جلوبەرگی کوردیی ژنانی دەڤەری کۆبانێ

ئاراس حەسۆ

جلوبەرگی کوردیی ژن و پیاو لە سەرەتای مێژوودا بوونی کولتووری و نەریتیی خۆیان بە شێوەی کرۆنۆلۆژی پاراستووە و تا ئەمڕۆش ماونەتەوە. هەرچەندە نەریتی فۆلکلۆری ئێمە گورزی گەورە و قورسی بەرکەوتووە و لەژێر کاریگەریی سەرمایەداری و تەکنەلۆجیادا لەنێو چووە، بەڵام هێشتا دەبینین ئەم میراتە کولتوورییە لەسەر ڕووی ناوچە کوردییەکانمان دەدرەوشێتەوە. مرۆڤ کاتێک لەنێو خەڵکی ناوچە کوردستانییەکاندا سەفەر دەکات، بە سەدان جۆر و ستایلی جلوبەرگی پیاوان و ئافرەتان دەبینێت کە تایبەتمەندی و نەخشی ئەو ناوچەیە لە هەر ناوچەیەکدا دەردەخات. لێرەدا باس لە تایبەتمەندییەکانی جلوبەرگی ئافرەتان دەکەین بەتایبەتی خانمانی کۆبانێ کە زۆر جوان و تایبەتن. هەروەها لە ڕەنگ و داهێنەریی ئەو جلوبەرگانەدا دیمەنێکی سروشتی کوردی و فۆلکلۆر دەبینرێت.

لە گوندەکانی کۆبانێ هێشتا زۆرێک لە پیرەژنەکان ئەو جلانە لەبەر دەکەن و بەبێ ئەو جلوبەرگانە لە ماڵەکەیان دەرناچن و وەک سووکایەتی یان شەرمەزاری دەیانبینن. تەنانەت زۆر گوتە و پەند لەسەر جلوبەرگی ئافرەتان هەیە کە مرۆڤ دەتوانێت شرۆڤەیان بکات. "کراسێ دێیێ قیزێیە"؛ چونکە دایک ناوەندی پاراستن و کەلەپووری کوردییە، هەرچۆنێک بکات، ئەو خووە بۆ کچەکەیشی دەگوازرێتەوە. مرۆڤ دەتوانێت دەیان وشەی لەو جۆرە سەبارەت بە جلوبەرگی ئافرەتان بهێنێتەوە.

جگە لەمەش جلوبەرگی خانمان تایبەتمەندیی جیاوازیان هەیە کە دەتوانرێت لێرەدا ئاماژەیان پێ بدرێت. جلوبەرگی نەتەوەیی، جلوبەرگی حیزبی، جلی ماتەمێنی، جلی خەوتن و جلوبەرگی کێڵگە و هتد. هەروەها دەتوانرێت ئەم جلە بەپێی تەمەنی خانمان بگۆڕدرێت. بەڵام لێرەدا دەتوانین ئەو جۆرانە بەپێی سێ نەوە دابەش بکەین، کە بریتین لە: کچە بچووکەکان (منداڵان)، کچە لاوەکان، پیرەکان و پیرەژنەکان.

کچە بچووکەکان: بۆ ئەم بەشە تایبەتمەندیی جیاوازیان هەیە کە دەتوانین بڵێین نوێنەرایەتیی جلوبەرگی ژنانی گەورەتر دەکەن. لەم بەشەدا کراسەکان بە فەقیانەوە لەبەر دەکرێن، بلوزێکی پان لە ژێرەوە لەبەر دەکرێت و تەنوورەکە بە خلچکی ڕەنگاوڕەنگ داپۆشراوە.

کچە لاوەکان: لەم بەشەدا خانمان کراس و خەفتانی درێژیان لەبەردایە، هەروەها ئیشقوریان لەسەردایە کە لە تاج دەچێت، بەڵام تاج نییە، هەروەها خلچکی ڕەنگاوڕەنگیان لەبەردایە. هەروەها پشتێنێکی زێڕین لە دەوری دەبەسترێت. ئەوەی ژنی خێزاندار و ژنی سەڵت لە یەکتری جیا دەکردەوە ئەوەیە کە ژنانی خێزاندار دەستماڵی مەلەسییان لەژێر ئیشقوردا دەخستە سەر سەریان و بەسەر شانیاندا، بەڵام ژنانی سەڵت دەستماڵیان لەسەر سەریان نەدەکرد.

ژنانی پیر و بەساڵاچوو: لەم بەشەدا کە وردەوردە چوونە سەرەوەی تەمەن لەسەر ڕووخساری ئافرەتان دەردەکەوێت، ڕواڵەتی جلوبەرگەکانیشیان دەگۆڕدرێت. ژنەکان خەفتانی سپی و هەندێک جاریش ڕەشیان لەبەردایە، کراسەکانیان زیاتر ڕەنگی خۆڵەمێشیی تۆخە، هەروەها قەڵغانێکیان لە ناوەوە و بەرەو خوارەوە لەبەر دەکرد کە پێشەوەی داپۆشیبوو. لە تایبەتمەندییەکانی ئەم سەردەمە زیاتر ڕەنگی جلوبەرگە، واتە سوور و سەوز و زەرد لەبەر ناکرێت، دەکرێت بڵێین تەنیا لە ئاهەنگەکاندا لەبەر دەکرا. جگە لەمەش ژنان کۆفییان لەسەر سەریان بەستبوو، تەنانەت لە ماڵیشدا ژنان بێ کۆفی نەدەمانەوە. وەک شەرمەزارییەک بوو بۆ پیرەژنەکان کە بێ کۆفی بن.

بەڵام ئەمڕۆ ئەم داب و نەریتە زۆرتر لە خەڵک نەماوە و تەنیا لە ئاهەنگ و ڕێوڕەسمە نەتەوەییەکان لەبەر دەکرێن، بەڵام بێگومان مرۆڤ دەتوانێت بزانێت کە ئەم کولتوورە زیاتر لەنێو ژنانی بەساڵاچوودا ماوەتەوە. ئەم ڕیزبەندییانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد ئەو جیاوازییەیان تێدایە. لەوانەیە ئەم جیاوازی و تایبەتمەندییانە بۆ کەسانی دیکە جیاواز بن.

............

تێبینی: بەپێی سەرچاوە ناوچەییەکان، ئەم وێنەیە کە لەسەر ئەم بابەتە دانراوە، ساڵی ١٩٧٧ لە گوندی مێزرێ لە کۆبانی گیراوە. لەلای چەپەوە ژنێک بە ناوی حەدلا سۆرەکلی کە هاوسەری محەممەد عەلی سۆرەکلییە و لەلای ڕاستەوە فەهیمە سۆرەکلی کچەکەیەتی. ئەو ژنانەی لەنێوانیاندان، میوانی بیانین لە ئەمریکاوە.تێبینی: 

 

KURDŞOP
630 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!