ناوەندی ڕۆشنبیریی "مەم و زین" لە هەولێر

 

کوردشۆپ - مەم و زین پرۆژەیەکی ئەدەبی و فەرهەنگیی کوردی بوو کە ساڵی ٢٠١٩ لەسەر دەستی چەند گەنجێک لە هەولێر دامەزرا و دواتر بەرەبەرە گەشەی سەند تا بووە یەکێک لە ناوەندە ڕۆشنبیرییە دیار و چالاکەکان لە هەرێمی کوردستان، کە نەک بە تەنها لە باشووری کوردستان، بگرە لە بەشەکانی تریش دەنگ و پێگە و جێ دەستی لە کایەی ئەدەب و فەرهەنگ بەجێ هێشت و توانی ببێت بە جێگای شانازی و باوەڕی ڕۆشنبیرانی کورد.

"بوخاری وشیار"، نووسەر و یەکێک لە سەرپەرشتیارانی ناوەندی "مەم و زین"، سەبارەت بە "ئامانجی دامەزراندنی ئەم ناوەندە ڕۆشنبیرییە، بە "کوردشۆپ"ی ڕاگەیاند:

"هەر لە سەرەتاوە مەم و زین وەک ناوەندێکی نیشتمانی بونیاد نرا و دامەزرا و هەمیشە هەڵگری پەیامێکی نیشتمانی بووە. مەم و زین بە ئامانجی برەودان بە فەرهەنگ، ئەدەب و ڕۆشنبیریی کوردی بەردەوامیی بە کار و چالاکییەکانی داوە، لەپێناو ئەو ئامانجانەشیدا تا ئێستا تووشی زۆر کێشە و گرفت و بەربەست بووەتەوە، چوونکە بێ جیاوازی تێکۆشاوە بۆ خزمەتی ئەدەبی کوردی و هەرگیز لایەنگریی سیاسی و ئایدۆلۆژیکی پێوە دیار نەبووە. مەم و زین لەو باوەڕەدایە کە دەبێ ناوەندە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییە کوردییەکان بەبێ لایەنگریی سیاسی و ئایدۆلۆژی، خزمەت بە وێژەی کوردی بکەن، لەم پەیامەشدا بە شانازییەوە دەستپێشخەر و تاقانە بووە."

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی "مەم و زین" ئەوەیە کە هەم کافەیە و هەم کتێبفرۆشی؛ "بوخاری وشیار" لە وڵامی ئەم پرسیارەدا کە "سەردانیکاران زۆرتر بۆ کافەکە دێن یان کڕینی کتێب؟"، گوتی:

"لە ڕاستیدا بوونی کافەکتێب لە کوردستاندا شتێکی تازەیە و دەکرێت بڵێم بەر لە مەم و زین چەند کافەکتێبێک لە شارەکانی تری هەرێمی کوردستان هەبوون، بەڵام بەنسبەت شاری هەولێر مەم و زین یەکەمین کافەکتێب بوو کە دامەزرا. کافەکتێب لە دونیادا مێژوویەکی درێژی هەیە. تایبەتمەندیی ئەمەش لەوەدایە کە بتوانرێت لەڕێگای کافەوە خەڵکی ئاشنای کتێب و کتێبخانەکان بکرێن. لەم ڕووەشەوە مەم و زین توانیویەتی لەڕێگای ئەم شێوازە کارکردنەی کافەکتێبخانەوە کەسانێکی زۆر ئاشنای کتێب بکات کە دواتر خوێنەری چاکیشیان لێ دەرچووە."

یەکێک لە چالاکییە دیار و جێ بایەخەکانی "مەم و زین"، چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی کوردییە و تا ئێستا دەیان کتێبیان چاپ و بڵاو کردووەتەوە. "بوخاری وشیار" لەمبارەوە بە "کوردشۆپ"ی گوت:

"مەم و زین هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە دەستی بە چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی کوردی کردووە و تا ئێستاش بەردەوامە. بەشی چاپ و بڵاوکردنەوەی ناوەندی ڕۆشنبیریی مەم و زین لە ماوەی پێنج ساڵ کارکردنیدا توانیویەتی نزیکی چل کتێب بە زمانی شیرینی کوردی چاپ و بڵاو بکاتەوە. مەم و زین وەک هەموو دەزگاکانی تری چاپ و بڵاوکردنەوە پێوەری تایبەت بەخۆی هەیە بۆ هەڵبژاردنی کتێب و چاپکردنی، یەکێک لەو شتانەی کە مەم و زین لە دەزگاکانی تر جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە مەم و زین زیاتر گرینگی بە بەرهەمی نووسەرانی کورد دەدات و کەمتر دەست بۆ وەرگێڕان دەبات، جگە لەمە مەم و زین مەبەستییەتی زیاتر ئەدەب و فیکر و مێژوو و توێژینەوەی کوردی بەچاپ بگەیەنێت، خۆشحاڵانەش دەتوانین بڵێین تا ئێستا چەندین کتێبی گرینگی لە بابەت مێژوو، ئەدەب، فیکر و گێڕانەوەی کوردیی بەچاپ گەیاندووە کە جێگایان لەنێو خوێنەراندا دیارە."

چالاکییەکی تری "مەم و زین" کە بووەتە هۆی ناسینی زیاتری ئەم ناوەندە ڕۆشنبیرییە، بەڕێوەبردنی کۆڕی ئەدەبییە بۆ نووسەران و شاعیران، کە لەلایەکی ترەوە خزمەتێکی گەورەشە بە نووسەران و شاعیران تاکوو باشتر خۆیان و بەرهەمەکانیان بە خەڵک بناسێنن. "بوخاری وشیار" لەمبارەوە باسی لەوە کرد:

"هاوشێوەی چاپی کتێبەکانی مەم و زین، کۆڕەکانیش ئەدەبین، هەفتانە لە مەم و زین کۆڕێک بەڕێوە دەچێت، کۆڕەکانیش زۆرجار بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبێکی نوێی نووسەرێکی کوردە و زۆرجار سەبارەت بە بابەتێکی ئەدەبیی پەیوەست بە کوردەوە لە مەم و زین کۆڕ گیراوە، سازکردنی ئەم کۆڕانەش بە مەبەستی چالاکبوونی کەرتی ڕۆشنبیرییە لە کوردستان و بونیادنانی گفتوگۆ و ڕەخنەی جیددین لەنێو ڕۆشنبیرانی کورددا."

وێڕای کۆڕی ئەدەبی و چاپکردنی کتێب، ئەم ناوەندە ڕۆشنبیرییە فێستیڤاڵێکی ساڵانەش لە ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان بەڕێوە دەبات و خەڵاتی "مەم و زین" دەبەخشیت کە ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی ئەم ناوەندە لە تەواوی کوردستاندا بناسرێت. "بوخاری وشیار" سەبارەت بەم بابەتە بە "کوردشۆپ"ی ڕاگەیاند:

"دەکرێ بڵێم یەکێک لە کارە هەرەگرینگ و بەرچاوەکانی ناوەندی ڕۆشنبیریی مەم و زین دامەزراندنی ئەم فێستیڤاڵە ئەدەبییەیە، کە فێستیڤاڵێکی ناوچەیی نییە و فێستیڤاڵی هەرچوارلای کوردستانە. فێستیڤاڵی مەم و زین فێستیڤاڵێکی ئەدەبییە و ساڵانە لە پاییزدا بەڕێوە دەچێت، تایبەتمەندیی ئەم فێستیڤاڵە ئەوەیە کە نووسەر، ڕۆشنبیر و کەسایەتییەکانی ڕۆژهەڵات و باکوور و باشوور و ڕۆژاوای کوردستان تێیدا بەشدار دەبن. ئەم فێستیڤاڵە چەند بڕگە و چالاکییەکی هونەری و ئەدەبی لەخۆ دەگرێت، یەکێک لە بڕگەکان دیداری ئەدەبییە کە هەرجارەو سەبارەت بە کایەیەکی ئەدەبی کوردی ساز دەکرێت و نووسەرانی هەر چوارلای کوردستان تێیدا بەشدار دەبن و لەسەر پرسەکە لە ڕوانگەی خۆیانەوە گفتوگۆ دەکەن و بۆچوونی خۆیان دەردەبڕن. لەم فێستیڤاڵەدا خەڵاتی مەم و زین پێشکەش بە نووسەر و وەرگێڕێکی دیاری کورد دەکرێت کە پێشووتر لەلایەن لێژنەیەکەوە بۆ وەرگرتنی ئەم خەڵاتە هەڵدەبژێردرێت. خۆشبەختانە فێستیڤاڵی مەم و زین تا ئێستا توانیویەتی بە سەرکەوتوویی ڕۆڵێکی ئێجگار کاریگەر بگێڕێت و ئەم نووسەرانەی کە خەڵاتی مەم و زینبیان پێ بەخشراوە بە تەنها نووسەرانی باشوور نەبوونە، بەڵکوو نووسەرانی باکوور و ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بوونە، بۆیە دەکرێت بڵێین فێستیڤاڵی مەم و زین فێستیڤاڵی کوردستانی گەورەیە."

"بوخاری وشیار" لە کۆتاییدا زیادی کرد:

"مەم و زین بە تەنها خاوەنی ئەم پڕۆژە و چالاکییانە نییە کە باسیان لێوە کرا، بەڵکوو لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەردەوام ناوەندێکی چالاک و بەشدار بووە لە فێستیڤاڵ و پێشانگاکاندا، ساڵانە لە پێشانگا نێودەوڵەتییەکانی کتێب لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەشدارە و تا ئێستا چەندین جار کتێبی بۆ کۆمەڵێک شوێنی حکوومی دابین کردووە و دەستی هەبووە لە دامەزراندنی چەندین کتێبخانەی تر لە کوردستان، جگە لەمانە پڕۆژەی "شایەن" یەکێکە لە پڕۆژە بەنرخەکانی مەم و زین کە تیایدا ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرە کوردانەی کە ساڵانێک خزمەتیان بە نووسین و ئەدەبی کوردی کردووە بەسەریان دەکاتەوە و لەهەمبەر ئەو خزمەتە پیرۆزەی کردوویانە، خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێ دەبەخشێت."

 

KURDŞOP
636 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!