خشڵی ژنانی موکریان – بەشی 13

لەیلا نوورانی

 

مووروو جۆ

مووروویەکی شینە، وەک دەنکی جۆ دەچێ و بۆ ملوانکە دەبێ. ملوانکەکەی لە دەوری ملە، و شۆڕ نابێتەوە. ژنی بەتەمەن مووروو جۆ دەکەنە ژێڕچەنە.

 

مووروو چاو

مووروویەکی ڕەش یان سورمەیییە، ورد و درشتی هەیە و جەغزێکی سپیی نێو ڕەشی چکۆڵەی تێدایە. هەرتک لای مووروویەکە ئەو وێنەیەی تێدایە و بۆ چاوەزار دەبێ و کەڵکی جۆراوجۆری لێ وەردەگیرێ.

 

مووروو چاوەزار

جۆرێک موورووی خڕ یان پانی شین کە دوو جۆری گەورە و چکۆڵەی هەیە، لەگەڵ بەرموور، پاوانە، نەقیمی خشڵ یان تێکەڵیدا کەڵکی لێ وەردەگیرێ. ئەگەر شتی چەوری وێ‌ کەوێ ڕەنگی دەگۆڕێ و سەوز/ کەسک دەبێ دەڵێن ئەوە مردووە و بەکار نایە.

باوەڕی خەڵکی ناوچەکە وایە:

# ئەم مووروویە بۆ چاوەزار دەبێ، سەدەقە و بەڵاگێڕەوەیە و لە جێی ساحەبی وەخۆی دەگرێ.

# مار ئەگەر چاوی بە ئەم مووروویە بکەوێ تازە چاوی نابینێ و بێ‌حوکم دەبێ، هەر بۆیە جگە لە ژن و منداڵ، پیاویش دەیکەنە نەقیمی ئەنگوستیلە و لەگەڵ خۆیان دەیبەن بۆ کێو.

 

مووروو چۆرت

جۆرە مووروویەکی چوار سووچی تەختی یاقیقە، دوو کونی تێدایە و بۆ دەستەوانە دەبێ، زۆرتر لە حەج ‌ڕا بە دیاری دەیهێنن.

باوەڕی خەڵکی ناوچەکە:

ئەم مووروویە دە دەست دەکەن هەتا زووزوو چاویان پێی‌بکەوێ و غەمیان بڕەوێ.

 

مووروو چۆلەکە

مووروویەکە لەچەشنی چۆلەکەیە، بەری دارێکە و لە مەزرا دەکەوێ و لەگەڵ بەرموور وەخۆی دەخەن.

باوەڕی خەڵکی ناوچەکە:

موورووچۆلەکە بۆ بەخت چاکە.

 

 

مووروو چەوروشیرن

جۆرە یاقیقێکی ڕەنگ تێکەڵی بەقیمەت، ڕەنگی مەیلەوبۆرە و خەتی سپی پێداهاتووە یان هەڵمێکی سپی تێکەڵ ڕەنگی یاقیقەکە کراوە و لەگەڵ تێکەڵیی دەهۆندرێتەوە. جۆری گرمووڵە، درێژووکە و پانکەڵەی تەنکی هەیە کە پانکەڵەکەی بۆ سەرپۆلەی تێکەڵی دەبێ. " یان کون دەکرێ و یان دەوری دەگرن و دەسکی لێدەنێن."

باوەڕی خەڵکی ناوچەکە:

#  چەوریی ئەم مووروویە ئەوەیە کە دەستت بەبەرەکەت دەبێ و ڕسق ‌و ڕۆزیت زۆر دەبێ، شیرنییەکەشی ئەوەیە کە لەلای خەڵک خۆشەویست دەبی.

# هەرکەس ئەم مووروویەی پێوەبێ:

ئەلف: سەربەڕسق دەبێ.

ب: لەلای خەڵک و خودا بەگشتی و مێردەکەی بەتایبەت خۆشەویست و قسەڕۆیو دەبێ.

ج: بەبەخت دەبێ.

 

مووروو چەورۆکە

جۆرە شەوەیەکی لووسی چوارگۆشەی پانە، بروقەی دێ و دەڵێی چەورە. ئەوی شەوەی لەسەربێ و لە ملی کا، ڕەنگی موورووەکە کاڵ دەبێتەوە.

باوەڕی خەڵکی ناوچەکە:

هەرکەس شەوەی لەسەر بێ و دە ملی بکا، نەخۆشییەکە دێتە سەر مووروویەکە و ڕەنگی موورووەکە کاڵ دەکاتەوە. بەم‌چەشنە مووروویەکە دەمرێ و تازە بەکار نامێنێ.

 

مووروو حاجیلە

بە جۆرە سەدەفێکی بچووکی درێژووکە دەگوترێ. چوارچوار پێوە دەکرێ (ڕوویان تێک دەبێ)، سەریشی مووروویەکی وەک تەشوێ‌تاشی پێوە دەکرێ، لەگەڵ ڕەبناوک و مێخەک بۆ  "کوڕەمەکە"ش دەکار کراوە. جگە لە ئەوانەش کۆچکەی منداڵیشی پێ ڕازاوەتەوە.

 

مووروو خوێن

جۆرە مووروویەکی سووری ئاڵ کە کراوەتە دەستەوانە. ئەم مووروویە لە حەج‌ ڕا دەهات و خەڵکی بە ئەمانەت دەیاندا بە یەگدی.

باوەڕی خەڵکی ناوچەکە:

هەر بریندارێک، کە خوێنی ئیشک نەبێ، دە دەستی دەکەن، خوێنەکەی ئیشک دەکا.

 

سەرچاوە:

 "فەرهەنگی جل‌وبەرگ و خشڵ‌وخاڵی ژنانی موکریان

لەیلانوورانی، سەلاح پایانیانی"

KURDŞOP
584 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!