پیشەی جۆڵایی لە کوردەواری – بەشی 6

لەیلا نوورانی

 

کەلوو

لە جۆڵاییدا سێ واتای هەیە:

۱. یەک هەودا لە بەن‌گورد کە هەر دووسەری لە یەک دارگورد گرێ درابێ، هەر ددانەیەکی گورد لە دوو کەلوو پێک هاتووە کە لە نێوەڕاستی گوردەکەدا وەک ئاڵقەی زنجیر تێک‌خزاون.

۲. یەک ددانی شەی جۆڵایی.

 " شەیەکەم دوو کەلووی شکاوە." واتە ئەو شانەیەی کە لە مابەینی دەفە و ژێر دەفە دایە پۆی کری پێ دەکوترێتەۆە، دوو دانە لە قامیشە باریکەکانی شکاوە.

۳. لە چنینی "بەن"دا بۆ گۆرەوی و سەرکڵاوە و ...  بە هەر دەنکێکی چنراوەکە، کە وەکی ئاڵقە لە باڵ یەک خراون دەڵێن یەک ‌کەلوو.

(بڕ: وێنەی 49)

گورد

دوو دارن کە لەهەر دوو سەرەوە لە شانە تێدەپەڕن. مەودای دوو دارەکان پازدە تا کەمتر لە بیست سانتە و بە بەن هەڵبەستراون و سەری بەنەکان بە دارەکانەوە گرێ دراوە. ژمارەی شریتەکان بەرابەرە لەگەڵ ژمارەی دەنکەکانی "شانە". هەر دەزگایەکی جۆڵایی چوار گوردی هەیە. ڕایەڵەکان بە جووت لە " پردەڵە "وە دێن، هەوەڵ بەناو هەرچوار گورد و پاشانیش بەناو شانەدا تێدەپەڕن تا دەگەنە بەردەم جۆڵا. سەرجەم ڕایەڵەکان دەبنە چواربەش و هەر گوردە ڕایەڵی خۆی هەیە. لە سەرجەمی دەزگای جۆڵاییدا ڕایەڵ بە جووت دەڕوا، تەنیا لە گوردەکاندایە کە تاک دەبێتەوە. ئەندازەی درێژیی گورد جیاوازە و جۆڵا بە پێی زۆری و کەمیی بەن، کە پەیوەندیی بە پانایی کرەکەوە هەیە، گوردی پێویست وەسەر دەزگا دەخا.

(A-بڕ وێنەی 50)

یانی  درێژاییی گورد پەیوەندیی هەیە بە پانایی ئەو تەختە کرەی کە دەتەنرێ. بۆ وێنە " بووزوو"، "شە" و "گورد"ی تایبەت بە خۆی هەیە، کە نیوەی شە و گوردی بەرماڵە.

 (بڕ: وێنەی 51)

لە تەون کردندا "گورد" بەو دارە دەڵێن کە دەخرێتە ناو کەمەری بەڕە یا فەڕشەوە و بەینی ڕایەڵەکان لێک ئاواڵە دەکا و هەروەها پۆیەکانیشی پێ دەکوترێتەوە.

 

"شە" و "گورد"ی جۆڵایی لە ئیدیۆمدا"

"لە شە و گوردی کەس نەهاتن": ئەو ڕایەڵە وەها ئەستوورە کە بە نێوان بەنەکانی گورد و ددانەکانی شانەی کەسدا ڕەد نابێ. مەبەست لە تاقانە و هەڵکەوتە بوونە و شتێک یا کەسێک کە دژوار وە دەست دەکەوێ.

" ئەو دنیا پان و بەرینە هەر بە تاقی تەنێ ڕۆفیە خانمی تێدایە/ وەڵڵا ناسکە، شل‌وملە، ئەمما لە شە و گوردی کەس نایە"

(بەیتی سەعید  میرسێوەین‌بەگ)

 

گوریس

هۆندراوەی حەوت لۆ لە "سێتا "یە، کە لە هێچک دەخرێ و لە تەنیشت جۆڵا بە کاریتەری کارخانەوە گرێ دەدرێ و جەمسەری دواوەی ڕایەڵ ڕادەگرێ.

(بڕ: وێنەی 52)

لالەنگەرە

دارێکی چوارپاڵووی ئەستوورە کە لەسەر کارخانە دامەزراوە و لە هەر دوو سەرەوە بزمارێکی گەورەی بۆ کراوەتە تەوەرە و سەری بزمارەکان کەوتووەتە سەر شانەیەک، بە چەشنێک کە ئەم دارە بە دەوری بزمارەکەدا لەسەر شانەکە دەسووڕێ.

(A_53بڕوانە وێنەی)

بە تەنیشت هەر دوو جەمسەری دارەکەوە دوو داری قایم بە ناوی "شاقۆڵ"، لە لای خواروو، کانەوزبانە کراون و لە لای سەرووش بە ئانیشکە، قۆڵ بە دەفەوە دەلکێنن. سەرجەم لالەنگەرە بریتییە لە پێنج پارچە: یەکی ڕاکشاو لە سەرکارخانە  (بڕوانە وێنەی A) دوو شاقۆڵ (بڕوانە وێنەی B)، سێ قۆڵ  (بڕوانە وێنەی C)

کاری لالەنگەرە ئەوەیە کە دەفە چ لە لانی ڕاست و چەپ و چ لە لانی سەر و خوار، لەسەر یەک خەت هاتوچۆ بکا و لە میزانی خۆی لانەدا.

 

سەرچاوەکان:

گەشتێک بە کارگەی جۆڵاییدا، سەید عەبدوڵڵا سەمەدی

گۆڤاری زانستگای علوومی ئینسانیی تەورێز، بەشی جۆڵایی، قادر فەتتاحی قازی

KURDŞOP
598 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!