خشڵی ژنانی موکریان – بەشی 14

لەیلا نوورانی

 

 

قاشی بە پێلکە

ئەو قاشەی بنی سێ یان پێنج پێلکی پێوەیە و زۆرتر بۆ سەرپۆلەی مێخەکبەند و گوێی کەوا دەکار کراوە.

 

قاشی بەڕیشوو

ئەو قاشەی بنی ڕیشووی پێوەیە. ڕیشووەکانی سێ یان پێنج ‌سووڕه‌ت، ڕوبع یان نیوپەهلەوییە.

 

قاشی قەبزەنوشتوو

خشڵێکی سێ‌سووچی زێو یان وەڕشەو کە نێوەڕاستی ساکار یان نەقیمی سوور و شینی پێوەیە. دەسک کراوە و بنی بەڕیشوویە. جۆرە قاشێکە ڕیشووەکانی پێنج ڕیشووی تەنکی وەک گۆی بادامی تەخت یان پێلکی پێوەیە کە بۆ "گوڵی تاس‌کڵاو" دەکار کراوە و جۆری سێ‌ڕیشوو یان پێنج ڕیشووەکەشی قڕانی پێوەیە کە بۆ "نووکی شاقەڵی کەوا" کەڵکی لێ وەرگیراوە.

 

قڕان

یەکەی پووڵی ئێران لە سەردەمی قاجار و سەرەتاکانی پەهلەوی، قڕان زێوە و هاوتای ڕیاڵی ئێستایە. تاقڕانی، دووقڕانی و پێنج‌قڕانی دەگەڵ مووروو دە مل دەکرێ و لە سیخمە و کەوا و بەرۆک و بەندۆکەی کۆچکە و شتی لەم بابەتەشی دەنێن.

(دوگمە و تاقڕانی و دەرزی/ خرمەی کرد کەوتە عەرزی/ نەشەی جەرگم ئاوری  گرت/  میسالی پەڕامێزی)

"ڕەسووی نادری "

 

قزڵ‌منجخ

جۆرێک زەنگیانەی زێڕە، لەگەڵ موورووی ورد بهۆننەوە و بۆ پاوانە کەڵکی لێ ‌وەردەگرن یان لەگەڵ موورووی وەک یاقیقی درێژووکە پێوە دەکرێ و بۆ ملوانکە کەڵکی لێ‌ وەردەگیرێ. کاتێک وەستا زێڕی گەورەی دروست دەکرد، وردەی زیادی زیڕەکەی گرمولەی وردورد دەکرد و کونی تێ دەکرد و قزڵ‌منجخی ساز دەکرد کە کارێکی بەزەحمەت بووە.

 

قۆڵ ‌باغ

بازنەی شووشە، جا چ دە قۆڵ بکرێ و چ دە دەست.

 

گۆ و مووروو

تێکەڵاوێکە لە گۆی زێڕ و موورووی یەشم، کارەبا، پیرۆزە، شیڵان، یاقیق و ... خڕ یان درێژووکە بۆ دەستەوانە، گوارە و ملوانکە و بەرموور.

 

قوببە و مووروو

قووببە بریتییە لە سەروژێری زێڕ یان زێو بۆ مووروو بە شێوازی جۆراوجۆر بۆ دەستەوانە و بەرموور.

 

سەرقۆڵ

ئەو دەنکە کڵاوانەی کە ڕیزاوڕیز لەسەر قۆڵی کەوا دەدروێن.

 

 

قۆیتاس

خشڵێکە لە قووببەیەکی مامناوەندی دەسک کراوە. بنی سێ پێلکی پێوەیە و بۆ بەندۆکەی کۆچکە یان ئاتەگی کەوا و سیخمە، سەرپۆلە یان گوڵ و گوارە کەڵکیان لێ وەرگرتووە.

"شەرت بێ بە دڵ‌شادی، بۆ کەس هەڵنەیەنم گۆشەی چاوانە/  ئێوارێ جارێک، سبحەینێ جارێک بچمەوە سەر کووپەڵەی خمخانە/ لە خمێیان هەڵبکێشم گۆ و قۆیتاس و بەندۆکە، لەگەڵ لفکەی کۆڵوانە"

(ئەحمەدی لوتفی: بەیتی خەج و سیامەند)

" ئەوە خەزاڵ دایدەماڵی زێڕ و گەردنکەش و ئەشرەفییە/ قۆیتاسان ڕاست‌وچەپ دەبوون دەگەڵ گۆی مەمکییە "

(ئەحمەد لوتفی: بەیتی ئەحمەدی شەنگ )

 

قۆیتاسی سەربەگژنیژی

جۆرە قۆیتاسێک کە سەرجەم قووببەکەی شتێکی وەک تۆوگژنیژی لەسەرە و بنی بەپێلکە. بۆ بەندۆکەی کۆچکە و ئاتەگی کەوا، سەرپۆلە و گوڵ و گوارە کەڵکیان لێ وەرگرتووە.

"ئەما چاوەشی بەروێ ئەوێ زاڵم‌بابێم چییە؟/ گوارەیە، گوارچەناغە، دووڕە، یاقووتە، حەمایەڵە، بەرموورە، قۆیتاسەی سەربەگژنیژە "

(محەممدی عەزیزمەلا: گەلۆ)

 

کڵاو

سەرپۆشێک لە ئاوریشم و پارچە بۆ لەسەر کردن.

"لە سەری ناوە کڵاوێکە سیم‌ڕێز و سیم‌خالەقییە/ ئەندازەی سەری گیراوە لە مەملەکەتەی کەس نەبەیی/ پێشی کڵاوی فیداکارییە/ نێونێو لێی چەسپ کردووە بەدری بەحرییە/ لە کڵاوێی بەستبوو شەدێکی مارڕەنگی خاسەکییە"

(ئەحمەد لوتفی: بەیتی مەم‌وزین)

مەتەڵ

سەری خڕە و بنی بڵاوە/ ئەگەر ئاقڵ بی دەڵێی کڵاوە: کڵاو.

 

کڵاوئاڵتوون

کڵاوێکە کە لە سکەزێڕی پێکەوەلکاو دروست کراوبێ.

 

کڵاوی بڕنوو

جۆری هەرە بڵیندی تاسکڵاو کە تایبەتی لاوانە.

 

کڵاوی تەقیلە

جۆرە کڵاوێکە لە پەڕۆ و دەزوو.

 

تانجی کڵاو

1. وێنەیەک کە بە گوڵە‌باتوون یان دەنکی‌کڵاو بە شێوەی هەشت دەکەوێتە ناوەندی تاسکڵاو.

2. پارچەخشڵێکە کە بە شێوازی گوڵە و لە نێوەڕاستی کڵاو قایم دەکرێ.

 

دمەکڵاو/ پرپرەی کڵاو

ئەو ڕیزە سکە دەسک‌کراوانەی کە بە ڕیز لە لێواری خوارەوەی تاسکڵاو دەدروێن. ژنی قەدیم ئەگە کڵاویان لەسەر دەنا و هەورییان لەسەر دەبەست، لیرەی عوسمانی دە دانە یان دوازدە دانە کەم کەمەکەی هەشت دانە و لەوە کەمتر نەبوو، لە لێوی کڵاوی لەسەریەک لەسەریەک لێیان دەنا و نیوەشی لە دمی کڵاوی دەهاتە دەر.

KURDŞOP
784 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!