ئاو  لە کەلتوور و بیر و باوەڕی کوردەواریدا - بەشی 2

 

پەند و ئیدیۆم

 

دەڵێن: ئاو دەزانێ پەنیر لە کوێیە

بۆ دیاری کردنی خەتابار لە ڕووی نیشانەیەکەوە دەگوترێ.

دەڵێن کابرایەک لە مەجلیسێ‌دا پێسته پەنیریان لێ دزی، ئەو لا پێستە، ئەو لا پێستە، نەیدیدیەوە. مەلایەک لە نێو مەجلیسێ بوو، پرسیان پێ‌کرد. مەلا چاوێکی گێڕا، ئەگە تەماشا دەکا ئەوە یەکێک لێکدا لێکدا داوای ئاو دەکا. مەلا ڕووی دە کابرای سێحەب پەنیر کرد کوتی: ئاو دەزانێ پەنیر لە کوێیە!

 

دەڵێن: ئاو قازییە

بۆ داکوژانی کێشەی حەدد و سنووری مڵک دەکار کراوە.

 

دەڵێن: ئاو نێوقەدی شاخ دەشکێنێ

حه‌ول و تێکۆشان هەموو کارێک دەکا.

 

دەڵێن: ئاوی پاییزان بیدە بە عازیزان

ئاوی پایزێ لە ئاوی هەموو وەختێک پەسندترە.

 

دەڵێن: ئاوی زاڵم سەربەرەو ژوور دەڕوا

" خوا هەڵناگرێ چم نەبیستووە، بەڵام کاکە‌گیان ئاوی زاڵم سەر بەرەو ژوور دەڕوا، ئەوان پێیان وایە تاوانباری."

(ڕۆمانی میرزا – فەتاح ئەمیری)

 

دەڵێن: بە مەیلی خودا ئاو ڕادەوەستێ

توانای خودا بێ‌سنوورە.

" کەسێک خەیاڵێک گەر بکڵ قەستێ/ بە مەیلی خودا ئاو ڕادەوەستێ"

(لوتفی: بەیتی سەعید و میر سێوەدین)

 

دەڵێن: مردوو و زیندوو بە ئاو پا(ک) دەبێتەوە

قاپ و قاچاغ و ... ئەگە بە ئاوێ شۆران خاوێن دەبنەوە.

 

 

زاراوە

 

- ئاوبردە

ئەو ماڵەی بەخۆڕایی لە دەست چووبێ.

 

- ئاو بەردانەوە

لە ئەستێر یا هەر شوێنێکی تر کە ئاوی تێدا کۆ بووبێتەوە، ئاو ڕەوانەی شوێنێکی دیکە کردن بۆ هەر مەبەستێ بێ.

 

ئاوی کارێک/شتێک بەخۆ داکردن

تۆبە کردن. وەلانان و دەست هەڵگرتنی یەکجاری لە کارێک یا کردەوەیەک.

نوێژی شێوان ڕشتنی ئاوی گەرم خراپە، ئەگەریش ڕژا دەبێ بیسمیللایی دەگەڵ بکرێ، دەنا جندۆکە دەست دەوەشێنن.

 

ئاووگڵ

مردوو لە هەرجێیەک مردبێ دەبێ لەوێ بنێژرێ، چون ئاو و گڵی وێی بە نەسیب بووە.

 

ئاوی حەیات

هه‌رکەس لە ئاوی حەیاتێ بخواتەوە نامرێ. حەزرەتی خدر لەم ئاوەی خواردۆتەوە بۆیە بوتە خدری زیندە.

" دەچمە سەر کێوی ئاتێ/ دێنم ئاوی حەیاتێ/ دەیدەم بە مێردەگولەی/ بەڵکوو لێوئاڵم داتێ  "

(فۆلکلۆر)

 

باوەڕ

ئاوی دانوو (ئاوی نۆک یا گەنمی لە ئاودا کوڵاو.)

دانوو نەخۆشی مەڕە و بە هۆیەوە بەر داوێ، دەچوون لە "حاجی‌مامیان (گوندێکە لە ناوچەی مەنگوڕایەتیی مهاباد) ئاویان دێنا، ئەگەر توونگەیان پڕ دەکرد هەتا لە دێی نەدیو دەبوون نەدەبوو ئاوڕیان داباوە. جا بەو ئاوە دانوویان لێدەنا و منداڵیان بانگ دەکردە هۆڵێ و دەیانخوارد. ئاوەکەیان بە کۆڵەکان‌دا دەکرد، دەهاتن و دەچوون و دەیانکوت:

 

- هەر کەس سێ چوارشەممۆیان لەسەر یەک، ئاوێ بە خۆدا کا و سەری بشوا ژانەسەرێکی وای پێوەدەنووسێ چاک نابێ مەگە نشتووی بۆ بکرێ

ئەگە کەسێک بیهەوێ نشتووی ڕەشیی لە کەسێک بکا و یەکێک لەبەرچاوی یەکێکی دی بخا، نشتووەکەی بە ئاوێدا دەدا هەتا قەت قەت بەتاڵ نەبێ.

- ئەگە نشتووی ڕەشیت دیتەوە دەبێ بیکەیەوە و بە ئاوێیدا دەی جا بەتاڵ دەبێ.

- ئێسکی گۆشتی قوربانی بە ئاوێدا دەدەن.

- بۆ بای بەقەوەت دوعا دەنووسن و بە ئاوێیدا دەدەن.

- پزدانی ماڵات بە ئاودا دەدەن، دەڵێن ئەگەر چوارپێ بیخوا ناشکورییە.

- ژەک یا شیری پیس، یا ئەو شیرەی لە مەمکی هەڵدەدۆشن بە ئاوێدا دەدەن.

- زوورووی ئاتەگ/ دەسماڵی ئینسانی چاوپیس بە ئاوێدا دەدەن.

- منداڵ ئەگە چلوگیر بوو، خاک و خۆڵ و زبڵ و زاڵی ماڵێ خڕ دەکەنەوە و چوار چوارشەممۆیان بەسەر منداڵەکەیدا بەئاوێیدا دەدەن.

- منداڵ ئەگە لە لانکێ هاتبا خوارێ بلوێرەکەیان بە ئاودا دەدا.

- حەوت‌ئاو: [  حەوت جار  شوتنەوەی شتێک بە ئاو]

بۆ دەرکردنی گڵاویی لە شتێک هەوەڵێ گڵەسوورێکی خاوێن دە جامێک، شتێکدا دەگرنەوە، گڵاو کراوەکەی پێ دەشۆن و ئەو جار شەش جارانی ئاوی ڕوون پێدا دەکەن و جار دەگەڵ جارێ بیسمیلایی دەگەڵ دەکەن. دواجار دەڵێن: بیسمیللاهە ڕەحمانە ڕەحیم، خودایە ئەو گڵاوە بەو ئاوە ڕوونەدا بڕواتە دەرێ و گڵاوی دەردەچێ.

 

دوعا

یا خودا ئەو ئاوە بۆ کەس نەڕژێ

ئەگەر کەس یا کەسانێک پەیتا پەیتا تووشی بەڵایەک بن و سەریان لێی دەرنەچێ دەیڵێن. "ئەو ماڵە فەقیرە ساڵێ سێ چوارێکیان بە تەسادووف دەچێ یا خودا ئەو ئاوە بۆ کەس نەڕژێ."

KURDŞOP
849 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!