کوڵاندنی دانەوێڵە لە کولتووری کوردیدا

 

ئاراس حەسۆ

 

ئەم خاکە بە خێر و بەرەکەتە کە پێی دەگوترێت میزۆپۆتامیا یان "مەزرا بوهتان"، هەزاران ساڵە تاکوو ئەمڕۆ، چەندین خواردن و خواردنەوەی سروشتیی پێشکەش بە خەڵکەکەی خۆی کردووە. پەیوەندیی ئینسانی، هەمیشە بە خاک و کشتوکاڵەوە دەستی پێ کردووە و ئەو میراتە دێرینە لە دەستی ژنی داهێنەرەوە پێشکەش کراوە، لە کشتوکاڵەوە بگرە هەتا بوارەکانی کۆمەڵایەتی، فۆلکلۆر و سیاسی. بە گوتەی توێژەرانی کۆمەڵناسی و شوێنەوارناسی، بۆ یەکەمجار ژنی "ئاری" کە دەگوترێت ئەژدادی کوردە، لەم ناوچەیەدا گەنمی دۆزیوەتەوە. دەبینین کە ئەمڕۆ خێر و بەرەکەت بە هەر شێوەیەک لە دەستی دایکەوە پێشکەش دەکرێن.

یەکێک لەو کولتوورانە "دانی" یان "دانووک"ە کە تا ئەمڕۆش وەک نەریتێکی فۆلکلۆر ماوەتەوە. دوای ئەوەی جووتیاران دانەوێڵە و بەرهەمەکانیان هەڵدەگەرنەوە، ساڵانە جارێک، بە تایبەتی دایکانی کوردی گەڕەک و گوندەکان کۆ دەبنەوە و دانەوێڵەکانیان دەکوڵێنن. هەموو دایکان لەو بوارەدا شارەزایی و زانیاریی تەواویان هەیە و دەیان جۆری خۆراک لەو دانەوێڵەیە دروست دەکەن.

بۆچی هەموو  ساڵێک گەنم دەکوڵێنن؟

ئەمڕۆ سەرەڕای ئەوەی نان بە شێوازێکی سەردەمیانە دروست دەکرێت و ڕێگری لە هەموو جۆرە زەحمەتێک کراوە، هێشتا دەبینین ئەم نەریتە لەلایەن دایکانەوە پارێزراوە و یەکێکە لە کولتوورە کۆنەکانی ئەم هەرێمە. ئێمە پێی دەڵێین "دانی" و لە زۆر ناوچەی تردا پێی دەگوترێت "دانووک" و ڕەنگە بە زۆر شێوەی تر ناوی لێ بنرێت. ئەم شێوازە لە کوڵاندنی گەنم دەتوانین وەک شاییەک ناوی لێ بنێین. کاتێک منداڵان دەبینن دووکەڵێک لەبەردەم ماڵێکدا بەرز دەبێتەوە، تێدەگەن کە ئەو ماڵە دانەوێڵە دەکوڵێنن، دواتر منداڵەکان کەوچک و قاپەکانیان هەڵدەگرن و بە دەوری مەنجەڵی دانەوێڵەدا هەڵبەز و دابەز دەکەن تاکوو دانەوێڵەکە دەکوڵێت. دوای ئەوەی دانەوێڵەکە دەکوڵێنرێت، منداڵەکان بە نۆرە پشکی خۆیان لە دانەوێڵەکە وەردەگرن. هەروەها وەک باوەڕێکی خەڵکی ناوچەکە وایە کە بە دابەشکردنی دانەوێڵەکە، خێر و بەرەکەت دەڕژێتە نێو ئەو ماڵەوە.

 

چۆنیەتیی کوڵاندنی گەنم

سەرەتا دایکان گەنمەکانیان دەشۆن و هەر شتێکی پیسی تێدا بێت دەریدەهێنن و خاوێنی دەکەنەوە، دواتر دەیانخەنە نێو مەنجەڵێکی گەورەوە و لەسەر ئاگری دادەنێن. پاشان دوای کوڵان، ئەم گەنمە دەخرێتە بان ماڵەکان و لەبەر خۆر بۆ ماوەی نزیکەی سێ ڕۆژ دادەنرێت تاکوو وشک دەبێتەوە، پاشان گەنمەکە دەهاڕن و دەیان جۆر خۆراکی لێ بەرهەم دەهێنرێت: "سەرپێت، بخور، داندووک، گزرک، سمووت، ئارد، کەپەک و هتد." هەروەها دەتوانین بڵێین سەدان خۆراکی جیاوازی لێ دروست دەکرێت: "هەویر، نانی تەنوور، نانی سێل، شۆربای دانەوێڵە، قتمر و کلۆر (کولیچە) و هتد."

ئەمڕۆ دەبینین ئەم نەریت و کولتوورە جوانە هێدی‌هێدی بەرەو نەمان دەچێت و تەنیا لە هەندێک شوێن و گونددا ماوەتەوە. هەر بۆیە دایکان هەمیشە هەوڵ دەدەن ئەم کولتوورە زیندوو ڕابگرن و هەموو ساڵێک لە وەرزی پاییزدا دانەوێڵە دەکوڵێنن و دەیانەوێت بەم شێوەیە پارێزگاری لەم نەریتە کۆنەی کوردەواری بکەن.

KURDŞOP
537 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!