ئامێرەکانی ژیانی کوردەواری – مەشکە3

 

 

مەشکە گڵاو کردنەوە

مەشکە ئەگەر لەچاو بچێ دەبێ گڵاو بکرێتەوە. واتا قوڕاویی دەکەن و حەوت ئاوی پێ‌دادەکەن هەتا بەقەول گڵاوییەکەی دەربچێ.

حەوت جاری وەبەر ئاو دەدەن و دەڵێن:

۱ بیسمیللاهەڕەحمانەڕەحیم ئەو گڵاوەی بەدەستی منەوە و بەو حاجەتەوەیە بەو ئاوەدا بڕواتە خوارێ.

۲ گڵاو گڵاوەسەیە، چوارپێ، دووپێ ئەو گڵاوە لەو شتەی بچێتە دەرێ.

۳ حەوتی دە گوڵاوستانێ بەوان ئاو و ڕووباران بچنە خوارێ.

٤ حەوتی حەوتان لەو گوڵاوەی بشتەدەرێ ئەڵڵاهومەسەلی عەلاسەیدینامحەممەد و عەلا ئالی سەیدینا محەممەد، زەڕ و ماڵێ کەسم لەسەر ئەستۆی نەبێ. ئەو گڵاوە بشتە/بچتە دەرێ.

 

باوەڕ

مەشکە یا هەرشتێکی گڵاو، دەبێ حەتمەن گڵاو بکرێتەوە و حەوتەوانەکەی لێ تەواو بکرێ دەنا حەوت پشتت دەبڕنەوە گڵاوت دەرناچێ.

 

مەشکە چوونەوەپاش

نەژان و تێکچوونی ڕەوتی ئاسایی ژاندنی مەشکە بەهۆی دەست ‌لێ‌ بەردان و بەردەوام نەژاندنی.

 

مەشکە داکردن

ڕۆ کردن و جوداکردنەوەی ڕۆن و دۆی مەشکە.

مەشکە دانەوە/ مەشکە زاوا کردن

دانی مەشکە بە دەروجیران بەئەمانەت. ئی وایە مەشکە بە کەس نادەن و دەڵێن پێمانەوە نایە و هەرکەس داوایان لێ بکا پێی دەڵێن مەشکەکەمان گەورەیە و بۆ هاتوچۆیە نابێ.

 

باوەڕ

ئەگەر مەشکەیان زاوا کردبا، ئەو ماڵەی کە مەشکەکەی دەهێناوە حەوت زیپکەبەردی سپیی خاوێنیان لەسەر دادەنا جا دەیانهێناوە.

 

مەشکە دووکەڵ‌خواردوو کردن

هەڵاوەسینی مەشکە لە مدبەق بۆ وەخۆگرتنی دووکەڵ: "مەشکەمان دووکەڵخواردوو دەکرد و دەمانکوت با ددانەی دەرکا قورماوی بێ".

مەشکە دە خوێ کوشین

کاتێک مەشکە دە خوێ دەکوشن، خوێ‌یەکی زۆر بە مەشکەدا دەکەن و وەک شوتن دەستی ڕێ‌دەخەن پاشان سەنگەوبەردی دەنێن هەتا قایم بێ و بۆن‌وبەرەی نەمێنێ.

 

داب

# بۆ ئەوەی مەشکە دەچاو نەچێ ددانی بەرازی وێ‌هەڵداوەسن.

# حەوت ئەسپەندەران دەبژێرن، ئەسپەندەر یەک، ئەسپەندەر دوو، .... ئەسپەندەر حەوت، حەوت هەزار سڵاوات بێ لە دیداری پاکی پێغەمبەری ئاخر زەمانە، بسووتێ چاوی وسووس و بێگانە.

#دارتاوک بە ڕەشبەڵەک "بەنی ڕەش و سپی" قایم دەکەن و مووروی شینی پێوەدەکەن و دە نێوقەدی مەشکەی دەخەن.

 

مەشکە دە کەل چوون

خرابوونی مەشکە بەهۆی چاووزار.

 

مەشکە ڕێککەوتن

پەیدابوونی بەتەواوی ڕۆن لە ماستی ناو مەشکە کە نیشانەی کۆتایی پێ‌هاتنی ڕەوتی مەشکە‌ژاندنە.

مەشکە زانەوە

دوو یا چەند بەرابەربوونی ڕۆنی مەشکە.

 

باوەڕ

#مەشکە ئەگەر بزێتەوە دەبێ حەیوانی لە بن بکوژییەوە.

#مەشکە ئەگەر بزێتەوە ڕۆنەکەی بۆ پرس و بانگێ دەبێ. جا بۆ وەخێرگەڕانی دەبێ لە بەرەمەشکەکە ببەخشی.

#مەشکە ئەگەر بزێتەوە سەری گەورە و سەرداری دەخوا.

#مەشکە ئەگەر بزێتەوە نابێ لەلای کەس باسی بکه‌ی.

 

مەشکە ژان

هەر کات مەشکە ڕۆنی تێدا کۆبۆوە و ڕێککەوت دەڵێن مەشکەکە ژاوە و وەختی ڕۆکردنیەتی.

" مەشکە بژێ  هەژارم/ ڕەنگ‌زەرد و لێو بەبارم/ وەکوو کێشی گوڵدارم/ بڕنووی جانبێزارم/ لە گولەی مێردان خەسارم "

(فۆلکلۆر)

 

مەشکە ژاندن

ڕاتڵەکاندن وهێنان‌وبردنی مەشکە بەمەبەستی ڕۆن لێ‌دەرهێنان. ئەگەر خاشخاشک گوڵی کرد واتا پشکووت، شیر چەور دەبێ و دەست لە پەنیرکردن هەڵدەگیرێ و دەس دەکەن بە مەشکە.

" مەشکە دەژێنم بەجارێکی/ لێی دەرێنم تەخارێکی/ دەیدەم بە ناسکەسوارێکی/ بۆم بدا بە جووتە‌گوارێکی   "

(فۆلکلۆر)

مەشکە گەرم ژاندن

ژاندنی مەشکە بە ئاوی گەرم کە هەم درەنگ‌تر دەژێ و هەم ڕۆنی کەم دەبێ.

 

مەشکە گەرمەژێ بوون

هەر کات، مەشکە زووتر لەکاتی خۆی بژێ، دیارە گەرمەژێ بووە. مەشکەی گەرمەژێ هەر کەفە و ڕۆنی زۆر کەمە.

 

مەشکە سپی کردن

موو ڕنینەوە لە مەشکەی خۆش‌نەکراو. بۆ چاک‌تر هاتنەوەی موویەکە مەشکە دە پەڵوو دەخرێ و پاشان بە تیخ و چەقۆ مووتاش دەکرێ.

 

مەشکە لە پێچەک نان

بە ئارد و خوێ پێچانەوەی چەرم بۆ تووک‌هاتنەوە و خۆش‌کردنی.

 

مەشکە هەڵوەراندن

لەقاندنی مەشکە، دوای کەف ‌و ڕۆنەی گەورە، بۆ بەبەرەوە نەمانی ورکە و ڕێک‌کەوتن.

 

مەشکە هەڵگوران

هەر کات مەشکە زوو بژێ و ڕۆنەکەی کەم و شل بێ دەڵێن مەشکەکە هەڵگوراوە.

 

ئاو بۆ مەشکە شکاندنەوە

تێکەڵ کردنی ئاوی سارد و گەرم بۆ مەشکە.

 

بە مەشکە دەرهێنان/گروون

۱. کەوڵکردنی ماڵات بەبێ کون تێکردن و بریندار کردنی.

" مام برایم کالانەکەی لە بەرپشتێندێ نا، خەنجەری ڕووت بەدەستەوە، گوتی: حەسەنە گنە! جا وەخۆ کەوە، کەڵەگات گەیشتەسەری، ئێستا ...، بە مەشکەت دەردێنم."

(ئەمیری میرزا : 103)

۲. هەم بۆ هەڕەشە دەکار دەکرێ و هەمیش یەک لە شێوە ئەشکەنجەکانی سەدەکانی پێشوو بووە.

"ماچ دەکەم ئەو مەچەکانەی بە کەلەبچە دێشن/ بۆو سەرانەی بە گرێی قەمچی دەگروێن دەگریم"

(مامۆستا هێمن)

باوەڕ

ئەوەی ماڵی قوربانی بە مەشکە دەربێنێ قوربانییەکەی بە دوو قوربانی حیسابە.

 

بەرگرتنی مەشکە/ بەر هێنانی مەشکە

ئەگەر قوژبنەکانی مەشکەی دار، توێژێکی زەردی پیسیان گرت دەڵێن مەشکەکەمان بەری گرتووە یا بەری هێناوە.

 

 

KURDŞOP
639 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!