خشڵی ژنانی موکریان - بەشی 1

 

لەیلا نوورانی

 

کۆچکە

جۆرە کڵاوێکی تایبەت کە دوو گوێی بچووکی هەیە و لە کۆچکە، بەندۆکە و کلکە‌کۆچکە پێک هاتووە.

" هەتا بمێنێ سوار و گەنج و ماڵ/ مەگەر بەسەرم دادەن کۆچکە ودەسماڵ/ دەنا پەناهم خودا ببێتە پەنا/ نایەڵم کەس ڕوح و بەهیلاک ببا"

(ئەحمەدی لوتفی: بەیتی زەینەڵ و گۆزەڵ)

 

" سەدبریا لە‌بری دە خودای بایە ئەمن خەرج‌ئەستێنی ماچان بام/... لە کۆچکەبەسەری دە گەورکان، لە کڵاوبەسەری دە محاڵیان"

(فەقێ حەوڵای کاوڵانێ: حەیران)

 

 

کۆچکەی بڵباسی:

جۆری ڕەسەن و هەرە قیتی کۆچکە.

 

کلکە‌کۆچکە:

ئەو بەشە لە کۆچکە کەبەقەد چوارقامک پانە و لە پشتەوە بە کۆچکەوە درواوە. لە مادامی ڕەش دەیاندروو و لێواریان بە مەرگەوخەیاتە دەنەخشاند. ڕێکی داوێنی کراس بوو، قەدیم جێ‌یەکیان بۆ دەهێشتەوە پووڵیان تێ‌دەنا.

 

بەندۆکە:

نەوارێکی کاموای دووقامک پانی دوومیترونیو درێژە، هەرتک لای تۆپەگوڵینگێکی ئاوریشمی ڕەشی پێوەیە، گوڵینگەکانی هەندی ۱٥ سانت درێژن و بنیان سێ سانت هەر بەئاوریشم بەستراوە. بەندۆکە بەشێکە لە کۆچکە و کاری ئەوەیە کۆچکە بەسەرەوە ڕابگرێ. بە ژێری چەنەدا دێتەوە و بە ئاڵقەی هەردوو گوڵی لاچاوی کۆچکەوە دەدروێ و گوڵینگەکانی لە دوولاتەنیشتەوە بەچەشنێک شۆڕ دەبێتەوە کە یەکیان بگاتە سەرئەژنۆ و یەکیان لەسەر پشتێند ڕاوەستێ.

لایەکی بەندۆکە دەکەوتە سەرشان و (گڵۆفک و بن‌دەرزی) گوڵینگی گه‌ورەی ئاوریشمیان لێ‌دەنا و پڕیان دەکرد لە شیلانی سووروشین. دراوی دەسککراو  یان لیرە یان نیوپەهلەوییان ڕیزاوڕیز لێ‌دەدروو، یا قاشیان لێ دەنا، بە پاشەسەریشیدا قەفەگوڵینگێکی ئاوریشمی گەورە دەهاتە خوار، لە پشتەوەش ڕیشوو دە ئاڵقەی دەرزیی ‌پاشەسەر دەکرێ و بە نێوشاندا بەردەبێتەوە. چارەکەی بە سەردادەدرا و بە دەرزیلە لە پاشەسەر قایم دەکرا و لە پێشەوە بە بەستە لەرزانە لێی قایم دەبوو، بەندۆکە لە لاتەنیشت دە ئاڵقە دەکرێ و دەروێ.

" ئەگەر وابێ لە ڕێزەی پیاوان نیم، دەبێ لەسەر شانی خۆم دانێم بەندۆکە و خشڵی ژنییە....‌‌‌"

(ئەحمەدی لوتفی، بەیتی لاس و خەزاڵ)

تێبینی: کۆچکە‌وچارەکە تایبەتی ناوچەی مەنگوڕایەتی‌یە.

 

 

خشڵەکانی کۆچکە:

سێچەکە:

کۆی دەرزیی ‌پاشەسەر، ئاڵقە و گوارە کە تایبەتی کۆچکەیە. لە  زیڕ، زێو یان وەرشەوە. قەدیم دەیانکوت:  فڵانە بووک سێچەکەی زێڕی بۆ کراوە.

 

لەرزانە:

جۆرە دەرزییەکی چکۆڵەی باریکی بێ‌کون کە لای سەرێی ڕەنگاوڕەنگی چکۆڵەی پێوەیە کە چارەکەی لە کۆچکە پێ قایم دەکرێ.

KURDŞOP
737 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!