مرادی کنێ و چیرۆکی سەیرێ و عەلی مامەد

ڕێزان دلژەن

باوەڕ بکەن ئێمە فۆلکلۆرێکی هێندە بەهێزمان هەیە کە ئێستا دەتوانین سەدان چیرۆک، گوتە، پەندی پێشینییان، حیکایەت، مەتەڵ و ئەفسانە تەنیا لە یەک گونددا کۆ بکەینەوە. ئەم فۆلکلۆرە (هەرچەندە زۆرێکیان لەدەست چوون) لە سێبەری دەنگبێژان/ چیرۆکبێژانەوە پارێزراو بووە و گەیشتووەتە سەردەمی ئێمە.

دەنگبێژێک هەبوو بە ناوی مرادی کنێ، خەڵک پێیان دەگوت مرادۆ. لە ناوچەی تۆر لە بەیانییەوە هەتا شەو لە هەموو شوێنێک گوێ لە کاسێتەکانی ڕادەگیردرا و بێگومان تا ئێستاش گوێی لێ ڕادەگیرێت. وەک دراوسێ دەنگبێژەکەم دەیگوت: "ئەو کەسەی حەزی لە مرادۆ نییە، ئیمانی کەمە". هەروەها مرادۆ چەندین چیرۆک و قسەی نەستەقی  ناوچەکانی دەوروبەری کۆ کردووەتەوە و لە زەماوەند و ئاهەنگەکاندا کردوویەتی بە گۆرانی. وەک شەڕی عەلی یوونس، شەریف تەمۆ، تێلی، ئەحمەد ئاغا و عایشێ، میرزا ئاغای ڕندکی، سەیرێ و عەلی مامەد. لەم بابەتەدا تیشک دەخەینە سەر چیرۆکی سەیرێ و عەلی مامەد.

مرادی کنێ

با سەرەتا مرادۆ بناسین، کێیە، خەڵکی کوێیە، چ جۆرە مرۆڤێکە، پاشان سەیری چیرۆکی سەیرێ و عەلی مامەد بکەین. مرادی کنێ کە بە ناوەکانی دیکەی مرادۆ یان مرادکۆ ناسراوە، بەپێی ناسنامەی فەرمی لە ١ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤١ لە گوندی گێرا جاهفەرا سەر بە کەرجەوسی ئێلهێ لەدایک بووە. باوکی ناوی فەرهۆیە و دایکی ناوی هەدیایە، دایک و باوکی ئامۆزان. فەرهۆ کوڕی ئەحمەد عیسای کنێ و لە ژنی فەرهۆ، واتە لە دایکی مرادی کنێ، خوشک و برایەک بە ناوەکانی خەلیل و ئەلیا، هەروەها لە باوەژنەکانی بە ناوەکانی جەمیل، نیهاد، خالیسا، موخلیسا، شەفیقا، دەریا و ئەونیا، دوو برا و پێنج خوشکی هەبوو. بەپێی گێڕانەوەکان، فەرهۆ سەد ساڵ لەمەوبەر چووەتە ڕۆژاوای کوردستان و لە تۆرا هەڤێرکیان نیشتەجێ بووە. هەروه‌ها به گوێره‌ی هه‌ندێک زانیاری، بنچینه‌ی بنه‌ماڵه‌ی کنێ، ده‌گاته شنگال و له سه‌رده‌می کۆنه‌وه له‌م شوێنه‌دا نیشته‌جێ بوون. بە گوتەی م. سات گەزج کوڕی مرادی کنێ، بنەماڵەی کنێ نزیکەی پێنجسەد ساڵ لەمەوبەر لە ناوچەی شنگالەوە کۆچیان کردووە و لەوێ نیشتەجێ بوون.

 

چیرۆکی سەیرێ و عەلی مامەد

لە دەنگی مرادۆوە چیرۆکی سەرێ و عەلی مامەد

سەیرێ خاتوون کچی ئاغای خاکی حەسەنان و حەیدەرانە و کچێکی زۆر جوان و گەنجە. دایک و باوکی لە گەنجیدا کۆچی دواییان کردووە و لەلای ئامۆزاکانیدا گەورە بووە. ڕۆژێک میوانی هەر سێ برای سەیرێ دەگەن، نزیکەی هەزار و پێنجسەد سوار. لە کۆتاییدا کە میوانەکان لەسەر سفرەی شێون، براکەی سەیرێ دەڵێت: "عەلی، بڕۆ قاپێک ئاو بێنە، خواردنەکە لە گەرووی میوانەکانماندا بەجێ ماوە." عەلی لەو ژوورەدا بەدوای قاپێکدا دەگەڕێت و لەناکاو دەچێتە ژووری سەیرێوە. هێشتا هیچی نەگوتبوو، چاوی کەوتە جوانیی سەیرێ. سەیرێش نە بە دڵێک بەڵکوو بە هەزار و پێنسەد دڵ، دڵی لە عەلی دەچێت. لە کۆتاییدا سەیرێ بە خزمەتکارەکەی دەڵێت، عەلی بانگ بکات. عەلی بە شەرمەوە چووە ژووری سەیرێ. بە یەکجاری بابەتەکەی پێ دەڵێت. دەڵێت زۆر کەس لە وڵاتانی ترەوە هاتوون داوای من بکەن، بەڵام جگە لە تۆ شوو بە هیچ کەسێک ناکەم. عەلی مامەدیش دەڵێت باشە، بەڵام من پارەم نییە. دەڵێت با ڕا بکەین. سەرەنجام دەگەنە ئەو ئاکامەی کە ڕابکەن. بەڵام بۆ کوێ بچین؟ سەیرێ خاتوون دەڵێت، جەنگاوەرێکی ئێزدی هەیە، ناوی ئیسکان گولیخانە، خاوەنی قەڵای کۆمانییە. با ڕابکەینە ئەوێ، کێشەکەمان چارەسەر دەکات.

دوای حەوت ڕۆژ و حەوت شەو خۆیان گەیاندە قەڵای کۆمانی. سەیرێ چووە ژووری پیرەکان، عەلیش چووە ژووری پیاوان. عەلی مامەد دۆخەکەی بۆ ئیسکان گولیخان گێڕایەوە، ئیسکانیش گوتی، لەسەر چاوی من، ماڵ ماڵی تۆیە، ڕەنگە ساڵانە سەدان کەسی وەک تۆ بێن، من کارەکانیان چارەسەر دەکەم و بەڕێیان دەکەم. کاتێک چاوی ئیسکان دەکەوێتە جوانیی سەیرێ، سەری سووڕ دەمێنێت و عەقڵی لەدەست دەدات.

دەڵێت هیچ شتێکی لەم چەشنە لە جیهاندا نەماوە. دەڵێت من عەلی دەکوژم، سەیرێش بۆ من دەمێنێتەوە. ئیسکان گولیخان جێگای سەیرێ و عەلی مامەد دەخاتە ژوورێک. عەلی مامەدی بە خەنجەرەکەی کوشت، کاتێک لە خەوێکی قووڵدا بوو. کاتێک خوێنی عەلی بەسەر چاوەکانی سەیرێدا دەڕژێت، لە خەو هەڵدەستێت، سەیرێ خۆی فڕێ دەداتە دەرەوە، جلەکانی دەدڕێنێت و ڕوو دەکاتە شاخەکان.

لە لووتکەی ئەو شاخانەدا حەوت ڕۆژ و شەو بە کەرەنگ و لۆپکان خۆی تێر دەکات. ڕۆژێک فەقێیەک بەلایدا تێدەپەڕێت و سەیرێ باسی دۆخەکەی بۆ دەکات. دەڵێت خۆت بگەیەنە بە براکەم، قۆل قاسم و ئەم کاغەزەی پێ بدە. فەقێ دەگاتە خاکی حەسەنان و حەیدەران. تاڵیی خۆی دەگەیەنێتە قۆل قاسم و کاغەزەکەی پێ دەدات. سەیرێ خاتوون لەسەر کاغەزێک نووسیبووی:

ل من نەمایێ

ل من و رەشا هەر سێ برایێ

ل من ئێسیرا سەرێ چیایێ

هەکە هوون پرسا م دکن ئەزێ سەرێ چیایێ ماهدییایێ

ناکەڤم بەر ڤێ رەزیلبوونا هەنێکێ

خوینا ئەلییێ مامەد کورامێ من با ئیسکانێ گولیخان وێ دەرێ بێخوەیی مایێ

و ئەردێ مایێ

قۆل قاسم لەگەڵ هەزار و پێنجسەد سوار چوون بۆ قەڵای کۆمانی. قۆل قاسم و سوارەکان چادرەکانیان لە دەوری قەڵای کۆمانی هەڵ دا، ئەویش کاغەزێکی دا بە ئەسپسوارێک و پێی گوت ئەوە بگەیەنە بە ئیسکان گولیخان. لە کاغەزەکەدا نووسیبووی، ئەو کابرایەی خوشکمی ڕفاند، تۆ کوشتت. وەرە با پاداشتێکتان پێ بدەم. ئیسکان گولیخان باوەڕی پێ دەکات و قۆل قاسم، ئیسکان دەکوژێت و تۆڵەی خۆی دەکاتەوە. پاشان قۆل قاسم دەچێتە سەر لووتکەی چیای ماهدیا. بە دوای سەیرێ خاتووندا دەگەڕێت. لە کۆتاییدا دەیبینێت و پێی دەڵێت:

وەلاهـ هەکە توئێ پرسا ئەلییێ مامەد کورامێ خوە دکێ

وەلاهـ وەزێ هاتمە کەلها جۆمانییێ، منێ ب دەستێ خوە هەیفا کورامێ خوە هلانی

ئاخخ وەیلێئێێئێێئێێ هەیلێئێێ لێئێ

 

گێڕانەوەیەکی جیاوازی سەیرێ و عەلی مامەد

ئەم چیرۆکە بە دڵنیاییەوە بەهۆی مرادۆوە لە ناوچەی تۆردا زۆر بەناوبانگە، بەڵام بێگومان ئەم چیرۆکە پێش مرادۆ گێڕدراوەتەوە. سێ ڤیدیۆی مرادۆ لە یووتیووبدا هەیە، هەموویان وەک یەکن. جگە لەوەش گۆرانییەکی حوسێن عومەری هەیە، ئەگەری زۆرە کە ئەویش گوێی لە مرادۆ گرتبێت، بەڵام تۆمارەکەی حوسێن عومەری نزیکەی بیست خولەک درێژە (هی مرادۆ نزیکەی کاتژمێرێکە). جگە لە حوسێن عومەری، ئەوەندەی لە دەنگبێژان و چیرۆکبێژانی ناوچەکە بیستوومانە، هیچ جۆرێکی دیکەمان نەدۆزیوەتەوە.

 

زانیاری لەبارەی چیرۆکی سەیرێ و عەلی مامەد

بەداخەوە لە هیچ کام لە وەشانەکاندا باسی کاتەکەی نەکراوە، هیچ زانیارییەکمان نییە بڵێین ئەم چیرۆکە لە چ ساڵانێکدا ڕوویداوە، بەڵام سەمرا دەمرەل کوت، چیرۆکی سەیرێ و عەلی مامەدی بە ناوی "ئەڤینا ڕاست" نووسیوە. لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت ئەم چیرۆکە لە سەدەی ١٧-١٨دا ڕوویداوە، بەڵام ناتوانین بە هیچ شێوەیەک ئەم زانیارییانە پشتڕاست بکەینەوە.

لە چیرۆکەکەدا هەرگیز باسی گوندی سەیرێ و عەلی مامەد نەکراوە، مرادۆ هەمیشە دەڵێت، نیشتمانی حەسەنان و حەیدەران. ئەم هۆزەش هۆزێکی هێندە گەورەیە کە ناتوانین بڵێین سەیرێ و عەلی خەڵکی ئێرەن. جگە لە خاکی حەسەنان و حەیدەران، زۆرجار باسی گوندی ئیسکان گولیخان واتە قەڵای کۆمانی دەکرێت. لە هاوێل گوندێک هەیە بە ناوی کۆمانییە، ئەگەری ئەوە هەیە ئەم گوندە ئەو گوندە بێت. مرادۆ ناڵێت ئەمە گوندی ئێزدییە، بەڵام کاتێک سەیرێ باسی ئیسکان گولیخان دەکات دەڵێت گوندی ئێزدییە. ئێستا ئەم گوندە گوندی ئێزدی نییە. جگە لەوەش لە خولەکی ٣٨.١٥، مرادۆ دەڵێت: "کانیی هەسپانی کوپراس". کوپراس گوندێکە لەسەر کەربۆران، کانیی هەسپانیش بەناوبانگە، بۆیە لە سایەی گوندی کۆمانی و کوپراسەوە دەتوانین سنوورەکانی وڵاتی حەسەنان و حەیدەران کەمێک دیاری بکەین. پێم وایە سنوورەکە کەمە، چونکە کاتێک سەیرێ بە عەلی دەڵێت ڕابکە، یەکسەر دەڵێت ئیسکان گولخانی ئاغای گوندی قەڵای کۆمانییە. لەلایەکی ترەوە دەنگبێژەکان کاتێک چیرۆکەکە دەگێڕنەوە گۆڕانکاری دروست دەکەن. ئەگەری ئەوە هەیە کە مرادۆ چیرۆکەکەی بە گوند و شاخەکانی دەوروبەری "ناوچەی تۆر" ڕازاندبێتەوە. ئاخر شوێنەکە وەک سەردەم ناناسرێت، پێویستە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.

چیرۆکی سەیرێ و عەلی مامەد چیرۆکێکی فۆلکلۆری و کۆمەڵناسی و مێژوویییە، هیوادارم لێکۆڵینەوەی مەیدانی لەسەر ئەم چیرۆکە بکرێت و ئەم چیرۆکە بە شێوەیەکی بەرفراوانتر بڵاو بکەینەوە. بەدڵنیاییەوە دەقێکی شانۆیی لەم چیرۆکە دڵڕفێنە دەردەچێت. دەنگبێژەکانمان دیالۆگەکانیشیان ئامادە کردووە، ئێستا پێموایە ئەم چیرۆکە لە دەستی شانۆنامەنووسەکانماندایە.

سەرچاوەکان:

١- زانیاری دەربارەی ژیانی لەم سەرچاوەیە وەرگیراوە: مەهمەت ئەمین ئەسلان، هۆستا ڕبابێ مراد کنێ و شیکاری شەڕەکەی بە ناوی ئۆسێ زێری، زانکۆی Van Yüzüncü Yıl، تێزی ماستەری بڵاو نەکراوە، ٢٠١٩ ل. ٤٩

2.  https://youtu.be/PaMsUmB4Wnw

3.  https://youtu.be/nDbWxVZjtfc

4. https://artigercek.com/kultur-sanat/semire-demirel-kut-seyre-ve-eliye-memedin-hikayesini-kitaplastirdi-231063h 

 

KURDŞOP
536 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!