کاریگەریی چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان لەسەر ئەدەب و نەتەوەسازی

گرینگترین بەش لە ئەدەبیاتی زارەکیدا "چیرۆکی فۆلکلۆر"ە. گێڕانەوەی ڕووداوێک بە شێوەی زارەکی، پێی دەگوترێت چیرۆک. لە چیرۆکەکاندا ڕووداوە ڕاستەقینەکان، فانتازیا، شەڕ و ململانێ، خۆشەویستی و هاوڕێیەتی و... بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش دەگێڕدرێنەوە.

کەیهان محەممەدی‌نژاد

گرینگترین بەش لە ئەدەبیاتی زارەکیدا "چیرۆکی فۆلکلۆر"ە. گێڕانەوەی ڕووداوێک بە شێوەی زارەکی، پێی دەگوترێت چیرۆک. لە چیرۆکەکاندا ڕووداوە ڕاستەقینەکان، فانتازیا، شەڕ و ململانێ، خۆشەویستی و هاوڕێیەتی و... بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش دەگێڕدرێنەوە. چیرۆک گوێگرەکانی دەباتە ناو خەونەکانەوە و هەندێک جار دەیانباتە شاخەکان و هەندێک جاریش دەیانباتە حەوت تەبەقی ئاسمان و هەندێک جاریش دەیانباتە لای پاڵەوانەکان. لە ڕابردوودا ئەو چیرۆکانە هەمووی بە شێوەی زارەکی دەگێڕدرانەوە.

هەر نەتەوەیەک چیرۆکی تایبەتی خۆی هەیە و چیرۆکەکانیان باس لە سەرکەوتنی ژیانیان دەکات. نەتەوەی کورد یەکێکە لەو نەتەوانە کە لە بواری چیرۆکی فۆلکلۆرەوە زۆر دەوڵەمەندە. چیرۆکە فۆلکلۆرییەکانی نەتەوەی کورد ئاستێکی بەرزیان هەیە.

لە ڕاستیدا چیرۆک مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و کاتێک مرۆڤەکان لە هەر شوێنێک نیشتەجێ بوون، ئەزموونەکانیان بوونەتە چیرۆک و ئەو چیرۆکانە سنگ‌بەسنگ گواستراونەتەوە. هەندێک لە توێژەرانی ئەدەبیات پێیان وایە کە چیرۆکی فۆلکلۆری کوردی بۆ ١٥ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. لەسەر ئەو بابەتە لە چاوپێکەوتنێکدا، لە لێکۆڵەر و نووسەری کورد "زەینەلعابدین زنار"م پرسی کە مێژووی چیرۆکی فۆلکلۆری کوردی بۆ چ قۆناغێک دەگەڕێتەوە؟ ئەو لە وڵامدا گوتی: "مێژووی چیرۆکی فۆلکلۆری کوردی زۆر کۆنە. مرۆڤ ناتوانێت سەداسەد بڵێت چیرۆکی فۆلکلۆری کوردی کەی دەستی پێ کردووە، بەڵام بەپێی هەندێک گومان و ناوەڕۆکی بڕێک چیرۆک، چیرۆکی فۆلکلۆری کوردی پێش هاتنی هەندێک لە پێغەمبەران دەستی پێ کردووە. بە ئێزداتی دەستی پێ کردووە. کاتێک پێغەمبەر نەبووە، کورد بیری کردووەتەوە و وتوویەتی کە هێزێکی نهێنی و مەعنەوی هەیە کە گەردوون کۆنترۆڵ دەکات، ناویان لێ ناوە "ئەزدا"، واتە ئەوەی کە منی خوڵقاندووە، واتە ئەویش خودایە. بەجۆرێک ئەو ئەزدایە بۆ کوردەکان بوو بە ئایینێکی مەعنەوی کە ئێمە پێی دەڵێین ئێزدی و ئێزدایەتی".

لە فۆلکلۆری کوردیدا دەیان چیرۆکی جیاواز هەن و هەریەکەیان باسی شتێک دەکەن. زانراوە کە بەشێک لە چیرۆکەکان باس لە ژیانی ڕاستەقینە و هەندێکیشیان خەیاڵین. بەم شێوەیە لە فۆلکلۆری کوردیدا چیرۆکی وەک ڕاستەقینە، خەیاڵی، مێژوویی، ڕۆمانسی، ئەفسانەیی، کۆمەڵایەتی و مێژوویی هەن.

سەرچاوەی چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان نادیارە. ئەو چیرۆکە فۆلکلۆرییانە فێرمان دەکەن کە لە ئەزموونەکانی ڕابردوو سوود وەربگرین. ئەو چیرۆکانە ڕەفتار و هەڵوێستی باوک و باپیرانمان پیشان دەدەن.

چیرۆکی فۆلکلۆری کوردی وەک دەریایەکی بێ‌بن وایە. چیرۆکە فۆلکلۆرییەکانی کورد تاریکی بۆ ڕووناکی دەگۆڕن. ئەمانە چراکانی کولتووری کوردین. چیرۆکی کوردی لە ڕووی وشە و وردەکارییەوە ئاستی زۆر بەرزە و زۆرێک لە نووسەران لەگەڵ چیرۆکی گەلانی دیکە بەراوردیان کردووە و زۆرجار چیرۆکی کوردی لە چیرۆکی ئەوان دەوڵەمەندتر بووە. زۆرێک لە چیرۆکە فۆلکلۆرییەکانی نەتەوەی کورد هاوشێوەی چیرۆکی نەتەوەکانی دیکەن و لە ڕووی وشە و وردەکارییەوە بە هەمان شێوە دەوڵەمەند و ئاست بەرزن. نووسەری کورد "عەلائەدین سەجادی" لە کتێبی "مێژووی ئەدەبی کوردی"دا بە ڕوونی چیرۆکی فۆلکلۆری نەتەوەکانی دیکەی لەگەڵ چیرۆکی نەتەوەی کورد بەراورد کردووە، ئەمەش بەرزی و گرینگیی چیرۆکی کوردی نیشان دەدات. لە ڕاستیدا ئەو دەوڵەمەندی و ئەدەبیاتە لە چیرۆکی فۆلکلۆری کوردیدا هەن، لەنێو گەلانی دیکەدا زۆر دەگمەنە.

خوڵقێنەرانی چیرۆکی فۆلکلۆری کوردی لە هەموو چین و توێژەکانن. لە گێڕانەوە و شێوەی هۆنراوە و تەنانەت ئافراندنی چیرۆکەکەدا دەردەکەوێت کە ئەو چیرۆکانە لەلایەن کام یەک لە چین و توێژەکانەوە داهێنراوە. زۆر جار مرۆڤی عاشق نەگەیشتووەتە خۆشەویستەکەی، چیرۆکێکی لەسەر خۆشەویستی خۆی و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم خۆشەویستییە ئافراندووە. یان زوڵم و ستەم و چەوساندنەوەی نەتەوەیی یان چەوساندنەوەی بەگ و ئاغاکان یان سەدان نموونەی بندەستی و چەوساندنەوە وای کردووە داهێنەر و خوڵقێنەری چیرۆکەکە بێت و هەموو ژیانی بندەستیی خۆی لە ڕێگەی خەیاڵ و ڕاستییەوە بکاتە چیرۆک و بۆ نەوەی دوای خۆی بەجێ بهێڵێت. بۆیە لە پاشاوە تا دەگاتە هەژار، ئەویندار و شوان، داهێنەر و خوڵقێنەری چیرۆکی فۆلکلۆری کوردی بوون.

لە چیرۆکی مەم و زینی "ئەحمەدی خانی"دا هەم خۆشەویستی و هەم جوغرافیا و هەم نەتەوەی کورد دەردەکەون. زۆر جار ئەزموون و قارەمانێتیی نەتەوەی کورد لە شێوەی چیرۆک لەلایەن ڕێبواران و گوتاربێژانەوە گێڕدراوەتەوە و باسی لێوە کراوە.

وەک لە سەرەتادا ئاماژەمان پێ دا، چیرۆکی فۆلکلۆری کوردی زۆر دەوڵەمەندە و لە ڕابردوودا کە کارەبا و تەکنەلۆجیای مۆدێڕن نەبوو، خەڵک و خێزان پێکەوە لە خانووە قوڕاوییە کۆنەکاندا دەژیان، لەسەر کورسییەک دادەنیشتن و باسی ئەزموونەکانیان دەکرد یان لە تاریکیی شەودا چیرۆکیان دروست دەکرد. زۆر جار لە شاخ و لە ئەشکەوتەکاندا، لە دەوری یەکتر کۆ دەبوونەوە و چیرۆکیان دەگێڕایەوە. ئەو چیرۆکانە بۆ نەوەی نوێ گوازراونەتەوە، نەوەی نوێش چەندین چیرۆکی کوردیی نووسیوە و کردوویەتی بە کتێب. لەو چیرۆکانەدا وشەی ڕەسەنی کوردی زۆرن و نووسەران و لێکۆڵەرانیش بۆ فەرهەنگی زمانی کوردی بەکاریان هێناون. لە ڕاستیدا چیرۆکە کوردییەکان دەوڵەمەندیی زمانی کوردیمان پیشان دەدەن و ئەدەبی کوردیش دەیان وشەی بۆ هەندێک شت هەیە کە دەتوانین بەکاری بهێنین.

لەلایەکی ترەوە فۆلکلۆر بناغەی نەتەوەیە و نەتەوە بە فۆلکلۆری خۆیەوە دەناسرێت و ناسینی کولتوور ناسینی میللەتە. بەشی سەرەکیی فۆلکلۆری کوردی چیرۆکە. چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر نەتەوەسازی هەیە. چونکە بەسەرهات و ڕابردووی نەتەوەی کورد هەمووی لەنێو چیرۆکەکاندا باس کراوە و ئەو چیرۆکانەش زۆر گرینگن بۆ ئەوەی گەلی کورد لە ڕابردوو وانە وەربگرێت. زۆرێک لە دەنگبێژە کوردەکان لە چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان کەڵکیان وەرگرتووە و ئەو چیرۆکانەش هەم مێژووی گەلی کورد بووە و هەمیش کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر پرۆسەی نەتەوەسازی هەبووە.

نەتەوەی کورد لە بواری سینەمادا لاوازە و نەیتوانیوە بە شێوەیەکی باش لە چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان کەڵک وەربگرێت و بۆ سینەمای بگوازێتەوە؛ سەدان چیرۆکی کوردی لە ڕووداوە ڕاستەقینەکان هەن کە سەرکەوتن و قارەمانێتیی گەلی کورد لە بەرانبەر دوژمن پیشان دەدات، بەڵام بەداخەوە زۆرێک لەو چیرۆکانە نەنووسراون و هەر بە شێوەی زارەکی گوتراون و نەتەوەی کوردیش نەیتوانیوە بەباشی بۆ سینەما کەڵکی لێ وەربگرێت.

لەلایەکی ترەوە فۆلکلۆری کوردی لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە دزراوە و بە دەستکاریکردنیان کردوویانە بە هی خۆیان. چەندین چیرۆک، گۆرانی، هەڵبەست و تەنانەت بەڵگەنامە کۆنەکانی کوردیان دزیوە و بە هەندێک دەستکاریکردن بە ناوی خۆیانەوە تۆماریان کردووە. ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ.

بەهۆی داگیرکردنی کوردستان لەلایەن داگیرکەرانەوە، نەتەوەی کورد هەمیشە لە شەڕ و ئاوارەییدا بووە و نەیتوانیوە لەسەر ئەو بابەتانە کار بکات، بەڵام ئێستا پێویستە هەموو نووسەران و لێکۆڵەرانی ئەو بوارانە هەوڵ بدەن بە سەردانکردنی کەسانی پیر و کۆکردنەوەی بەڵگەنامەی مێژوویی، لەسەر چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان کار بکەن.

 

KURDŞOP
566 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!