خشڵی ژنانی موکریان – بەشی 5

لەیلا نوورانی

 

بەربەنە

مووروو، گۆ، گوللـەی دەسککراو یان سەرپۆلەیەک کە بە قەیتانەوە بکرێ و بە ملەوە شۆڕ بێتەوە.

" ئەمن دەڵێم کاکینە ئەوڕۆ ئێوارێ حەیرانەکەی من حەیرانی لێدێ/ گەردنی زەردە، بەربەنەی لێ دێ"

(حەیران)

بەرکۆژە

خشڵێکە لە زێڕ یان زێو کە بریتییە لە سککەیەک لە سووڕەت یان قڕان کە بنی لە نێوەڕاستی دەسک کراوە، لە یەخەی کوردی دەندرا و قەیتانیان پێدا دەکرد یان لەسەر شانی کەوایان دەدروو و قەیتانی سۆرانییان پێدا دەکرد، قەدیم لە جیاتی دوگمە کەڵکیان لێ وەردەگرت.

"ئەمیش بترازێنم دەرزێ بەرکۆژێ/ ئەگەر ئارەزووم، لێ بێ شۆقی دەبڕم لە مانگێ/ بەڵام حەزم نیە دەگەڵ ڕۆژێ

(قالەغەریب: بەیتی شێخ فەرخ و خاتوون ئەستی)

 

"بۆت بم بە غوڵامی بەرکۆژێ/ ئەوڕۆژ ناڕۆم دەگەڵ ڕۆژێ"

(بەیتی خوازێ)

بەرکۆژەی قووببە

تایبەتیی ئەو بەرکۆژەیەی کە لە سککەی قووببە کراوە.

بەرموور

" خۆمانیان بۆ بە کوشت ئەدەین، تا هەموو وڵاتەکانیان بەرەبەرە وەک خوێنی پژاومان سوور دەبێ و وەک شیلان و دەنکە مەرجانی ناو بەرموور دیمەنیان دێتە بەرچاومان"

(هەژار، بۆ کوردستان: ٧)

" کیژ گەڕاوە دوای بەرمووران وە خۆی دێخێ/ تەڵەبی دەکەم لە خودای لە کن چادری مەی بێخێ"

(ماملێ)

بەرمووری لێران

ملوانکەیەکە پێک هاتووە لە سەرپۆلەیەک لەتە زێڕی پێنج پەهلەوی، دەپەهلەوی، جەعفەری، کەنەدی یان دوو و نیوپەهلەوی کە لە هەرتک لاڕا موورووی بەقیمەتی تێ دەکرێ و دواتر لیرە یان یەک پەهلەوی یان سووڕەتی تێ دەکرێ و تا سەر ئەستۆ هەروا درێژەی دەبێ. مووروو و زێڕەکان هاو وێنەن، لەسەر پشتێند ڕادەوەستێ و شێوازی کۆنی شامڕەختی ئێستایە.

بەروبەرمووروو

بەرموور/ بەنکوبەرموور

" ئەوە بەسەری پەنجانی لە بەردی دە مەڕمەڕی دەدانە/ ئەوان بەرووبەرمووران لەسەر سینگی دە ئەوێ کەڵەمەرجانێ/هەر دەیانکردەوە بە شەڕەباز و شەڕەبەرانە"

(دەروێش ڕەحمان: ئازیزە)

 

بەردەباژەڵە/مووروو باژەڵە

= سەردەستاڕ و بندەستاڕ

جۆرە مووروویەکی پانە، نێوەڕاستەکەی کونە، سەرووژێری هەیە و ڕەنگی سپی و کەسک و ڕەشی هەیە، سپی و کەسکەکەی زۆر پەسند بووە و ڕەشەکەی برووقەدارە. حەسڵ و ناحەسڵی هەیە. ئەم مووروویە لە بن گڵ دەدۆزرێتەوە و بە مانای بەبەخت بوونە. هەرکەس وەدەستی نەکەوێ هەر لەو شێوەیە لە گڵ دروستی دەکا. قەدیم سەری کەللـەقەندیان وەک ئەو مووروویە دەسۆوە و سەروژێریان لێ ساز دەکرد و وە خۆیان دەخست. جۆری دەستکردی ناحەسڵ بوو، بۆ تێکەڵی لە نێوان مووروواندا جووتێک لەملا و جووتێک لەولا پێوە دەکرێ، یان جووتێکیان دە سەرپۆلەی کوڕەمەکە دەکرد یان بە قەیتان وە لێواری  کەوایان دەخست. ڕەنگی کەسکی تایبەتی تێکەڵی بوو.

 

باوەڕ

ئەگەر سەروبنی ئەو موورووە یەک بگرن دڵی ژن و مێردیش یەکتر دەگرن.

جۆری ڕەشی ئەو مووروویە، وێنەی پەری بە لاپانەکەیەوە بۆیە "نێوکەپەری"شی پێ دەکوترێ.

موورووباژەڵە مووروویەکی مبارەکە.

موورووباژەڵەی هێندێک کەسان ئاردی دەکا، ئەو ئاردکردنە نیشانەی بەخت و ئیقباڵە.

هەرکەس بەختی هەبێ، شەوی جومعانە سەروبنی موورووەباژەڵەکەی یەکتر دەگرن.

هەرکەس موورووباژەڵەی ببێنێتەوە بەبەخت دەبێ.

 

داوودەرمان

جۆری سپی ئەم مووروویە بۆ باداری دەرمانە.

منداڵ ئەگەر باژەڵەی بێ:

ئەلف) پانێی بریندار دەبێ، دەنکێکی ئەو مووروویە بەتایبەت جۆرە سپییەکەی دە شیری مەمکی دایکدا دەسوونەوە و ئەو شیرە دە پانێی منداڵەکە دەدەن

ب)  ئەو مووروویەی بە لاچاویدا دێنن.

KURDŞOP
703 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!