دەچوونە پێشەوە و ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی دەخستە دڵی دوژمنەوە. ئێستاش ئەم هاوارکردنە لەنێو هەڵپەڕکێ و گۆرانیی کوردیدا دەردەبڕدرێت.

سەرچۆپی و بن‌چۆپی: دەزانرێت کە کەسی سەرچۆپی، ڕۆڵی فەرماندەیەک دەبینێت، وەک ئەوە وایە کە  گرووپێک لەژێر دەسەڵاتی ئەودا بێت، ڕێکیان دەخات و ڕێگە نادات شپرزییەک لە گرووپەکەدا بێتە ئاراوە. بەشێک لە شارەزایانی هەڵپەڕکێی کوردی دەڵێن، سەرچۆپی و بن‌چۆپی فەلسەفەیەکی تری هەیە کە ئەویش نیشانەی بەرابەری و یەکسانیی هەر دەستەیەکە، چونکە لە هەڵپەڕکێی کوردیدا ناوەندێک نییە کە کەسێک لە سەرووی هەمووانەوە بێت و هەموویان پێکەوە لە یەک ئاستدا دەردەکەون.

وەک لە سەرەتادا ئاماژەمان پێ دا، هەڵپەڕکێی کوردی پڕە لە مانا و هەر یەکێکیان فەلسەفەی تایبەتی خۆی هەیە، یەکێکیان هەڵپەڕکێی "عەرەبانێ"یە. هەڵپەڕکێی عەرەبانێ دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هێرشی عەرەب بۆ سەر کوردستان لە سەردەمی ئیسلامدا؛ دەڵێن ویستوویانە کورد ناچار بکەن ببنە موسڵمان؛ هەروەها لە شیعرەکەیشیدا بە ڕوونی دەربڕدراوە و لەسەری نووسراوە: "ئەرەبان قر کن قر کن خوینا وان بێدینان فر کن فر کن و هەول بدن نەیاران ژ وار دەرکن." بۆیە دەبینین لەو شەڕەدا عەرەب هێرشی کردە سەر کورد و کورد سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا. وەک لە هەڵپەڕکێکەیدا دەبینرێت کە سێ هەنگاو بەرەو پێشەوە دەڕوات، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە کورد سێ هەنگاوی بەرەو پێشەوە ناوە و هەنگاوێک بۆ دواوە دەگەڕێتەوە، ئەمەش بەو مانایە نییە کە شکستی هێناوە، ڕەنگە خۆیان بشارنەوە و خۆیان حەشار بدەن بۆ ئەوەی دوژمن نەیانبینێت. بۆیە مێژووی ئەو هەڵپەڕکێیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هێرشی عەرەب بۆ سەر کوردان.

یان فەلسەفەی هەڵپەڕکێی "جاندرمە"؛ ئەمەش لە هێرشی دەوڵەتی عوسمانییەوە هاتووە. زانراوە لەو کاتەدا دانوستان لەنێوان کورد و عوسمانیدا هەبووە و عوسمانییەکان بەڵێن بە کورد دەدەن کە هێرش نەکەنە سەر کوردستان و دواتر بەڵێنەکانیان جێبەجێ ناکەن و هێرش دەکەنە سەر کورد.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شەهرام حەمیدزادە، شارەزای هەڵپەڕکێی کوردی، لەم بارەیەوە پرسیارم لێ کرد و ئەویش وڵامی دایەوە: "بە هەڵپەڕکێی جاندرمە، هەڵپەڕکێی 'سەر ئەلباک'یش دەڵێن کە لەنێوان شارەکانی ئاگری و ماکوو سەری هەڵداوە؛ زانراوە کە لە کاتی هێرشی عوسمانی بۆ سەر کوردستان ڕوویداوە، جاندرمە چەمکێکی سەربازییە کە بۆ سەربازانی تورکیا بەکار دەهێنرێت. جاندرمە کە هاتە خاکی کوردستان و ویستیان ماڵی کورد داگیر بکەن و زوڵمیان لێ بکەن، ئاغا و سەرۆک خێڵەکان لەو کاتەدا پێشیان پێ دەگرتن و بە تورکی پێیان دەگوتن: 'جاندرمە جاندرمە بیر سۆز بەنە قاندرمە'، واتە 'بەڵێن بدە کە تۆ میللەتی من ناکوژی'. ئاوا بوو کە جاندرمە هیچ بەڵێنێکی نەدا و گوتی: ئەمە خاکی ئێمەیە و ئێوە هیچ دەسەڵاتێکتان نییە. ئەو ئاغا و سەرۆک خێڵانەش بە گەلەکەیان گوت، ئێستا ستەم و داگیرکاری گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و ناچارین بەرگری لە خاکەکەمان بکەین و ئەوانیش لە شیعردا گوتیان 'جاندرمە جلێ وان شینە، کومسۆر و ئەفەندینە'، واتە هەر کەسێکی بەو شێوەیەتان بینی بیانکوژن و نەهێڵن لە وڵاتی ئێمە جێگیر بن. مێژووی هەڵپەڕکێی جاندرمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمە."

KURDŞOP
784 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!