ئامێرەکانی ژیانی کوردەواری - تەندوور

تەندوور

ئامرازێکی خەڵەڵەبیچمی لە گڵ چێکراو بۆ نان کردن، دۆ لەسەر کوڵاندنەوە، چێشت لەسەر لێنان و مەبەستی لەم بابەتە. تەندوور بەزۆری لە گڵەسوور، گڵەجان یا لێکدراوی گڵەچەقە و گڵەجانە ساز دەکرێ. چینەی ژێر و لێوەکانی مووی بزنی ڕەگەڵ دەخەن هەتا نەپچڕێ و لێک نەبێتەوە.  مووی ڕەشی دەگەڵ تێکەڵ دەکەن، مووی سپی لەبەر پیاوچاک و گەورەگەوران، گوناحە.

 

پشتی تەندوور

۱. ئەو بەشە لە تەندوور کە نانی پێوەدەدرێ.

۲. بە مەجاز، هێز و توانای نان پێ‌کران.

 

تەندوورئاور/تەندوورە چکۆڵە

جۆرە تەندوورێکی بچووک‌تر لە تەندووری نان پێ‌کردن، بۆ چێشت لەسەر لێ‌نان و دۆ کوڵاندنەوە.

 

تەندووری کووپە

کووپەی لە عەرز دەرهێنراو کە وەکوو تەندوور کەڵکی لێ‌وەردەگیرێ. "ئی وایە کوپەی لە حەرزی دەرهێناوەتەوە، سازوبازە، ڕاستی داران تێ‌داوێی و نانی خۆتی پێ‌دەکەی."

 

تەندووری یەکدەست

تەندووری تایبەتیی کە تەنیا ماڵێک نانی پێ‌دەکا.

 

گوێ‌تەندوور

دەوروبەری تەندوور. "بۆ داستانان دانەدەمان، زۆربەی شەوان زۆربەی دەمان، لەبەر ئاو و گوێ‌تەندووران، لە سوێیان و دەروژووران، حیکایەتیان دادەبەستن."

(مەلا کەریم ساردەکۆسانی: شەوارە)

 

قوون‌تەندوور

هەر چوار دەوری تەندوور.

 "دەروێش بەئەسپایی هاتەژوورێ، لە قوون‌تەندوورێ ڕۆنیشت ... "

(فەتاح ئەمیری، زیندەخەو)

قوون‌تەندوور تێ‌کردنەوە

پڕکردنەوە و سواغ‌کردنی قوون‌تەندوور.

 

چاو

کونی گڵوێنە لە دیوی تەندوورڕا.

" پێش چاوەکەت هەموو گرتوە هێندەت ورکە تێ‌ڕشتووە."

 

کوێرەمرە

گڕی کەم و سیس.

 

کوێرەمرە کردنی تەندوور

بە گڕی کەم ئایسانی تەندوور.

 

گوڵوێنە/ گوڵبێنە/ گوڵوێنە

باکێشی تەندوور

 

باوەڕ

وەختی شەڕەکەڵ، ژن دەرپێ یا پاتۆڵی خۆیان دە گڵوێنەی داخنی دەیانکوت با کەڵەکەی مە نەبەزێ.

 

گڵوێن‌ئاخن/ گڵوێن‌گرە

تۆپەوانەیەک لە پەڕۆ بۆئاخنینی گڵوێنە.

 

پشت‌چوونی تەندوور/ لە ساوکەوتنی تەندوور

نەمانی توانای نان پێ‌کرانی تەندوور بەهۆی خرا بوون یا ساردبوونەوە. ئەگەر پشت‌چوونی تەندوور بەهۆی ساردبوونەوە بێ، بە وردە، ئیشکەڵەدار، تاڵوو و قاللۆرەسوور و شتی‌وا بەراوێژە دەکرێتەوە، ئەگەریش گەرمایی ڕانەگرتن و زوو ساردبوونەوەی بەهۆی خراپ دروست‌کران یا خرابوونەوە بێ، بە دووگی مەڕ یا خوێواوک دەیشۆن هەتا وەک دەڵێن: " پشتی بێتەوە ."

 

دەستی بەپشت

تایبەتیی ئەو تەندوورسازەی کە تەندوورەکانی درەنگ سارد دەبنەوە و زوو نان بەردەدەن.

# ژنی دووگیان قوڕی تەندوور بشێلێ تەندوورەکە بەپشت نابێ.

باوەڕ

# ئەگەر بووکیان دەگوێزتەوە سێ دەوریان بە دەوری تەندوورێدا دەسووڕاند دەیانکوت تەندوور بەبەختە (شیری لەسەر دەکوڵێنی، چێشتی لەسەر لێدەنێی، ئاوی لەسەر وەسەردەنێی) خودایە بەختی بە بەختی ئەو تەندوورە بێ.

# تەندوور ئەگەر دەقلێ (خۆ هەڵاویشتنی پۆلووەکان)، باران دەبارێ.

# منداڵ دەورەی تەندوور گەسک دا، میوان دێ.

 

داوودەرمان

# بۆ چارەسەری بالۆکە، جۆ و خوێ دە تەندوور داوێن و ئاوڕ نادەنەوە.

# مرۆڤی بادار، تەندووری بڕێک ساردەوەبوو دەردەدا، دوو تەپاڵە دە تەندوورەکەدا دادەنێ و لەسەریان هەڵدەترووشکێ، شتێکی بۆ بەسەر تەندوورەکەدا دەدەن و ئەوەندەی بتوانێ لەوێدا دەبێ و ئارەقەی هەڵدەڕێژێ.

 

تەندوور تێهاویشتن

دانان و دامەزراندنی تەندوور لە قوڵکەی تەندووردا.

ئەو ڕۆژەی ئەگە تەندوور تێهاویشترا ئەگەر سووریش نەکرێتەوە حەتمەن گڕێکی هەر تێداوێن و قانگی دەدەن، دەنا ئەگەر بەکاڵی بمێنێتەوە و شەوی بەسەردابێ:

ئەلف) تەندوورەکە پشت دەکێشێ (پشتی بە نانییەوە دێ)

ب) ئەجننە نانی تێدا دەکەن.

ج) گۆڕەوشار دەدرێ.

د) شەیاتینی پێی هەڵدەمیزن.

بۆیە ئەگەر فریای تەندوور داخستنیش نەکەون، یا قولێک گەسکەسپی تێدا دەسووتێنن یا گڕێکی تێبەردەدەن (تۆزێکی هەڵدەکەن ) و بۆ سبەینەکەی سووری دەکەنەوە.

 

داب

# ئەگەر تەندووریان تێهاویشت:

 ئەلف) بەرلەوەی کە نانی پێ بکەن هەڵوای لەسەر لێدەنێن دەڵێن با تەندوورەکەمان شیرن بێ.

ب) دانووی لەسەر لێدەنێن و بۆ حەوت ماڵانی دەنێرن.

 ج) کولێرەی دەکەن و بۆ حەوت ماڵانی دەنێرن.

 

# حەوت نەفەر بانگ دەکەن تەندوور دە قووڵ گرن.

# دەچن لەدووی ئەوانەی دەستیان بە پشتە.

# دەچنە حەوت ماڵان جامێک خۆڵەمێشی تەندوور دێنن و دە تەندوورەکەی دەکەن.

 

تەندوور تێ‌هاویشتنەوە

سەرلەنوێ داخستنەوەی تەندوور.

 

تەندوور خنکان/ تەندوور خەفە بوون

نەئایسان و گڕ لەبەر نەهاتنەدەری تەندوور بەهۆی زۆرتێ‌ڕشتن، خراپ چنرانی کڵ، تەڕ بوونی ئاوردوو یا گیرانی گوڵێنه: تەندوورەکە خنکاوە.

 

تەندوور چوون

ئەگەر تەندوور سارد بێتەوە، دەڵێن تەندوورەکە چووە، نانی ناگرێ و بەقەولی نانکەران نایهێنێتەوە.

 

تەندوور داخستن

هەڵکردنی تەندوور

"تۆوی داچێنن هەوراز و نەوی/ شوکرانە پکەن بوومە قاتڵی وی/ ئیدی بۆی نەکەن هیچ حەیف و داخان/ گۆشتی وەسەر نێن، تەندووران داخەن/ ماڵێ بماڵن، وەتاغان ڕاخەن"

(ئەحمەد لوتفی: بەیتی کەڵ‌وشێر)

تەندوور دامردن/ دامرکان

گڕ نەمانی ئاوری تەندوور

"هەرگیز مەهێڵە دامرێ تەندوورەکەت/ لە گڕ بە و تینی گەرمی وی، دڵی دوژمن دەبێ توێ  "

(ئاوات)

 

تەندوور دانان

۱. سازکردنی تەندوور. ۲. تەندوور تێ‌هاویشتن.

 

تەندوور دەردان

هێنانەدەری خۆڵەمێشی نێو تەندوور، بەر لە هەڵکردنی تەندوور، بەمەبەستی خاوێن بوونەوە.

"کابرا براکەی مردبوو، لەبەردەرکی ماڵە کاکی تەندووریان تازە دەردابوو، خۆڵەکەی لەوێ ڕژابوون پڕ لە پۆلوو بوون...  "

(ڕەسووی نادری، نەقڵ)

دە گڕەپێچەدابوون

بەتەوژم ئایسانی تەندوور.

 

تەندوور ڕووچوون/ پشت سارد بوونەوە

تەندوور ئەگەر ڕووی چوو، تینی تێدا نامێنێ و نانی پێ‌ناکرێ.

" سەرەتەندووری دانێ هەتا ڕووی نەچێ. "

 

تەندوور ڕەش بوونەوە

سوورنەبوونەوەی تەندوور لەسۆنگەی دووکەڵ و خۆش‌نەبوونی ئاور: "تەندوور ئەگەر ڕەش بۆوە، نانی ناگرێ و چاک سوورنەبۆتەوە"

 

تەندوور سڕینەوە

دامردنی یەکجارەکیی تەندوور.

 

تەندوور سوور کردنەوە

تین دانی تەندووری تازە دە عەرزخراو بە نەرمەئاور.

تەندوور ئەگەر سوور کراوە دەبێ بقەڵشێ دەنا سێحەبی دەقەڵشێ.

 

بەراوێژە/ بەراویژە کردنی تەندوور

وردەی تەپاڵە و دەوە یا داری ویشکەڵ و قاللۆر و تاڵوو و شتی لەم بابەتە دە تەندووری ساردەوەبوو خستن.

 

بە بوغ ئایسانی تەندوور

ئەگەر تەندوور دووکەڵی شین و توند بکا، دەڵێن تەندوورەکە بەبوغ داییسێ.

 

ئاورمردوو بوونی تەندوور

نەمان و مردنی ئاور دە تەندووردا، چزینکایی ئاور تێ‌دا نەمان.

 

دە تەندوور ڕشتن

دە ناو تەندوور خستنی وردە.

 

نان دانەوەی تەندوور

تەندوور ئەگەر جوان سوور بێتەوە و پشتی هەبێ، نانەکەی جوان سوور دەبێتەوە و جوانیش لێی دەبێتەوە، دەنا ئەگەر سارد بێتەوە و پشتی نەبێ، نانەکە دەپچڕێ و بەقەول نایداتەوە.

 

نان ڕانەگرتنی/ فڕێ‌دان/ وەخۆ نەگرتنی تەندوور

تەندوور ئەگەر زۆر سارد بێ یا ئاورەکەی زۆر خۆش بێ، نان ڕاناگرێ و فڕێی دەدا. بۆ هێدی کردنەوەی تەندوور، یا لەتکە تەنەکەی دەنێو داوێن یا ئاو لە تەندوورەکە دەپڕژێنن یا سەری نانەکەی تەڕ دەکەن.

 

نان وەنان نەخستن/نەکوتنی تەندوور

تەندوور ئەگەر خۆش و بەپشت بێ و خێراخێرا نانی سوور بکاتەوە دەڵێن تەندوورەکە نانی وەنانی ناخا.

 

هاتنە کڵ/کڵانی تەندوور/ کەوتنە سەر پۆلوان

کاتێک ئاوردووی ناو تەندوور دەسووتێ و دەبێ بە پۆلوو و بڵێسەی دێ. دەڵێن تەندوور هاتۆتە کڵان. لە زۆر شوێنان، یەک‌دوو دەنک کەمرە دە تەندوور دەهاوێن هەتا تەواو دابمرێ و ئامادەی نان پێ‌کردن بێ.

 

هاتنە نانی تەندوور

سازبوون و خۆش بوونی تەندوور بۆ نان پێوەدان. "تەندوورەکە هاتۆتە نانی".

KURDŞOP
531 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!