خشڵی ژنانی موکریان – بەشی 2

 

لەیلا نوورانی

 

تاسکڵاو

جۆرە کڵاوێکی تایبەت کە بە مقەببا و چرێش ساز دەکرێ و مەخمەری بەسەر دەکێشرێ و بە نەوارگەلی میتر، تەرتیب و کۆبە، لێوار و کەلێنی دادەپۆشرێ. ئەستەڕێکی هەرزان‌بایی بۆدیوی ژووری کڵاوەکە بە‌سەر قالبدا دەکێشرێ و مقەببای لەسەر چرێش دەکرێ و سەر مقەبباکەش بە مەخمەر دادەپۆشرێ، پاشان لە‌سەرقالب هەڵدەگیرێ و لەبەر تاوی دادەنێن وشک بێتەوە و ڕەق بێ. ئەوجار زیادی و خێچ‌ وخوارییەکانی لێواری بە مقەست ڕاست دەکرێ و دەڕازێندرێتەوە. هەوەڵێ بیچمی بە شێوەی نیوەگۆ/لەتکەتۆپ بووە و جام و تاسیان بۆ کردووەتە قالب بەڵام دواتر تەپەی کڵاویان پان کردووە و لە شێوەی نیوەگۆ گۆڕیویانە و بە لوولەیی و کۆتەڵەدارێکی ڕێک و لووس کراویان بۆ کردووەتە قاڵب.

کڵاوی بڕنوو:

جۆری هەرە بڵیندی تاسکڵاو کە تایبەتی لاوانە.

کڵاو‌ئاڵتوون:

کڵاوێک کە لە سکەزێڕی پێکەوەلکاو چا کرابێ.

دمەکڵاو/پرپرەی کڵاو

ئەو ڕیزە سکە دەسککراوانەی کە بەڕیز لە لێواری خوارەوەی تاسکڵاو دەدروێن.

دەنکی کڵاو

پارچەزێڕێکی دەنک‌دەنکە بە‌شێوەی کەللـەقەندی چکۆڵە یان پووڵەکەیەکی درێژووکەی نێوقەدباریک کە سەروخواری دەسک کراوە و بە مەرگە و خەیاتەی زەرد لە تاسکڵاو، سەرقۆڵی کەوا یان بەرۆکی کراسی دەدروون.

گوڵی کڵاو/ گوڵی لاچاو/ سەربسکە

پارچەزێو یان زێڕێک کە تەختەکەی لە لیرە، جەعفەری، دوونیوپەهلەوی، قۆیتاس یا گوڵە و بنی سێ‌ڕیشوو یا پێنج‌ڕیشوویە. گوڵی‌کڵاو پەرەنگی یەکپەهلەوی، ڕوبع، سووڕەت یا نیومانگی پێوەیە. جۆری زێوی تەختەکەی سێ‌سووچە و پێلک یان قڕانی پێوە شۆڕ بووەتەوە.

زێڕەکەی جووتێکی گوڵ لە لاتەنیشتی تاس‌کڵاوقایم دەبوو، ئەم جۆرەی کە تەختی گوڵ بوو بێ‌ڕیشوویە کە لە نێوەڕاستی کڵاویش قایم دەکرا و پێیان دەکوت تانجی ‌کڵاو.

تانجی‌کڵاو

۱. وێنەیەک کە بە گوڵەباتوون یان دەنکی کڵاو بە‌شێوەی ٨ دەکەوێتە ناوەندی تاس‌کڵاو.

۲. پارچە خشڵێک کە بە شێوازی گوڵە و لە نێوەڕاستی کڵاو قایم دەکرێ.

کرمەک

پارچەزێڕێکی دەنک‌دەنکی بە‌گرێیە. کاتێک بە قەیتانی ئاوریشمەوە دەکرێ، شێوەی کرم دەنوێنێ و هێندێک خوارە، ئەمسەرئەوسەری کونە و لە هەرتک لای قولاپی پێوەیە و دەکەوێتە ژێرچەنە و بە لاچاوی تاس‌کڵاوەوە قایم دەبێ، تایبەتی ژنی بە‌تەمەنە و ئەگەر ژنی جحێڵ کەڵکی لێ‌وەرگرن پەرەنگیشی لە‌گەڵ پێوەدەکەن.

(بۆ منی ماڵ‌وێران بنێرێتەوە تۆقان، تەڵەسمان، کرمەک و گواران لە بۆ تەنکۆڵەی دە تفەنگێ)

"مەحموود گەناوی، حەیران"

(بۆ تۆم دەهێنا ئاڵقە و گوارە و کرمەکی دە زێڕ، دەگەڵ چەنگاڵ و دەرزییە)

" حەمەدی بەیتان: بەیتی ناسروماڵماڵ"

قەتارە

پارچە خشڵێکە تەختەکەی لە ڕیزێک نیوەگۆ، قووببە یان نەوارێکی باریک کە پەرەنگی لە لێرە، نیوپەهلەوی، سووڕەت یا پێلک پێوە هەڵواسراوە و دەکرێ نێوە‌نێوە یاقووتی هەناریشی تێدابێ. قەتارە لە هەرتک لا قولاپی هەیە و بە تاس‌کڵاوەوە قایم دەبێ و دەکەوێتە ژێرچەنە و تاس‌کڵاو بەسەرەوە ڕادەگرێ. تایبەتی ژنی جحێڵە.

(ئەوشۆ لە بەختم مانگەشەو  تارە/  هەر جێ‌یەک دەچم سایەم دیارە/لێی ممبارەک بێ گوڵ و قەتارە)

"مەلاحوسێن عەبدوڵڵا‌زادە"

KURDŞOP
869 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!