فەلسەفەی هەڵپەڕکێ و گۆڤەندی کوردی - بەشی یەکەم

کەیهان محەممەدی‌نژاد

هەڵپەڕکێ کوردییەکانیش بەشێکن لە فۆلکلۆری کوردی؛ مرۆڤ دەتوانێت بڵێت هەموو ئەو شتە کۆنانەی کە کۆمەڵگەیەکی چەند میلیۆن کەسی دەتوانێت وەک نەتەوەیەک بناسێنێت، بە فۆلکلۆر دادەنرێت. زۆرێک لە توێژەرانی کورد پێیان وایە هەموو ئەو شتە کۆنانەی کە فەلسەفەیەکی تایبەتیان لە پشتەوەیە و شوناسی کۆمەڵگەن، وەک فۆلکلۆر دێنە ئەژمار.

لە ڕاستیدا هەڵپەڕکێی کوردی بە سادەیی و بێ مانایی ناناسێنرێت، ڕەنگە هەموو هەڵپەڕکێیەکی کوردی فەلسەفەیەکی لە پشتەوە بێت؛ هەوڵم داوە فەلسەفەی هەندێک هەڵپەڕکێی کوردیتان بۆ ڕوون بکەمەوە و هەروەها فەلسەفەی سەرچۆپی، بن‌چۆپی و هاوارکردن لە هەڵپەڕکێی کوردی و فەلسەفەی دەستگرتنی کچان و کوڕان لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوون بکەمەوە.

هەڵپەڕکێی کوردی یەکێکە لە جوانترین سەماکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە چەند دیلانێک پێک هاتووە. هڵپەڕکێی کوردی پڕە لە مانا و بەسەر چەند لقێکدا دابەش دەبێت کە هەر لقێک فەلسەفەی تایبەتی خۆی هەیە. فەلسەفەی هەڵپەڕکێ ڕەنگدانەوەی ڕووداو و ئەزموونەکانی گەلی کوردە. یەکێک لە هێما و نیشانەکانی بوونی گەلی کورد، هەڵپەڕکێی کوردییە. هەڵپەڕکێ و شاییی کوردی پڕن لە مێژوویەکی کۆن و لە ڕاستیدا ئەم هەڵپەڕکێگەلە لە سەمای سادە و بێ ڕەنگ دروست نەبوونە و پڕن لە مێژوو.

ھەندێک هەڵپەڕکێی کوردی مێژوویەکی زۆر کۆنیان ھەیە، ھەندێکیان بۆ ٢ ھەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێنەوە و بەشێکی زۆریشیان مێژوویەکی دوورودرێژیان ھەیە و زۆرێک لە مێژوونووسان دەڵێن مێژووی ھەندێک هەڵپەڕکێی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی کورد لە زاگرۆس نیشتەجێ بووە. نموونەی ئەو بەڵگەنامەیە زۆرن، بۆ نموونە لە ناوچەکانی کرماشان و ئیلام لە ڕۆژهەڵات و ئامەد لە باکووری کوردستان، چەند بەردێک هەن کە نەخشەیان لەسەر نەخشێنراوە؛ لە ئیلام بەردێکی قەڵای "عەلی کەش" هەیە کە مێزی بووکێنیی لەسەر هەڵکەندراوە، کە دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتی کوردیی مادەکان.

چەند ناوێکی تایبەت بۆ هەڵپەڕکێی کوردی هەیە، وەک دیلان، شایی، گۆڤەند و داوەت و هەندێک ناوی تر؛ هەر ناوچەیەکی کوردستانیش ناوی تایبەتی خۆی هەیە.

من دیدارێکم لەگەڵ شەهرام حەمیدزادە، یەکێک لە شارەزایانی هەڵپەڕکێی کوردی هەبوو، لەبارەی ناوی هەڵپەڕکێی کوردی پرسیارێکم لێ کرد و ئەویش گوتی: "ناوێکی زۆر بۆ ئەو هونەرە کوردییە دانراوە؛ لەو ناوچانەی کە زاراوەیان کورمانجییە، پێی دەگوترێت داوەت، دیلان، گۆڤەند و شاهی. لەو ناوچەیەی کە زاراوەیان سۆرانییە، پێی دەڵێن هەڵپەڕکێ، زەماوەند، بەزم و چەندین ناوی تر. بەڵام بەڕای من و بەپێی بەڵگەنامەکان، باشترین ناو بۆ ئەو داوەتە ئەوەیە کە پێی بڵێین چۆپێ. بۆچی پێی بڵێین چۆپێ؟ چونکە ئەگەر سەیری هەر چوار پارچەی کوردستان بکەین، ئەگەر داوەتێک بەڕێوە بچێت، کەسی یەکەم پێی دەگوترێت چۆپێ و دواکەسیش پێی دەگوترێت بن‌چۆپێ. ئەم وشەیە لە کوێوە هاتووە؟ لە کورمانجیدا ئەگەر کەسێک بۆ شتێک بنێریت و بپرسیت چی پێ هات؟ دەڵێن چۆ پێ. زانراوە لە ڕابردوودا هەندێک کەس بە دەور یەکتردا کۆ دەبوونەوە و یەکێکیان دەچوو و کەسێک بە دوایدا دەنێردرا و چەند کەسێکی تریش بەم شێوەیە بەدوای یەکتردا دەڕۆیشتن، تا دواجار دەستیان گرت و... دواتر دەستی یەکیان گرتووە و داوەتیان کردووە و پێی دەگوترا چۆپێ. بە سۆرانی پێی دەڵێن چۆپی و بە کورمانجی پێی دەڵێن چۆپێ. هەر بۆیە دەزانم باشترین ناو بۆ ئەو هونەرە کوردییە چۆپێیە."

لە کوردستان زیاتر لە ١٠٠ جۆر هەڵپەڕکێی کوردی هەیە و هەر ناوچەیەک هەڵپەڕکێی تایبەتی خۆی هەیە. لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە ٢٣ دیلان هەیە کە تا ئێستاش بەردەوامن. لە کوردستان چەندین گرووپی هەڵپەڕکێ هەن کە هەموو هەوڵەکانیان پاراستنی ئەو هەڵپەڕکێ کۆنانەیە.

درێژەی هەیە...

KURDŞOP
614 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!