جلوبەرگی ژنانی موکریان - بەشی 6

کەوا

باڵاپۆشێکە پێک­هاتووە له قۆڵ، ئاتەگ / شاقەل، پشتەکەوا، بەرەکەوا، گیرفان، کۆبه و گوێی کەوا(لە جۆری کۆنی­دا): «ئەمن کەوایەکی لەبۆ ئازیزی خۆم دروست دەکەم لە پەلکی دە ڕەشەڕیحانێ / پەڕاوێزانی تێ­دەکەم لە پەلکی دەوێ سوورەگوڵێ / وەستایانی بۆ دێنم لە حیللەی، هەر شاگردانی بۆ دێنم لەوێ قۆجەمووسڵێ دەگەڵ هەموو تەقەڵ و تەریبانی ئازیزیێکی خۆش تۆ بڵێ»

«ئەمن کەوایەکی لەبۆ عازیزەکەی خۆم دروست دەکەم لە باڵی دە بولبولێ / تەقەڵانی لێ دروست دەکەم لە پەلکی دە ڕەشەڕیحانێ / پەڕاوێزانی داوێمێ لە پەلکی دە وێ سوورەگوڵێ، وەستایانی بۆ دێنم لە حیللەی؛ لە شامێ / شاگردانی بۆ دێنم لە وێ قۆجێ­مووسڵێ، ئەوە دەگەڵ هەموو تەقەڵ و تەریبێکی ئازیزەکەم خۆش­خۆش پێی­هەڵبڵێ»

«کیژێ ئەمن دوێنێ ئێوارێ لەدووم دەناردی بۆچی نەهاتی / نازانی گوارە و کرمەک و زێڕی تۆ لەسەر زێڕبگەری / کولێجە و کەوا و سوخمەی تۆم لەسەر خەیاتی»

 

«کەوایەکی دەبەردا، ئەویش سەمەرقەندە لەبەر کەس­دا نییە / ئەوی گەزی لە چلە و لەوانی بیست و چوارییە / سبحەینان شین دەنوێنی، شەوێ ڕەنگی سپییە / ئەگەر تیشکێی تاوێی لێ­دەدا ئەتڵەسییە / لەوێدا مەمکی دەڵێی هەنارە هاتۆتە خوارێ لەبن دارییە»

 

«کەوایەکی شاڵ­خاڵی خاڵ­خاڵی زیباڕەنگییە / دوگمەی ئەڵماسە و فەرەنتییە / تەمەننا دەکەم لە خوداوەندی میری­مەزن؛ ڕەبی بەدوور بێ لە چاوی بەدییە / هیچ­کەس بە دڵ ببینێ دێوانە دەبێ، دەکەوێتە کێوییە»

 

کەوا، له شێوازی دروومانی کۆندا، ئاتەگی درێژ بووە و تا نیوەی پشتێند هاتووه؛ گیرفانی له ڕوو بووه، قۆڵەکانی له لای پیل­ڕا چەنده فراوان بوو له لای سەرقۆڵیشی چی وای لێ­دەرنەدەهات، له لای سەرقۆڵەکه سێ‌چوار قامک هەر له جۆری پشتەکەواکه، له­بری بەرەکەوا پێوەدەدرا بۆئەوەی له­کاتی هەڵدانەوەی قۆڵەکه (بۆ سۆرانی گەوره) بەرەکەواکه وەدیار نەکەوێ، جۆرەکانی تری قۆڵەکەی شووش و باریک دەبێتەوه و یەک یان دوو قرتەی لێ­دەدرێ. لەم جۆرەیان­دا، سۆرانی له دەوری مەچەک دەهاڵێندرێ. ئەو شێوازه تایبەتی سابڵاغییان بوو چونکه سۆرانییەکانیان تەسکتر و کورتتر بوون. جۆرێکی تری قۆڵ ئەوه بوو له سەرقۆڵ سێ قامک هەڵدەبڕا و ئیتر قرتەی نەبوو هەتا بکرێ سۆرانی گەوره­ی (تایبەتی ژنه مەنگوڕان) پێدا بێنه­دەر.

 کەوا له پێشدا گیرفانی له پشتەکەوا دەدرا و پاشان سەرگیرفانی لێ­دەدرا، بەڵام دواتر گیرفانەکەی له بەرەکەی دەدرا. لە شێوازێکی‌ تردا دەوران­دەوری کەوا و سەرقۆڵ و دەوری گیرفانەکان بە نەوارێکی وەک گوڵەباتوون دەدروا و ئەوەش زۆرتر تایبەتی ژنه سابڵاغییەکان بووه. کەوا بن‌هەنگڵی(جێ­گڕۆڵ)ی کون بووه (بێجگه له کەوای زین‌دروو). کەوای وەرزی گەرما له کووتاڵی ناسک و هی وەرزی سەرما له پشتەکەوای ئەستوور دەدروا. کەوای بووک سوور بوو و پووڵیان بۆ دە گیرفانی دەنا. له ناوچەی مەنگوڕایەتی چون­که ئەنگوچک(سۆرانی)ەکەکان زۆر بەرین بوون، سەرشانەکان بەرکۆژه و له دواییدا دوگمەیان لێ­دەندرا و قەیتانێکی چکۆڵەشیان له سۆرانی‌یەکه دەدروو و پێیان دادەکرد هەتا جوان ڕابوەستێ. کەوای لای مەنگوڕایەتی، بەهۆی گەورە­بوونی سۆرانیی، قۆڵیان قوڵه و فراوان بوون. قەدیم لوولەیان له بن‌هەنگڵی کەوا درووه و شاقەلیان گردەڕوو یان قاش لێ‌درووه، دوگمەودۆڵابیشیان له پێشی داوه و کەوایان پێ داخستووه. زۆر کەسیش دراویان له کەوا درووه یان لیرەبەرۆک یان یەخەوبەرۆکیان لێ داوه. کەوا، جگە لە ئەو جۆرانەی کە لە ژێرەوە ناویان هاتووە، زۆر جۆری دیکەی وەک: خەسرەوشا، پووڵەک‌ماهی، حەوت‌وهەشت، لەرزانه، چیمەن، پووڵەک‌چەسپی و قەنەوزی هەیە.

بەرەکەوا

ئەو پارچەیەی کە دەکەوێته دیوی ژوورەوەی کەوا. به­رە­کەوا زۆرتر له پارچەی ناسک و سووک و ساکارە.

 

پشتەکەوا

ئەو پارچەیەی کە دیوی دەرەوەی کەوایه. پشته­کەوا زۆرتر له پارچەی باییداره.

 

کەوای پڕتەریب/ کەوای پڕماشێن

کەوایەکە لە مەخمەر یا مەخمەر بێ­نەزیر کە خوری یان لۆکەی دەهاوێنێ و تەریبی دەدەن. ئەم کەوایە شەق ڕادەوەستێ و تایبەتی وەرزی سەرمایە.

 

جۆرەکانی کەوا

 

کەوای ئەتڵەس

کەوای لە ئەتڵەس. پارچەیەکه ئەستوورایی بەقەد مەخمەره و گوڵی زەڕی و ئاوریشمی لەسەره و زۆر بایەخدار و بەنێوبانگ بووه. ئەگەر دیوی جوانێی شینی گوڵ­سپی بوایە دیوی ناحەزێی سپیی گوڵ­شین دەبوو.

 

 کەوای بووڕسایی

کەوایەکە لە پارچەیەکی مەخمەر، گوڵەکانی هەر له خۆیەتی، جێ‌جێ قووڵه و به شووتن گوڵی ناچێ.

 

 

کەوای پووڵەکەدووزیی

کەوایەکە لە تۆڕی پووڵەکەڕێژ. پارچەی تۆڕ یان تۆڕی سیمداریان دەهێنا و دەیاندروو جا به بەرەکەیەوه پووڵەکەیان لێ‌دەنا. تایبەتی کچی جحێڵ و بووک بووە.

 

کەوای تۆڕ

کەوایەکە لە پارچەی تۆڕی ئاوریشم، گوڵەکانی تەواو دەباڵ خۆی­دان. زۆرتر بۆ جوانی بووه و تایبەتی وەرزی گەرما بووە.

کەوای خەزەڵ

کەوایەک بووە لە پارچەیەکی له زەڕی‌مسقاڵی ئەستوورتر.

 

کەوای زەڕی

کەوایەکە لە پارچەیەک کە تەختەکەی تەواو زەڕی‌ پتەوه و گوڵی جۆراوجۆری مەخمەر یان ئاوریشمی لەسەره.

کەوای زەڕیی ­ئاوێنە

کەوایەکە لە پارچەیەکی زەڕی ناسکی بێ‌گوڵ، و هەر بروقەی دێ.

کەوای زەڕی بزمار

کەوایەکە لە پارچەیەکی زەڕی‌، دەڵێی تەواوی بزمارکوت کراوه و نوخته­نوخته هەڵکەوتووه و ئەوانیش زەڕییەکی له ڕەنگی تەختی پارچەکەن.

 

کەوای زەڕیی حەسیری

کەوایەکە لە پارچەیەکی زەڕی‌ کە تان‌وپۆی وەک حەسیر چندراوه.

 

کەوای زەڕیی ­شووشە

کەوایەکە لە پارچەیەکی تەواو زەڕی‌، جێ‌جێ زەڕی‌یەکەی بەقەد نوختەیەک لەڕوویه.

کەوای زەڕیی کاموا

کەوایەکە لە پارچەیەک له کاموا، گوڵی زەڕیی گەوره و وردی تێدایه.

 

کەوای زەڕی ­کۆلکەزێڕینە

کەوایەکە لە پارچەیەکی زەڕی، پانایی‌یەکەی سێ­چوار سانته، شوێن­شوێنە و هەر ڕێیەی ڕەنگێکه.

 

کەوای زەڕیی مانگ

کەوایەکە لە پارچە‌یەک کە تەختەکەی له کاموایه و وێنەی مانگی چاردەی به زەڕی لەسەر چندراوه.

کەوای زین­دروو

کەوایه­کە بن‌هەنگڵی وەک کەوای ئاسایی جێ­گڕۆڵی نابڕن، قۆڵەکانی فراوان دەدروون و له­لای سەردەستەکەی تیژ بۆتەوه. سەردەستی قۆڵەکانی وەک قامکی دەستان گوێچکەگوێچکه بوو و لێیان دەبڕی و دەیان­نوشتاندەوه و پێیان­دەکوت گوێ­توڵە. قۆڵەکانی قووڵەتر له کەوا بوو. ئی وابووه دراو یان تاقڕانیان لێ­درووه و وەک دیوار شەق ڕاوەستاوه. تایبەتی ناوچەی مەنگوڕایەتی بووه و هەمووکەس نەیتوانیوه بیدروێ و زۆرتر پیاو دەیدروو.  

کەوای قوتنی

پارچەیەکی نەرمه له لۆکه ساز کراوه، له سانتینی ئەستوورتره، ڕێ‌ڕێی به­مەودای به درێژاییی پارچەکەدا لەسەره و ڕێیەکانی له ڕەنگی تەختی پارچەکه نییه و ڕەنگی جۆراوجۆری بووه: «خوڵا داوێ خوڵایی / کەوای قوتنی دارایی / کرمانجه و ڕەنگ‌ئاغایی»

 

KURDŞOP
884 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!