پیشەی جۆڵایی لە کوردەواری – بەشی 9


لەیلا نوورانی

 

وشە و کەرەستە و زاراوەکانی جۆڵایی

 

تان

ئەو هەودایەیە کە لە بەردەم جۆڵاوە تا دوایی دەزگاکە کێشراوە و بووەتە داوی درێژایی " کر"ەکە. جۆڵا بە "مەکووک" لەسەر ئەو "تان"ە  "پۆ " تێهەڵکێش دەکا و کرەکە دەتەنێ.

(بڕ: وێنەی 75)

مەتەڵ

 " دەعبایەک هات بە هۆهۆ، نە تانی هەیە و نە پۆ": لباد

تروندە

ئەو دەستە بەنەیە کە لەسەر کارخانەی نانەوە، بە ژمارە و بە ڕەنگ ڕایەڵ‌ کراوە و ئامادەیە بچێتە سەر دەزگای جۆڵایی. لە تروندەدا ڕایەڵی ڕەش و سپی، یا ڕەنگی، هەرکام جێگایان لە دەزگای جۆڵاییدا بۆ دیاری دەکرێ. ( بڕ: وێنەی 76 ).

ژمارەی ڕایەڵەکانی بەرماڵ لە تروندەدا بەم چەشنەیە: بەرماڵی ئاسایی100جووت بۆ تەخت و 20 جووت بۆ حاشێ (سەرجەم 120 جووت ڕایەڵ)، بەرماڵی بەرپان، 120 جووت بۆ تەخت و 20 جووت بۆ حاشێ (سەرجەم 140 جووت ڕایەڵ) و 140 جووت بۆ تەخت و 20 جووت بۆ حاشێ (سەرجەم 160 جووت ڕایەڵ).

تەخت

بریتییە لە مەتن و بنەکوکی کر کە دەکەوێتە دەورانبەری نەخش و وێنەکان. زۆرینەی ڕایەڵەکانی کر، لەسەر هەر ڕەنگێک بێ، ئەو ڕەنگە تەختی کرەکە پێک‌دێنێ، بۆ وێنە دەڵێن: "ئەو بەرماڵە تەختی لەسەر سوورە، یا تەختی لەسەر سپییە".

 

تەختە

هەر بەشێک لە کر، کە بە پانایی دەفە دەتەنرێ، یەک "تەختە"ی پێ دەگوترێ. جاجم و پۆپەشمین چوار تەختەن، بەرماڵ دوو تەختەیە و بۆزووش تەسک و باریکە و هەر بە یەک تەختەی درێژەوە دەتەنرێ. هەندێ دەزگای جۆڵایی دەفە و گورد و شانەی پانیان هەیە و دەکرێ دوو تەختەی بەسەر یەکەوە پێ‌بتەنرێ. کەوایە لە دەزگای پاندا جاجم و پۆپەشمین دەکرێتە دوو تەختە، بەرماڵ دەکرێتە یەک تەختە.

تەنراو

ئەو کرەیە کە بە دەزگای جۆڵایی هاتبێتە بەرهەم، وەک جاجم، بەرماڵ، پۆپەشمین، بووزوو، جاو، خام، هەروەها لەسەر دەزگای جۆڵایی، بەو بەشە "ڕایەڵ"ە دەگوترێ کە بەهۆی "پۆ"ی مەکووکەوە تەنرابێ.

(بڕ: وێنەی 77)

تێوەدان

بریتی‌یە لە هێنان و بردنی مەکووک بۆ ڕاست و چەپ، کە جۆڵا بەم کارە "پۆ" تێهەڵکێشی ڕایەڵەکان دەکا. هەروەها بە بەنی "پۆ" ش دەگوترێ. (بڕ: وێنەی 78 و 79).

 

جاوەتەنە: جۆڵاتەنە.

جاوەڵووکە: جۆڵاتەنە.

 

جۆڵا

وەستای جۆڵایی، ئەو کەسەی لەسەر دەزگای جۆڵایی جاجم، بەرماڵ، پۆپەشمین، بووزوو، جاو و خام دەتەنێ.

جۆڵایی

کاری تەنینی جاجم و بەرماڵ و پۆپەشمین و بووزوو و جاو و خام، بە دەزگای تایبەت.

 

چارەگ

چەند هەودایەک بەنە کە دەکەوێتە نێوان گرێکانی سەر دارگورد، و بیست بیست لێکیان جیا دەکاتەە، بە واتایەکی‌تر، سنووری نێوان "پێ"یەکانی گورد دیاری دەکا، تا بەرینایی کرەکە بدا بە دەستەوە.

چلە

هەر یەک لە کرەکانی جۆڵایی لە ئەندازی خۆیان درێژایی دیاریکراویان هەیە، کە دەبێ جۆڵا لە کاتی ڕایەڵ‌کردنی "بەن"دا ئەو درێژایی‌یە وەبەرچاو بگرێ. بۆ نموونە درێژیی بەرماڵ گەزونیوێکە تا دوو گەز. بەڵام ئەگەر وەستای ناشی و تازەکار هەندی سێ گەزی بەن بۆ ڕایەڵ بکا، لە تەنیندا ناچارە کە گەیشتە دوو گەز، کارەکە ڕابگرێ، ئەگینا بەرماڵی سێ گەزی لە قەوارەی خۆی ترازاوە و سەقەتە. لێرەدا هەندی گەزێک ڕایەڵی زیادی دەمێنێتەوە کە یەک هەوداش نییە تا بۆ کارێکی تر کەڵکی لێ‌وەربگیرێ، بەڵکوو بریتییە لە هەشتا تا سەدوشێست هەودای یەک میتری، کە بە ناعیلاجی دەبێ ببڕدرێ. بە قانگڵەکراو و گرێدراوی ئەو دەستە‌بەنە کوت‌کوتە دەڵێن: "چلە".

چیکەنە

خەڕەکی تایبەت بە خاوێن‌کردنەوەی لۆکە، وەک خەڕەکی لوولە هەڵکردن، دەسکەکەی بادەدرێ و لۆکەی وەبەر دەدرێ. لەگەڵ سووڕاندنەکە لۆکە دەڕواتە ژوور و دەنکەکەی بەجێ‌دەمێنێ.

 

خۆڕەنگ

بو بەنە دەگوترێ کە لە لای خمگەر ڕەنگ نەکرابێ، بەڵکوو ڕەنگەکە هی خۆی بێ. خۆڕەنگەکان بریتین لە : سپی، ڕەش، سوور، شین یا شینکی، نەباتی، گورگی. هەڵبەت لە کاری جۆڵایی‌دا سوور بە مانای ڕەنگی خۆێن نییە، بەڵکوو بە ڕەنگی ئاماڵ قاوەیی دەگوترێ.

(هەژار بۆ تەونی ئو کرە لەبار و سفتەی خۆی، شێوەی موکریانی کردۆتە تەخت و بۆ نەخش و وێنەکانی وشەی ڕەنگین و خۆڕەنگ و جوانی هەموو زاراوەکانی تێوەداوە و تا بۆی کراوە خۆی لە ڕایەڵ و پۆی وشەی نامۆ و بێگانە و کوردیی داتاشراوی  ناقۆلا و ناڕەسەنی تازە پێداکەوتوو پاراستووە.)

"پێشەکیی مامۆستاهێمن لەسەر وەرگێڕاوی کوردیی شەڕەفنامە   "

خۆری: پەشم.

داو: تان.

داوەتەنە: جۆڵاتەنە.

"سەرچاوە: گەشتێک بە کارگەی جۆڵایی‌دا، سەمدی، عەبدووڵڵا"

KURDŞOP
587 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!