نان لە زمان و کەلتووری کوردیدا - بەشی1

 

نان

 هەویری ئاردی گەنم، جۆ، هەرزن و گوڵەدان و شتی‌وا کە بە تەندوور، سێڵ یا دەزگای ئەوڕۆیی دەبرژێ.

 

نان کردن

دروست‌کردنی نان.

" دایکی وەختێک نانی دەکرد، لە هەویری بنی سوێنەکە ئەنگوتکێکی چووکەڵەی دەگرت و نانێکی چووکیشی بۆ هەتاو لێ دروست دەکرد."

(حەسەن‌زادە هەتاو: 39)

نان کردنەوە/ تیر لێدان

پان کردنەوەی ئەنگوتک و تیر لەسەر گێڕانی.

 

نان پێوەدان

بە تەندوورەوەدانی هەویری ڕاهاوێژراوی سەر ڕفێدە.

 

نان‌چوون

لێ‌بوونەوە و بەربوونەوەی نان یا بەشێک لە نانی نەبرژاو لە تەندوور بەهۆی بێ‌خوێ‌بوون یا ساردبوونەوەی تەندوور و شتی لەم بابەتە.

نان دان

۱. زەوییەک کە بەروبووی باشی دەبێ.

"زەوییەکە شکوور نانی دەدا."

۲. نان‌بدە بوون، میوان‌گر بوون.

"قەت بووە لەکنە خۆت پیاوەتی بکەی، بدەیەوە نانی/ قەت واش دەبێ، بێ‌ڕوحمی و بێ‌ئیمانی/ سەری دوازدە برایان ببڕی لەسەر سفرەی دە نانی ".

(بەیتی کاکەمیر و کاکەشێخ)

 

لە نان بوونەوە

تەواوی هاتن لە نان کردن.

"لانکە دووکەڵی دەکرد، نانکەرە دەریهێناوە، هاویشتێ سەر تەپۆلکێ، ئەگە لە نانی بۆوە، دەستی دایە و بردێ ماڵێ و هاویشتێ پشت پێڕکێ و دیسان بۆوە بە دەنکەهەنار.  "

(خەجێ نان‌نەخۆر، هەقایەتی دەنکەهەنار)

هاتنە نان

۱. ئامادەبوونی تەندوور بۆ نان پێ‌کردن.

"تەندوورەکە هاتۆتە نانی با ڕێ‌کەوین."

۲. هەڵاتن و لەباربوونی هەویر بۆ کردنە نان.

" دەغڵەسپیلکە نایەتە نانی."

 

 جۆرەکانی نان

 

نان‌تیر

۱. بە شیر دەشێلدرێ و بە ڕۆنی کەرە دەستاو دەدرێ، ڕەشکەی تێ‌دەکرێ و بە سێڵ دەکرێ.

"ناسک دەکوشێ پەنیری/ ناز دەشێلێ هەویری‌‌/کاڵێ دەکا نان تیری"

(هێمن، دیوانی هێمن موکریانی)

۲. ئەو نانەی نان‌کەرەوەکەی، ئەنگوتکان بە تیر پان دەکاتەوە.

تێبینی:

 تیر: دارووکەیەکی خەڕاتی‌کراو بۆ ئەنگوتک پان‌کردنەوە/تیرۆک.

نان‌ساجی/ نان شلکی/ نانی سێڵ

ئەو نانەی کە بە سێڵ کرابێ.

" یەکێک نانی دەکرد و یەکێک لەسەر سێڵ دەیبرژاند. نانی ئەستوور و زەردوسووری سێڵی لەلای ڕاستی نان‌کەرەکە هەڵچنابوو..."

(حەسەن‌زادە، حەمەدۆک،ب۱)

 

نانەتەپی

نانی بەدەست پان‌کراوە کە بە زۆری بە سێڵ دەکرێ.

 

نانەبستە

جۆرە شیرنییەکی ئیشک و ناسک و چووکە لە ئارد و شەکر، بیسکویت.

"... ئەم سەرەچووکەڵە لە پشتەوەڕا ڕاستەوخو یەک پارچە دەهاتە خوار بۆ سەر ملی، بەڵام لە پێشەوەڕا کەللـەسەری وەک نانەبستە دەهاتە سەر نێوچاوانێکی قوپیو لەنەکاو پان دەبووەوە."

(حەسەن‌زادە، دان‌چەرموو)

 

نان‌پانکە

نانی ئەستوور و خەپلە بۆ هەرمێشک.

 

نان‌پەنیرە

جۆرە نانێک لە شێوەی کەلانە کە لەجیاتی سیروکوڕادە/ تەڕەپیواز پەنیری تێ دەکرێ.

 

نانە‌چەورە

نانی ئەستووری بەچەوری پێوەدراو.

باوەڕ

نانە‌چەورەیان دە بن بووک دەنا، هەر منداڵێک بەلای بووکدا ڕۆیشتبا، بووک پەنجەنانێکی دەدایە.

 

نانەخڕە

نانی ئەستوور و ڕشکاوی، هەر لە هەویری دەرچوو لێی‌دەکەنەوە و ڕۆنی تێهەڵدەسوون و دەیکەن بە چنگاڵ.

 

نانەخوولکە/ نانەخوولە

جۆرە نانێکی ئەستوور و کورت و نەبرژاو کە بە چەورکراوی دەخورێ.

KURDŞOP
533 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!