خشڵی ژنانی موکریان - بەشی 12

لەیلا نوورانی

 

سەردەست/ سەرقۆڵ

پارچەزێڕێکە تەختی وەک سەرپشتێندە و پەرەنگی لە یەک ‌پەهلەوی، نیو پەهلەوی، ڕوبعی پێوەیە. درێژایی بەقەد قۆڵی کەوا/ کراسە و قەدیم  لەسەر قۆڵی کەوا دەیاندروو چونکە کراسی قەدیم بەسۆرانی بوو. بەڵام ئێستاکە قۆڵی کراس ساکارە و سەردەستی لێ قایم دەکرێ.

 

شام‌ڕەخت

ملوانکەیەکە پێک هاتووە لە زنجیرێکی ڕەختە، درێژایی تا سەرپشتێندە و نێوبەندی پێنج‌پەهلەوی یا دە‌پەهلەوی یا کەنەدی یا جەفحەری‌یە و هاووێنە بە مەودا سککەی چکۆڵەتری وەک دوونیوپەهلەوی یا یەک‌پەهلەوی یا نیوپەهلەوی یا لیرەی تا نزیک ئەستۆ پێوەیە. سککەکانی ساکار یا دەورتێگیراون. شام‌ڕەخت هەمان "بەرمووری لیران"ی قەدیمە، بەو جیاوازییە کە لە جیاتی مووروو زنجیری هەیە.

 

کۆچکە

پارچە‌زێڕێکە لە وێنەی شاخ و کون‌کونە و  وەک کۆچکەی مەنگوڕایەتی قیتە، نێوبەند و دوو سکەی ئەملاوئەولای شام‌ڕەختی پێوەیە.

 

 شۆڕابە

ڕیشوو یا پێی هەر خشڵێک.

" کڵفەتی بانگ کردن: لە خۆتان دەن تۆق و تەلەسم و زێڕ و سنجاق و گوارە و کرمەک/ ببێتە شۆڕابەیان جەواهیرات و وردەزەنگیانە"

(عەوڵا ڕەش‌ئەحمەدی: بەیتی پیوازان )

 

شەمایل

جۆرە سککەیەکی یەک ‌ڕوو کە وێنەی "حەزرەتی عەلی"ی لەسەرە. بۆ ممبارەکی و دوور بوون لە دەردوبەڵا بە خۆیانەوە هەڵداوەسی.

شەمایلی دوو ڕوو

سککەیەکی زێڕە لایەکی وێنەی حەزرەتی عەلییە و لایەکی وێنەی حەزرەتی محەممەدە.

 

قاش

جۆرە بەردێکی پان کە دەورەی زێڕ یا زێوی تێ‌گیراوە. قاش دەسک دەکرا و بۆ نێوبەندی تێکەڵیی یان مێخەکبەند یان بەرموور یان گوێی کەوا کەڵکی لێ وەردەگیرا. ئێستاکە بە زنجیرەوە دەکرێ و لە سەر پشتێند ڕادەوەستێ. دەکرێ ساکار بێ یا بنی بەڕیشووی سووڕەت یا ڕوبعی پێوە بێ.

 

مووروو برینجی

جۆرە مووروویەکە وەک دەنکی برینج، نێوەڕاستی کونە و ڕەنگی شین ‌وسووری هەیە و بۆ پاوانە و ملوانکە دەبێ.

 

مووروو پازار

مووروویەکی بایەخدارە، بەڵەک‌بەڵەکە، ورد و درشتی هەیە و لەگەڵ تێکەڵیی "بەرموور" دە مل دەکرێ.

(لە نێو موورووان پازاری/ دەرمانی دەردەداری)

داودەرمان

ئەگەر کەسێک نەخۆش بێ و کەس لە دەردی حاڵی نەبێ، وردی ئەو مووروویەی بۆ دەکەنە دەستەوانە و لە دەستی دەکەن جا ئەگەر دەنک‌دەنک بقەڵشێ دەڵێن ئەوە مووروویەکە مردووە و نەخۆشییەکەی لەسەر لادەچێ و بەرەو چاکی دەڕوا. بەکورتی، ئەو مووروویە نەخۆشی دەگرێ.

 

مووروو تا

جۆرێک یاقیقی سوورە، هەرکەس تاوتوێی بایە وێیان دەخست.

 

موورووتاوک

جۆرە مووروویەکی لە دارتاوک داتاشراوە.

باوەڕ

# کافران هەر بە قەتاری وشترێ هەڵدەکاڵان، پێغەمبەر (د) ئەگە نوشتووی بۆ دەکردن کافران دەیاندیتەوە و فڕێیان دەدا و هەمان دەستوور بە قەتاری وشتری موسوڵمانان هەڵدەکاڵان، هەتا پێغەمبەر فەرمووی قەڵپووزی زینی وشترەکانتان لە دارتاوکی چا کەن، ئەوجار کافران زەفەریان پێ‌نەدەبرد.

# موورووە تاوک لەگەڵ موورووی شین بۆ چاوەزار دەبێ.

# موورووە تاوک متفەڕکە، لە ماڵێ هەڵیداوەسن، وەمنداڵی دەخەن، دەبەر حەیوانی دەکەن یا بێری وەلاسکی ستڵی هەڵداوەسن.

# هەر چادروچیغێک کە موورووەدارتاوک یا دارتاوکی پێوە بێ، نە با هەڵیدەگرێ و نە برووسک لێی‌دەدا.

 

مووروو تۆوشووتی

جۆرە مووروویەکی شین یان کەسک یان سوورە کە بۆ ملوانکە لەگەڵ زەنگیانە یان بیجادە دەهۆنرێتەوە.

 

مووروو تۆوکاڵەک

مووروویەکە بە شێوەی دەنکی کاڵەک، شین و سووری هەیە و بۆ ملوانکە دەبێ.

 

مووروو تەرزە

مووروویەکی سپی نێوسوورە کە لەگەڵ بەرموور یان مێخەکبەند دەهۆنرێتەوە.

باوەڕ

# موورووەتەرزە لەگەڵ تەرزە دەبارێ.

# هەرکەس ئەو مووروویە ببینێتەوە بەختی دەبێ.

داودەرمان

ئەم مووروویە بۆ باداریی دەرمانە.

 

مووروو تەشوێ‌تاش/ مووروو کریستاڵ

مووروویەکی شووشەی وردە، لە چەند لاڕا سووچی هەیە، لەگەڵ مێخەکبەند دەهۆنرێتەوە و بۆ ملوانکەش لەگەڵ موورووی دیکە پێوە دەکرێ و دەکرێ لەگەڵ لیرە و پەهلەوی یان سووڕەتیش بۆ گۆبەند بهۆندرێتەوە. بۆ کوڕەمەکەش دەکار دەکرا.

 

سەرچاوە:

 "فەرهەنگی جلوبەرگ و خشڵوخاڵی ژنانی موکریان

لەیلانوورانی، سەلاح پایانیانی"

KURDŞOP
550 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!