ئامێرەکانی ژیانی کوردەواری – مەشکە 2

لەیلا نوورانی

 

جۆرەکانی مەشکە

 

مەشکەی گاوس/ گاوەست/ مەشکە پێستە

پێستی دەرهاتووی مانگا کە دەکرێتە جۆری هەرەگەورەی مەشکە.

" ئاهەنگی شین و شادی بوو بەیانی کە تێکەڵ دەبوو/ شمشاڵی من، خرمەی بازن، گرم‌وهۆڕی مەشکەی گاوس"

(دیوانی هێمن)

"مەشکەم مەشکەی گاوەسی/ کەس نییە لە من بپرسی"

(پایانیانی، بەشی ژنان، ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان)

 

مەشکەی نێرە/ نێرە

۱. مەشکەی لەدارچێ‌کراو.

" پێم‌وابوو ئەوساڵ بە شیر و ماستت/ دەپچڕێ مەشکە و  دەقەڵشێ نێرە/ تا خاوەنی تۆم بێ ماست و بێ دۆم/ پارشێو و شێوم نان و کولێرە "

(دیوانی حەقیقی)

۲. هەر جۆرە مەشکەیەک جگە لە مەشکەی چەرم.

خوێواوکی خەستی بۆ دەگرنەوە و یەک دوو ڕۆژان دە خوێواوکێ‌دا دەبوو.

 

مەشکەی بەرقی/ نێرەی بەرقی(کارەبایی)

مەشکەیەک کە بە بەرق(کارەبا) دەژێ.

مەشکەی تەنەکە /نێڕەی تەنەکە

جۆرێک مەشکەی لە تەنەکە چێ‌کراو.

مەشکەی دووبەر

تایبەتیی مەشکەیەک کە ڕۆنی ورد و درشتی تێدابێ.

 

مەشکەی یەک‌بەر

تایبەتی مەشکەیەک کە ڕۆنی درشتی تێ‌دابێ. ئاوی چاک مەشکەی یەک‌بەرە.

 

بانە‌مەشکە

بار کردن بۆ کوێستان بەمەبەستی مەڕ لەوەڕاندن و ڕسق ڕەنێوهێنان، شوێنی ڕەنێوهێنانی مەشکە‌وماڵ لە کوێستان و بەرزایی‌یەکان.

"بەری‌مەشکەم چەند ئیشکە/ پشتی مەشکەم چەند ئیشکە/ گەڵا ئەسپینگ،تاڵیشکە/ پێم خۆشە بانەمەشکە"

(پایانیانی، ئەدەبیاتی زارەکی بەشی ژنان)

بەرەمەشکە

ئەو ڕۆنەی کە، دوای ژانی مەشکە، دەکەوێتە مەشکە.

" دەچمە سەر جۆیە گەورکان/ ئەسپم دەکا نرکەنرکان/ بەرەمەشکانم تێیان‌دایە وەک ورکەبەردان/ حەیف‌وخەسارە لە بۆ من، کەوتوومەتە دەس نامەردان  "

(پایانیانی، ئەدەبیاتی زارەکی بەشی ژنان)

" مەشکە بژێ هاوینە/ بەرەمەشکەی هەنگوینە/ کابانێ حەیبی نینە  "

(پایانیانی، ئەدەبیاتی زارەکی بەشی ژنان)

باوەڕ

پێستەگوێلک ئەگە ڕۆنی تێ‌هاوێی بەرەکەتی بەرەمەشکەی خەڵکی بۆ دێ.

 

مەشکەی بەڕۆن

مەشکەیەک کە ڕۆنی زۆر دەکەوێتێ‌یە.

 

بیر و باوەڕ لەسەر مەشکە

بێژان، ددانی مار، گوڵەزەردە وە مەشکە هەڵاوەسی، بەڕۆن دەبێ.

توێژی ماری وە مەشکە هەڵاوەسی مەشکە بەڕۆن دەبێ.

ئاوی حەوت کانیان تێکەڵ دەکرد هەتا بەڕۆن بێ.

ئاوی ساردیان دە داناوێ دەکرد دەیانکوت مەشکەی پێ چیڕ دەبێتەوە و  بەڕۆن دەبێ.

توێژی ماری وە مەشکە هەڵاوەسی بەرەکەتی حەوت ماڵانی تێدەکەوێ.

 

مەشکە بەڕق‌دا چوون

جاری وایە هەرچی دەکەی بەهۆی گەرمی یا ساردیی ئاو، مەشکە ناژێ و ڕێک‌ناکەوێ، دەڵێن ئەوە مەشکەکە بەڕقدا چووە.

 

داب

ئەگەر مەشکە بەڕقدا چوو:

ئەلف: ئەگەر سارد بێ ئاوی گەرمی تێ دەکەن و ئەگەر گەرم بێ ئاوی ساردی تێ دەکەن.

ب: دەبوو زیز بی، یەکێک وەدوات کەوێ و دەیکوت: وەرەوە دەژێ بیسمیللایە بکە.

مەشکە بەسەر چوون

نەژانی مەشکە بەهۆی ئاوی زۆر سارد و دەست لێ بەردانی.

مەشکە چەور بوون

کەف کردنی مەشکە دوای دووهەم ئاوێک کە تێی‌دەکرێ.

مەشکە تەزینەوە

نەژانی مەشکە بەهۆی ئاوی زۆر سارد تێ‌کران و دەس لێ‌بەردانی. هاوتای مەشکە دڕ بوونەوە.

مەشکە تێک‌چوون/ مەشکە خرا بوون

نەژان و ڕۆن تێ‌نەبوونی مەشکە بەهۆی لەچاو چوون.

 

باوەڕ

ئەگەر یەکێک بەسەر ڕسقی زۆردا بێ، مەشکە خرا دەبێ.

مانگا مەشکەی بلێسێتەوە مەشکە خرا دەبێ.

 

 

# بەدزی خەڵک دەوران‌دەوری دێی پێ‌دەکەن.

# بە قوڕی سوور مەشکەکە گڵاو دەکەنەوە/ حەوتاوی دەکەن.

# پرچی ئەو ژنەی لێی بەشکن دە بن مەشکە یا شیردا دەسووتێنن.

# چیلکەیان لە حەوت پەرژینان دەهێنا و لەبن مەشکە/ شیرەکە دەیانسووتاند.

# حەوت بەردی لە نێو کانێکی بەڕۆن بۆ دێنن و تێی‌داوێن.

# حەوت پەلەسوانەیان بۆ دەشکاندەوە و دە بەریدا دەیانسووتاند.

# سێپەک و لۆلەپەکان بیسمیل دەکەنەوە.

# شیشەیان سوور دەکردەوە و دەیانکوت ئەگە نەیەوە سەرەخۆ داغت دەکەم.

# لە سەر چاک و پیران لقە دار یا گەڵایەک دێنن و پێی هەڵداوەسن.

# مەشکەکە دەشۆن و دەیبەن دە شەخسی داوێن.

KURDŞOP
567 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!