پیشەی جۆڵایی لە کوردەواری – بەشی 10

لەیلا نوورانی

 

دوو بە دانە

ڕەد بوونی دوو ڕایەڵ بە کەلوویەک‌دا، واتە دوو هەودای ڕایەڵ بە مابەینی ددانەکانی "شە"دا. جاجم و بەرماڵ " دوو بە دانە"ن. دانە بە مانای "شە"یە.

 

دەزگای جۆڵایی

مەکینەی تایبەت بە تەنینی جاو، خام، بەرماڵ، جاجم، پۆپەشمین و بووزوو، کە کۆمەڵێک ئامرازی لە دار و تەختە و بەن، ساز کراوە و لەسەر نەزمێکی ڕێک‌وپێک تێک‌خراوە و جۆڵا کاری پێ دەکا.

مەتەڵ

"ئەوە چێ، ئاسن و بەن و گڵۆڵە/ وێم خست ڕەشی دوولا/ لێم‌خوڕی کردێ قوولە"

وڵام: دەزگای جۆڵایی

 

"سێ‌موور لە لکی دارێ/ خۆی هاویشتە چنارێ/تا چنارە دەبزوێ/ سێ‌موورە دەگرێ بەرێ؟! "

وڵام: دەزگای جۆڵایی

 

ڕایەڵ: تان.

ڕایەڵ کردن

کردنی گڵۆڵە بە هەودا، لە مابەینی دوو یا چەند گیرگەدا، "ڕایەڵکردن"، بە مانای هاتوچۆ کردنی زۆر، یا هاتوچۆ کردنی بەپەلە.

 

ڕەنگ‌کردن

گۆڕینی ڕەنگی بەن بە شێوەی دەستکرد. تێبینی: بەن بۆ ئەوەی ڕەنگی دڵخواز بگرێ، وەک سوور، شین، کەسک، زەرد و ... دەکرێتە ماشەر و دەنێردرێته لای خمگەر یا ڕەنگ‌ڕێز، ڕەنگ کردن یا بە جەوهەر یا بە گیا دەکرێ. جەوهەر مادەیەکی کیمیایییە و دەگیرێتەوە. ڕەنگکردنی بە گیا، بریتییە لە "ڕۆنیاس"، بۆ ڕەنگی سووری پەمەیی تۆخ، " توێکڵی گوێز" بۆ  ڕەنگی سووری خەنەیی، "تاڵک" بۆ ڕەنگی ڕەشی ئاماڵ زەرد، " زەرتک " بۆ ڕەنگی زەردی گەش، ئەو ڕەنگانە بۆ بەنی سپی دەکار دەکرێن. بەڵام کە بێت و بەنی ڕەنگدار دیسان بە گیا ڕەنگ بکرێتەوە گەلێک ڕەنگی ئامێتە و لێکدراوی نوێ ساز دەکرێن. بۆ وێنە: بەنی سوور دەخرێتە نێو ئاوی کوڵیوی توێکڵە‌گوێز و دەبێتە ‌‌" سوورگوێز". بەن لە دوای ڕەنگ‌کردنی "ئاخشەر" دەدرێ هەتا ڕەنگەکە نەگۆڕ بمێنێتەوە و دەوامی زیاتر بێ. ڕەنگ کردن تایبەتی بەنە، مەرەز ڕەنگ ناگرێ، بەڵام بۆ سازکردنی ڕەنگی دڵخواز، تێکەڵ دەکرێ.

ڕیس

هەر کۆڵکەیەک کە بە تەشی یا خەڕەک ڕێسرابێ.

 

زنجیرە

شێوەیەکی هەڵبەستنە کە تایبەتە بە بەرماڵ، بەڵام بەو مانایە نییە کە جاجم و پۆپەشمینیش زنجیرە نەکرێن، لەم شێوەیەدا بنی ڕیشووەکان وەک پرچ دەهۆندرێتەوە و پاشان ڕیشووەکان دەستە‌دەستە دەکرێن و بنەکەیان گرێ دەدرێ.

(بڕ :وێنەی 80)

سفت

بریتییە لەو کرەی کە پۆیەکانی زۆر کوترابێتەوە و لەگەڵ تانەکان توند تێک‌ بەزیبن.

 

سەردڕ

۱. کرێکی جۆڵایی بووە لە لۆکە، کە چەشنە جلکێکی هەرزانبایی لێ دروست کراوە و کاتی پێویست لەسەر جلوبەرگی باش دەبەر کراوە تا ئاگاداریی لێ بکا.

۲. شاگردانەی جۆڵایانە.

۳. حەقدەستی جۆڵا، نەک بە پارە، بەڵکوو بە کر یا کەرەسە.

"وەک جۆڵا بە سەردڕی خۆی ڕازی نێ": واتا شتی خۆی لە لا سووکە.

 

سەردروو

پێکەوەدانی دوو تەختەی کر، بە شێوەی  تەقەڵی ئاسایی و سادە.

 

سەرەتەشی

هەندێ جار بۆ کارئاسانی، ئەو بەنەی بە کلکی تەشییەوە ڕێسراوە و هەڵکراوە، دادەماڵن و وەک گڵۆڵە کەڵکی لێ‌وەردەگرن، کەوایە "سەرەتەشی" گڵۆڵەیەکە بە دەست هەڵنەکرابێ، بەڵکوو لە تەشی داماڵدرابێ. سەرەخڕیلە/ سەرخڕیلکە. (بڕ : وێنەی 81 و82).

سێ‌بەدانە

ڕەدبوونی سێ ڕایەڵ بە کەلوویەکدا، واتە سێ هەودای ڕایەڵ بە مابەینی ددانەیەکی "شە"دا، بووزوو سێ‌بەدانەیە. چا دوو بەدانە.

 

شاش

بریتییە لەو کرەی کە پۆیەکانی چاک نەکوترابنەوە و لەگەڵ تانەکان مەودایان هەبێ.

 

شەپیتکە

جۆڵا، بو سفت کردنی تەنراو، لە بەینی هەر جارە تێوەدانی مەکووکدا، یەک دوو جار بە شەق و هۆڕ دەفە پێ‌دادەدا. بەم کارە دەڵێن: "شەپیتکە پێوەدان، شەپیتکە لێدان"/ شەپیته.

 لە پەندی پێشیناندا بۆ کارێکی کە هێشتا حازر نەبێ، بەڵام قسە لەسەر بەرهەمەکەی بکرێ،دەڵێن: " هێشتا نەڕێسراوە و نەپێچراوە، شەققەی دێ." شەققە لێرەدا مەبەست لە شەپیتە پێوەدانە.

 

شەش‌تەقەڵە

بۆ ئەوەی تەختە‌کانی کر لێک‌هەڵنەبڕێن، جۆڵا لە سێ جێگاوە تەقەڵی لێ دەدا و بەینی تەقەڵەکان بە نەدرواوی دەهێڵێتەوە. بەم پێکەوەدانە کەتیی‌یەی جۆڵا دەڵێن: "شەش‌تەقەڵە". شەش‌تەقەڵ و مانگەشەو واتە کاری بەپەلە و عەیبدار.

 

قورغوو

قامیشێکی سەخت و ڕێک و لووس و قایمە، ددانەی شەی جۆڵایی لێ ساز دەکرێ. پانایی هەر ددانەی تا نیو سانت و درێژایییەکەی پازدە تا کەمتر لە بیست سانتە.ددانەی لە قورغوو، هەرچەند زۆر سەخت و قایمە، بەڵام وەک پلاستیک خوار دەبێتەوە و ناشکێ. (بڕ: وێنەی 83 و84)

کۆل

دوو پارچە تەختە یا دوو پارچە‌ئاسنی سافن کە  بووزوویان دەخرێتە ناو و بەتوندی پێکەوە دەنووسێنرێن تا بووزووەکە ساف بکەن و بریقەی وێخەن. ئێستا ئەو کارە بە ئوتوو ئەنجام دەدرێ.  (بڕ: وێنەی 85).

(سەرچاوە: گەشتێک بە کارگەی جۆڵایی‌دا، عەبدووڵڵا سەمەدی)

KURDŞOP
612 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!