خشڵی ژنانی موکریان – بەشی 8

لەیلا نوورانی

 

سەرپشتێد

جۆرێک زنجیری پێکهاتوو لە کۆمەڵە قوببەیەک کە هەر قوببەی سکەیەکی نیوپەهلەوی یا ڕوبعی لێ‌هەڵداوەسرێ. عەیاری قوببەکان هەژدە و ئی سکەکان بیست‌ودوویە. ژنان لە ڕێوڕەسمی خۆشیدا لە پێشەوەی پشتێند قایمی دەکەن.

پەرەنگ

سککە یا سووڕەت و شتی لەم بابەتە کە بە زنجیر، ئاڵقە یا چەند ئاڵقەیەک، وە هێندێک خشڵی وەک گوارە، کەمبەر، قاش، قۆیتاس، گوڵی تاس‌کڵاو و شتی لەم بابەتە دەخرێ.

"ئەمن لە بنی گوێم خۆش دێ دەنگی تۆقان، تەلەسمان، گواران، زێڕان، پەرەنگان، دوومەتی ڕۆینی دە شیرن‌لەیلایە"

(محەممەد کاکیل: ئازیزە)

" حەیران دەڵێم ئاوی دارەهەنارێ/ بەسەر وردەخاڵی گەردنێت‌دا دێنە خوارێ/ ئەمن ئەوساڵەکانە حەوت دانە ساڵە/ لە دوای قەفی سمێڵی شۆڕەسوارێ عەبداڵم/  هەر بیکەمەوە پەڕەنگۆڵەی دە گوارێ"

( ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان، پایانیانی، بەشی ژنان)

پەڕەملە

تایبەتیی ئەو زەنگیانەی کە بەشێوەی تەخت‌پان هۆنرابێتەوە. پێی(بنی) شۆڕی بۆ ساز دەکرێ و نێوەڕاستی پێیەکەی موورووە فرمێسکی تێدەکەن. زۆرتر یەکڕەنگ زەنگیانەی بۆ بە‌کار دێنن و تایبەتی بازیبەندە.

پیرۆزە

بەردێکی عاسمانی‌ ڕەنگی بەنرخە کە هەم بەتەنیا کەڵکی لێ وەردەگیرێ و هەمیش دەکرێتە نەقیمی ئەنگوستیلە و ملوانکە و گوارە و شتی لەم بابەتە.

" لە گەردنی وی جوانە پیرۆزە و ئاڵتوون و لەگەڵ تۆقێ، ئەگەر لە گەردنی کەسدا نییە/ هەچەندجاری دەیهاوێژێتەوە سەرخاڵی ڕەش و گژنیژییە/ دەڵێی نیوەڕۆیە و لە ئاوێ دوور کەوتۆتەوە و تونییە"

(ئەحمەد لوتفی: بەیتی لاس و خەزاڵ)

پشتەسەر/ پێشەسەر

خشڵێکە پێکهاتوو لە تەختێکی لە قوببەی ورد لە چەشنی تەختی سەرپشتێندی ئێستا کە بنی ڕیشووی لە زنجیر وپەرەنگ پێوەیە و هەردووک سەری بەئاڵقەیە. جۆری زێڕ و زێوی هەیە، جۆرە زێڕەکەی، قەدیم پەرەنگی لیرەی پێوە بوو کە دواتر بوو بە سککەی پەهلەوی، ئی وا بوو پووڵی سووری بەسەرەوەبوو، لە هەرتک لای بەقولاپ قایم دەبوو و ئاڵقەکەی دە نێوەڕاست دەچەقا. لەسەر سەروشەدە/ شەدە و گێلگێلە لە پێشەوە و لە پشتەوە قایم دەبوو.

 جۆرێکی هەیە کاتێک قولاپەکەی قایم دەبێ خشڵەکە پێچ دەخوا و لەسەر شەدەوگێلگێلە قایم دەکرێ. جار هەبووە تۆقی کوردییش بۆ پێشەسەر و پاشەسەر دەکار کراوە. ئەو خشڵە ئەگەر لە پێش‌سەر بدرێ دەبێتە پێشەسەر و ئەگەر لە پشتەسەر بدرێ دەبێتە پاشەسەر.

تانج/ تێل

تێلێکە لە زێڕ، زێو یا هەر جۆرە کانزایەکی ڕازاوە بە یاقووت و دووڕ و سەنگ و مرواری و شتی لەم بابەتە. دوای بە‌سەرچوونی باوی تاس‌کڵاو، لەسەر تارا تانج لێ‌دەدرا. لە بەیتەکاندا هەر تایبەتی بووک نییە و نیشانی خانم و خاتوونانە.

"برایم دەستێکی دەبردەوە بۆ تانجێ/ ئەوی دیکانەی دەبردەوە بۆ مێزەرێ/ بەختی برایمی هێندە ڕەش بوو، ئەوە نێرەی دەترازا لەبەر کەمبەرێ"

(قاڵەشین: بەیتی برایمۆک)

" خان قۆچی‌خان کچێکی بوو، نێوی قەرەج‌خاتوون بوو، ئەمما عەجەب تێل‌بەسەر ..."

(ئەحمەدلوتفی: بەیتی ئەحمەدی شەنگ)

تێکەڵی/ بەنکەمووروو/بەرموور

نێوی کۆنی بەرموورە، پێک هاتووە لە موورووی جۆراوجۆری بەنرخ کە بەدوای یە‌کدا پێوە دەکرێ. مووروویەکی پانکەڵە یان گردەڕوو یان ئایەتێکی بۆ دەکرێتە نێوبەند، تا سەر پشتێندە درێژە، موورووەکانی هاوبەند پێوە دەکرێن، دەکرێ گۆی زێڕ یان زێویشی لەگەڵ پێوە کرێ.

جەفحەری/ جەعفەری /جەحفەری

پارچەزێڕێکی گەورە و تەنکی دەسکدارە. دیوێکی وێنەی باڵندە و دیوێکی وێنەی سەروناوشانی مرۆڤە، دەخرێتە ناوەندی چەند لیرە و لە مل دەکرێ. بۆ سەرپولەی تێکەڵیش کەڵکی لێ وەردەگیرێ. ناوی لە جەعفەر بەرمەکییەوە هاتووە کە وەزیری ئێرانیی عەباسییەکان بووە.

KURDŞOP
1209 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!