خشڵی ژنانی موکریان – بەشی11

 

لەیلا نوورانی

 

زریزە

زنجیرۆکەی زۆر باریک.

" سەری مەشکەم بەخیزە/ کەوای بەرم بەزریزە/ سەگبابە بۆ لێم زیزە‌‌‌/ هەی ماڵە‌بابم مەشکێ  "

(پایانیانی، ئەدەبیاتی زارەکی موکریان، بەشی ژنان)

گوارەبەزریزە

تایبەتیی ئەو گواریەی کە زریزەی هەبێ یا پێوەی شۆڕ بووبێتەوە.

گوێ‌بەزریزە

تایبەتی ئەو کەسەی کە گوارەی بەزریزەی دە گوێدا بێ.

"ئەوشۆ هەوەڵی پایزە/ سینگ بە خشڵ و گوێ‌بەزریزە/ بەینێکە یار لە من زیزە"

(ماملێ)

 

زنجیر

چەند ئاڵقە زێو یا زێڕی تێک کراو.

 

زنجیری ڕەشمە

زنجیرێکی زێڕە، ئەڵقەکانی خڕ یان هێلکەیین و بەشێوەی ئاسایی دەکەونە باڵ یەکترییەوە و بۆ هەموو ئەو خشڵانە دەکار دەکرێ کە دە مل دەکرێن.

زنجیری کوردی

زنجیرێکی دوو لۆی قایمە کە بۆ تۆق و بازنەی کوردی و خرینگە دەکار دەکرێ و پەرەنگی پێوە هەڵدەواسرێ.

زەنگیانە

جۆرە مووروویەکی ورد و هەمەچەشن.

" کڵفەتی بانگ کردن: لە خۆتان دەن تۆق و تەلەسم و زێڕ و سنجاق و گوارە و کرمەک، ببێتە شۆڕابەیان جەواهیرات و وردەزەنگیانە"

(عەوڵا ڕەش‌ئەحمەدی، بەیتی پیوازان)

ژێرچەنە

هەر خشڵ و زەنبەرێک کە بە بەرچەنەگەدا دێ.

۱. ژنانی بەتەمەن کاتێک تاس‌کڵاویان لەسەر دەنا قەیتانێکی ڕەشی ئاوریشمی دووسەر بەقولاپیان لە ژێرچەنە دەکرد و لە تاس‌کڵاویان قایم دەکرد. هەتا تاس‌کڵاو بەسەریانەوە ڕاوەستێ.

۲. موورووجۆ یان لیزگەیەک زەنگیانەی وردی شین و لیزگەیەک زەنگیانەی ڕەشیان پێوە دەکرد و لیزگەکانیان لێک دەهاڵاند و قولاپیان لە هەرتک سەر قایم دەکرد و لە تاس‌کڵاویان دەدا.

۳. قەیتانێکی ئاوریشمی ڕەشیان دێنا نێوەڕاستەکەیان سوڕەت یان سککەیەکی چکۆڵەی پێوە قایم دەبوو.

٤. تەختێکی ساکاری زێڕ یان زنجیرێک کە تایبەتی دەست‌ڕویشتووان بوو.

 

تێبینی‌‌: ژێرچەنە پەرەنگی پێوە نێ.

" کوتی: هۆی کاکە ڕەنگ‌جنگانە‌‌/ ئەوە کرمەک و گوارە و ژێرچەنە/ چم پێ‌کوتووی هەڵیانقەنە/ سوورگوڵ لە باغان جەنەتە"

(عەوڵا ڕەش‌ئەحمەدی: بەیتی پیوازان )

 

"چ خۆشە فیتەفیتی شوان، چ خۆشە ئۆحەی گاوان/ چ خۆشە خرمەکەی خڕخاڵ و بازن وژێرچەنەی کابان "

(هێمن، بارگەی یاران، ٦٨)

 

 

سککە

پووڵی زێڕە و زۆر چەشنی هەیە، لە گەورەوە بۆ چکۆلەی تەنکتر و سووکتر دەبێتەوە و لە زۆربەی خشڵەکانی کوردەواریدا بەکار هاتووە.

 سووڕەت

سککەی دەوەی قاجار و پەهلەوی: سککەی دەورەی ڕێژیمی پەهلەوی بوو و ئێستاش هەر بەکار دێ و شەش جۆری هەیە کە بریتین لە: دە‌پەهلەوی، پێنج‌پەهلەوی، دووونیوپەهلەوی، یەک‌پەهلەوی، نیوپەهلەوی و ڕوبعی‌پەهلەوی.

 

جۆری سەردەمی عوسمانی لیرەی پێ‌دەڵێن کە بە لیرەی عوسمانیش بەنێوبانگە، جۆری ئینگلیسی سککە ئێلیزابێتی پێ دەڵێن و جۆری ڕووسییەکەی نێوی ژۆڕژە. سککە دەکرێ دەورەی تێ‌ گیرێ.

 

سمەخەر

ئێسکێکە بەقەد تاقڕانی یان پووڵەکەیەکی زێو.

باوەڕ

ژن بۆ خۆشەویست‌بوون لەلای مێرد، دە پەڕۆیەکی دەدروون و لە پزووی ئاواڵ‌کراسی قایم دەکەن، نوێژی پێوە نییە و مندارە.

سنجاخ

ئەو بەشە لە گوارە لە  دەچێ دە کونی گوێ و گوارەی پێ قایم دەبێ.

"ماچ دەکەم چەرخی دە ڕوومەتێ، لە بن وردەپەرچەمان، لە مەعبەینی گوارە و سنجاخێ"

(ڕەسووڵ شیرمۆخ: حەیران )

"ئەمن سێ ماچم دەست‌قەرزن لەسەر ئەوێ کەڵەگەتێ بەژن‌باریکێ،  یەکیان لە خەت‌وخاڵی دە گەردنێ، یەکیان لەنێوانی سینگ و مەمکان، ئەوی دیکەیان لە ناسکی ڕوومەتێ، ماچ دەکەم پڕەنگۆڵێ و سنجاخێ"

 (ڕەسووڵ شیرمۆخ: حەیران)

 

سووڕەت/ سووڕەت‌شایی

سککەیەکی زێڕی سەردەمی ئەحمەدشای قاجارە، لایەکی سووڕەت واتە ڕوخسار و لایەکی تری ناوی ئەحمەدشای لەسەرە، سەبارەت بە ڕوخساری ئەحمەدشا "سووڕەت‌شایی"شی پێدەڵێن. سێ قەوارەی گەورە و مامناوەندی و چکۆڵەی هەیە.

"ئەوە سەعید بە کێشان و بەوسووڵ قیمەتی گوارە و کرمەکی کردووە تەواوە، بێجگە لە قیمەتی خۆی چل‌وشەش مەجیدی سووڕەت‌داری زیادی دەداوە"

(ئەحمەد لوتفی: سەعید و میرسێوەدین)

"بەژنێ‌باریک لەبەر دەرکێ ماڵە بابی خۆی سەت ماشەڵڵا چەندە شیرنە .... ، خاڵێکی لە گەردنێیە دەڵێی سووڕەت‌شایینە"

(حاجی ساڵە تەورە: گەلۆ)

سەرپۆلە

زێڕ، مووروو یان بەردێکی باییدارە کە دەکەوێتە ناوەندی ملوانکە و لەسەرپشتێند ڕادەەستێ، سەرپۆلە دەبێ لە هەموو ئەو موورووانەی ملوانکە کە پێک دێن گەورەتر و بەرچاوتر بێ.

سەرپۆلەی قەبزەنوشتوو

خشڵێکە تەختی سێ‌گۆشەیە، نەخش و نەقیمی لەسەرە و بنی بەپێلک یا قڕانە، بۆ نووکی شاقەلی کەوا و بۆ گوڵی لاچاو و نێوەڕاستی تێکەڵی و مێخەک‌بەندیش دەکار کراوە.

KURDŞOP
553 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!