زەماوەند و بووک گواستنەوە لە ناوچەی موکریان

لەیلا نوورانی

 

شیرنی خواردن

ڕێوڕەسمێک کە خزم و کەسی ماڵی زاوا هەر لە ڕۆژی مارەکردن یا ڕۆژێکی دیاری کراوی دیکە دەچنە ماڵی بووک و زێڕەوشانی دەکەن و دەستێک جلوبەرگ (کراس، پشتێند، دەسماڵ، پشتەکەوا) و چەند پارچە زێڕێک بۆ بووک بە دیاری دەبەن. لەو ڕۆژەدا بووک و زاوا پێکەوە ئاڵقە دەگۆڕنەوە و شیرنی یا هەنگوین دەخۆن.  کۆڕی شایی و ڕەشبەڵەک دەگیرێ.

زەمانی زوو شیرنی خواردن نەبووە و بووک و  زاوا زۆرجار یەکتریان هەر چاو پێ نەدەکەوت.

جل‌هەڵگرتن

قەدیم ماڵی زاوا پێیان عەیب بوو بۆخۆیان بچنە ماڵی بووک و کاروباریان بە ژنێکی گەڕاوە دەسپارد کە پێ‌یان دەکوت "بەربووک" لە بەزازی ‌ڕا بوخچەیەکی گەورەیان جلوبەرگ دەناردە ماڵی بووک هەتا بە دڵخوازی خۆی هەڵبژێرێ. دوو یا سێ دەست جلیان بۆ هەڵدەگرت. جا لە ڕۆژی شیرنی‌خواردن لە سەر مەجوعمەیان دادەنا و لە نێو ژنان بڵاویان دکردەوە و بەربووک بە ژنانی نیشان دەدا و شیرنیات و قەرەپووڵی لەسەر جلەکان دادەنا. بەربووک لەگەڵ بووک دەچووە ماڵی زاوا و تا هەفتەیەک لای بووک دەماوە و ڕووسپێتیی بووکی بە ماڵی زاوا نیشان دەدا و دوایی بو ماڵی بابی کچەی دەبردەوە.

ماڵی زاوا دەستێک لیباس و پووڵ و کەللـەقەند و تائارد و کووپەپەنیریان دەدایە و بەڕێیان دەکردەوە.

خەنەبەندان

قەدیم شەوی پێش گوێستنەوەی بووک کچ و ژنی خزم و دۆست و ئاشنا خڕ دەبوونەوە و هەرکەسە کیسە خەنەیەکی دەبرد و دەچوونە ماڵە بووکێ، زۆرتر شۆرباوگۆشت یان شۆرباوکفتەیان لێدەنا و  داوەتیان دەکرد و خەنەیان دەگرتەوە و تێکرا دەست‌ و پەنجە و قامکی لاقیان خەنە لێدەدا.

 ئێستاکە ماڵی زاوا دەچنە ماڵی بووک و خەنە دەگرنەوە و هەرکچەی قامکێک لە خەنەکە دەدا و بەری دەستی پێ سوور دەکا.

بووک ڕازاندنەوە

چەند ژنی خزم و ئاشنا پێش گوێستنەوە کۆ دەبنەوە و یەکیان دەموچاوی بووک هەڵدەگرێ و یەک سەری بۆ دە خەنە دەدا. جلەبووکیش پێش دروون دەدەن بە ژنێکی بەبەخت هەوەڵ مقەستی لێدەدا هەتا بووک بەختەوەر بێ.

ڕۆژی بووکێ واتا گوێستنەوە، ژنی بەبەخت و ئیقباڵ دێنن لەو ژوورە بێ کە بووکی لێ جوان دەکرێ و سووراووسپیاوی بۆ دەکەن و چاوی پڕکل دەکەن و  جلی بووکێنیی لەبەر دەکەن و شەدەوگێلگێلەی لەسەر دەنێن و تارای سووری پێدادەدەن و پووڵی بۆ دە کەوشەکانی دەنێن هەتا سەربەڕسق بێ.

گوێستنەوە

ئەو ڕۆژەی ماڵی زاوا دێن بووکی بگوێزنەوە،  هەرتکٓ ماڵی بووک و زاوا لە خەڵک دەگێڕنەوە و پاش نانی نیوەڕۆ دەچن بۆ بووکێ. قەدیم ئەگەر ڕێگا دوور بایە بەیانی دەچوون بۆ بووکێ لەبەر ئەوەی بێ ماشێن بوون و هەر بە ئەسپ بووکیان دادەبەزاند. زاوا ئیزنی چوونە ماڵە بووکی نەبوو، جار هەبوو لە جیاتی برای زاوا، دوو کوڕە جحێڵەی خزم یا دۆست و برادەری زاوایان دێنا و پێیان دەکوتن:  برازاوا، ئەوانە لەگەڵ کەیخودا و خزمە نزیکەکانی زاوا بۆ بووک دەچوون (ژنیان نەدەبرد). ئەم‌لاولای بووک برا، خاڵ یان مام ڕادەوەستان و قۆڵی بووکیان دەگرت هەتا سواری ئەسپ دەبوو. بەربووکیان ڕەگەڵ دەخست.

پشتێندی بووک بەستن

پشتێندێکی سووری باریک نزیکەی میترونیوێک درێژایی هەبا، دەیاندا بە برازاوا و سێ جاران لەسەر ڕا هەتا بەری پێی بووک دەیهێناوە و جاری سێهەم لە نێوقەدی بووک گرێی دەدا و ماڵی بووکیش خەڵاتیان دەکرد. پێش ئەوەی بووک لە ماڵە‌بابی بچێتە دەر هێلکەیان دادەنا هەتا پێی لێ‌ نێ و سەربەڕسق بێ.

بووک دابەزین

قەدیم بووک ئەگەر ڕێی دوور بایە سواری ئەسپ دەبوو، پێش ئەوەی بووک دابەزێ جار هەبوو مانی دەگرت و دەبوو ماڵی زاوا گیسک یان کاۆڕێک بکەنە خەڵاتی بووک. زاوا بە شووڵێک لە سەری بووکی دەدا باوەڕی وابووە کە سامی ڕەسەر سامی بووک کەوێ، کەڵەباب، قەرەپووڵ، شیرنیات و نوقڵیان بەسەر بووکدا هەڵداویشت. کاتێک بووک دادەبەزی دایکی زاوا، تاراکەی بۆ هەڵدەداوە و زێڕەوشانی دەکرد و دوایی ئەو خزم‌وکەس و دەروجیران زێڕەوشانیان دەکرد. ئاوێنەیان لە پێش بووک و زاوا دادەنا و هەنگوین، هەڵوا یان شیرنییان لە پێش دادەنان هەتا لەبەر چاوی یەکتر شیرین بن. منداڵی کوڕیان دە کۆشی بووک دەنا و ئەویش پووڵی دەدانێ، بە ئاواتی ئەوەی منداڵی نێرینەی بێ و تایفەیان بەپشت بێ.

چای دووڕەنگیان بۆ بووک و زاوا دەهێنا و ئەوانیش تێکیان وەردەدا و دوایی قوومێکیان لێ دەدا و زاوا پووڵی دە کەشەفە‌چایەکە دەنا. دوایی بووک و زاوایان دەبردە گەڕی داوەت و پووڵیان بەسەردا هەڵداویشتن.

سێ‌ڕۆژانە

ڕۆژی دوای گوێستنەوە خزم و کەسی بووک خۆیان دەڕازاندەوە و دەچوونە ماڵی زاوا، نان‌وچێشتی نیوەڕۆیان دەخوارد و بووک بەرگ‌ولیباسی وەکی ڕۆژی گوێستنەوەی لەبەر دەکرد بەڵام تارای بە خۆی دانەدەدا. ڕەشبەڵەک دەگیرا و دوایی عالەم بڵاوەیان دەکرد.

KURDŞOP
563 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!