چیرۆکەکانی ناو حەیران و دەسکەوتە ناسیۆنالیستییەکانی

لە حەیراندا باس لە خۆشەویستی، سروشت، جوغرافیا، شەڕ، کارەسات و ئایین دەکرێن و حەیرانبێژان زیاتر لەسەر خۆشەویستی تەرکیز دەکەن و خۆشەویستی و سۆز دێننە سەر زمان.

کەیهان محەممەدی‌نژاد

حەیران بەشێکە لە فۆلکلۆری کوردی و جۆرێکە لە ئاواز و مەقامی کوردی. حەیران بە بەشێک لە مێژووی کورد دادەنرێت و بەشێکە لە فۆلکلۆری کوردی و ئەدەبیاتی زارەکیی نەتەوەی کورد. حەیران، وەک لاوک، هۆرە، سیاچەمانە و ئاوازە زارەکییەکانی دیکەی کوردی، مێژوویەکی کۆنی هەیە و بۆ دەوڵەمەندکردنی فۆلکلۆری کوردی زۆر کاریگەر بووە.

لە سەرەتاوە دەبێ بزانین وشەی "حەیران" لە کوێوە هاتووە؛ زۆرێک لەو باوەڕەدان کە وشەی حەیران لە "حەیاران"ەوە هاتووە و ئەمەش وشەیەکی کوردییە بە واتای حەیرانبوون یان بەقوربانبوونە. هەروەها هەندێک لە توێژەران دەڵێن کە لە دەرەوە هاتووە.

لە حەیراندا باس لە خۆشەویستی، سروشت، جوغرافیا، شەڕ، کارەسات و ئایین دەکرێن و حەیرانبێژان زیاتر لەسەر خۆشەویستی تەرکیز دەکەن و خۆشەویستی و سۆز دێننە سەر زمان.

چەند جۆر حەیران هەن کە بریتین لە: مەجلیسی، چیایی و غەریبی کە مەجلیسی بۆ خەڵکی دەشت دەگوترێن، چیایی هەندێک دەنگەکەی بەرزترە، بۆ ئەوەی پەیامی خۆی بگەیەنێتە شوێنی مەبەست. غەریبیش بۆ سەرەخۆشی و پرسە دەگوترێت.

لەم دواییانەدا حەیران لە ئەڤیندارییەوە بەرەو هەستی ناسیۆنالیستی و شۆڕشگێڕی چووە و نووسەرانی دەقی حەیرانبێژی لەم دواییانەدا لەم بوارەدا چالاک بوون.

لە "عومەر حاجی عەلی"، نووسەری کتێبی "کۆژانا حەیران"م پرسی کە ئایا هەستی نەتەوەیی لە حەیراندا هەیە؟ ئەو گوتی: "حەیران لە خۆشەویستی و ئەڤین دەرچووە و بووە بە نەتەوایەتی و شۆڕشگێڕی؛ لەسەر شەڕی داعش منیش دەقی حەیرانم نووسی. لە ئێستادا حەیران سۆزێکی نیشتمانی و نەتەوەیی بەخۆیەوە گرتووە و بووە بە بەشێک لە حەیران".

حەیران تایبەت بە نەتەوەی کوردە؛ ئاواز و شێعری تایبەت بە خۆی هەیە. بەپێی بۆچوونی لێکۆڵەران، حەیران یەکەم جار لە دەشتی هەولێر سەری هەڵداوە و بەرەو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک موکریان چووە. جوغرافیای حەیران لە کوردستاندا زۆر بەرفراوان نییە و ئەمەش پەیوەندیی بە شێوازی قسەکردن و شێوەزارە کوردییەکانەوە هەیە. لەو پەیوەندییەدا سەردانی "پڕۆفیسۆر شکۆر مامەسێنی"، مامۆستا لە زانکۆی سەلاحەدینی هەولێرم کرد و لێم پرسی: جو‌غرافیای حەیران کام ناوچانەی کوردستانە؟ ئەو لە وڵامدا گوتی: "لەسەر بابەتی جوغرافیا و ئەوەی حەیران لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە، ناکۆکی هەیە؛ حەیران لە دەشتی هەولێر و شاخی قەرەچووخەوە بەرەو خۆشناڤەتی و پاشان بەرەو ڕانیە و مەنگوڕایەتی چووە. بەڵام لە ڕاستیدا لە دەشتی هەولێرەوە سەری هەڵداوە و شار بە شار چووە تا گەیشتووەتە شاری مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ بەڵام لەسەر ئەم بابەتە بۆچوونی تریش هەیە، بۆ نموونە خوالێخۆشبوو د. "مارف خەزنەدار" لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە حەیران لە مەهابادەوە دەستی پێ کردووە و چووەتە هەندێک ناوچەی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەوێوە گەیشتووەتە قەڵادزێ و ڕانیە و تەنانەت دەشتی هەولێر و لەسەر زێی بچووک کۆتایی هاتووە و ئیتر بڵاو نەبووەتەوە".

لە ناوەڕۆکی حەیراندا، چیرۆک و شیعری ڕاستەقینە و خەیاڵی بوونی هەیە. لە زۆرێک لە ناوەڕۆکەکانیاندا باسی خۆشەویستی و ئەڤین کراوە و بە بەژن و باڵای یاردا گوتراوە. لە ڕاستیدا لە ناوەڕۆکی حەیراندا پەیامێکی کورت هەیە کە حەیرانبێژ دەیەوێت بیگەیەنێتە بەردەنگەکەی.

حەیران کە بە ئەدەبی زارەکی ناسراوە و بۆ نەوەی نوێ گوازراوەتەوە، کاریگەریی زۆری لەسەر ئەدەبی نووسراو هەبووە و نووسەران لە ڕووی وشەی ڕەسەنی کوردییەوە سوودیان لێ وەرگرتووە. لە زانکۆکانی کوردستان خوێندکاران تێزی دوکتۆرایان لەسەر حەیران وەک هونەر و پیشەیەک دەنووسن.

ئەم وشانە کە لە دەقی حەیراندا بەکار دەهێنرێن، وشەی ڕەسەنی کوردین و نووسەران و لێکۆڵەرانی کوردی پێویستە زۆر بە وردی کاریان لەسەر بکەن و لە فەرهەنگی زماندا جێگیریان بکەن.

ئەو ئاوازە کۆن و کوردییە ئێستا بەرەو لاوازی دەچێت و پێویستە ئەو ئاوازە بپارێزرێت و ناوەند و دامەزراوە فۆلکلۆرییەکان ئاگاداری ئەو ئاوازە کۆنە بن.

لە ڕاستیدا ئەو ئاوازانە کە بە زارەکی گوتراون و سەدان بەسەرهات و ڕووداوی باب و باپیرانمان بۆ دەگێڕنەوە و ئێستا گەیشتوونەتە ئێمە، نابی بە ئاسانی لەبیر بکرێن و دەبێ هەموومان پیر و گەنج ئەم کەلەپوورە بپارێزین و نەهێڵین لەنێو بچێت.

 

KURDŞOP
676 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!