خشڵی ژنانی موکریان - بەشی 4

لەیلا نوورانی

 

بازنە

ئاڵقەیەکە کە لە کانزایەکی بە‌قیمەت یا شتی لەم بابەتە کە بۆ جوانی دە مەچەکی دەست یان قۆڵ دەکرێ.

" ئەمن سەرێکە خۆم هەڵدێنا تەماشای بە‌ژنی باریکم کرد، سەری هەڵنایە لە‌بەر خاڵ و پارچەمانە، قۆڵ لە‌بەر بازنانە"

(مامەڵڵا: حەیران)

 

بازنە‌لە‌قۆڵ

تایبەتیی ئەو کەسەی  کە بازنەی بللووری دە قۆڵدایە.

" ئاخر بە خۆم نییە پشتم دە‌چۆمێ/ ئەوە هەر نەهات هیمداد لە ڕۆمێ/ بە یەخسیر نەبەن بازنەلەقۆڵێ"

(ئەحمەدی لوتفی: بەیتی دمدم )

 

بازنەی بە‌کلیلە

جۆرە بازنەیەکی کۆنی بە‌نەخش، لە زیڕ یان زێو، کە بۆ داخران و کرانەوەی ئاڵقەزوونەی هەبووە. جۆرە زێوەکەی تەختەکەی پان بووە.

 

بازنەی شووشە/ بازنەشووشە

بازنەیەکە لە جۆرە شووشەیەکی بایی‌دار. زۆر پێشووتر، جۆری گەورەکەی ئەم بازنەیە دە لاقیش کراوە، بازنەی شووشە ئەگەر دە دەست بکرێ، دوو دەنکی لای سەرووی گه‌ورە و دوو دەنکی ناوەڕاستی دەستە و دوو دەنکەکەی دوایی لە هەمووان چکۆڵە‌ترە، ئەگەر لەگەڵ دەستەوانەی موورووش  تێ‌ بکرێ هەر دەستەوانەی بازنەیەکی دەکەوێتە نێوان.

 

بازنەی عەجەمی

جۆرە بازنەیەکی زێڕی ئامادەی جەمسەر بەستراو. لە کارخانە ساز دەکرێ و بە‌هۆی باریکیی دەکرێ تا بیست‌دانەش تێ‌بکرێ.

 

بازنەی کوردی

جۆرە بازنەیەکی دەسکردی زێڕی تەخت‌پان. تایبەتی کوردەوارییە و ئێستاکەش هەر باوە. دووگوڵ و سێ‌گوڵ و پێنج‌گوڵ و دە گوڵی هەیە و هەرچی گوڵەکانی پتر بن تەختەکەشی پانترە؛ دەوری گوڵەکانیش نەخشاوە. زۆرجار بۆ جوانی، نیوانی گوڵەکانی نەقیمی وردی شینی تێ دەکرێ. لە بنی مەچەکەوە بە زنجیر، لیرە، سووڕەت، ڕوبع، نیو یان یەک ‌پەهلەوی، یەک یان سێ دانەی پێوە هەڵواسراوە. جۆرێکیشی هەیە نێوەڕاستی سککە‌یە و قەراغەکانی دوو یاقووتی پێوەیە. بە شێوەی بازنەی بەکلیلە دادەخرێ.

 

بازنەی قۆڵی

تایبەتی ئەو بازنەی کە دە قۆڵ دەکرێ کە بە‌زۆری لە شووشە و بللوورە.

 

بەربازن

جۆرەبازنەیەکی پڕ بە مەچەک بۆ توند ڕاگرتنی بازنەکان. قەدیم کاتێک کە بازنەیان لە  دەست دەکرد، دوایین بازنە، یەکی چکۆڵەتر لە ئەوانی ‌تر یان دەستەوانەیەک لە موروو بوو کە لە مەچەکدا توند دەبوو و نەیدەهێشت بازنەکان بێنە خوار.

"ئەوە کچەتیوحەیران دەڵێ: کوڕە ماڵ خەراپ، درۆیەکی گەورەوگرانت دەگەڵ منی ماڵوێران کرد/ کوتت دەچمە قاچاغی تووتنی هەولێرێ، بۆت دێنم بە‌ربازن و سەربازنان، دەگەڵ خەزێمی زەرد و سۆر  دەگەڵ قایشی برۆیە "

(مەحمەڵ: حەیران )

 

بازیبەند/قۆڵبەند

جۆرە بازنەیەکی گەورەی مارپێچ کە دەبازوو دەکرێ. بازیبەند لە زێڕ یان زێو یان شووشە بووە. جۆرێکیشی بە زەنگیانە یان شیلان هۆندراوەتەوە. جۆری زێوی سەرێکی گوڵی پێوەیە.

"دەنگ دێ لە بازنە و خڕخاڵە/ بەژنی باریک، چاوی کاڵە/ بازیبەندی دوڕی ڵاڵە"

(لوتفی: ئەحمەدی شەنگ)

 

بازی‌بەندی منداڵ

پەڕۆیەکە کە وەک تەپەکڵاو، کووژەکە و گۆشەگرە و مورووی تری لێ دەدروون و لە لاشانی منداڵی قایمی دەکەن.

 

بازیبەندی مەنگوڕی

پارچە خشڵێکە لە زێڕ یان لە زێو، چوار سووچی هەیە و لە لاتەنیشتی کونە و ئاڵقەی وێ‌ خراوە. مورووی وەک ویسر و شیلانیان بە ‌بەنەوە دەکرد و لە‌و ئاڵقانەیان قایم دەکرد. دوو گوڵینگی ئاوریشمی ڕەش بەسەری مورووەکانەوە بوو و لە بن بازوو گرێیان دەدا. قەیتانێکی لە لای سەرشان پێوە بوو بە دوگمەی سەرشانی کەواکەدا دەکرا، تایبەتی ژنە مەنگوڕان بوو و دوعایان تێ دەهاویشت.

KURDŞOP
609 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!