ئێئۆدایمۆنیا لە پەندی پێشینانی ناوچەی ئەردەڵاندا-بەشی2

 

لەبەشی پێشوودا، باسی بەختەوەریمان لە ڕوانگەی "ئەرەستۆ"وە کرد. پاشان باسی ئەوەمان کرد کە  بەختەوەری واتایەکی تاقانەی  نییە و هەر نەتەوەیەک بە پێی ڕوانینی خۆی بۆ دونیا بەختەوەری پێناسە دەکا. جاری وایە مێژینەی فکری نەتەوەکان لەسەر بابەتی توندئاژۆیانە دامەزراوە و  هەر بەو پێیە پێناسەی ئەوان بۆ ئەو شتانەی مرۆڤ بەختەوەر دەکەن، لەگەڵ نەتەوەیەک  کە بیرێکی کراوەتری هەیە جیاوازیی هەیە. ئەو جیاوازییانە چۆن دەتوانین ئاماژەیان پێ بکەین و بیانسەلمێنین؟

بۆ وێنە چۆن دەتوانین بڵێین نەتەوەی کورد لە باری ڕوانین بۆ جیهان و دەوروبەری، لە باری ڕوانینی بۆ مرۆڤ و بۆ بەختەوەری، پێناسەکەی کراوەیە یان داخراوە. ئایا پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو بابەتە هەیە؟

کۆمەڵناسەکان و بەتایبەت ئەو لقەی کۆمەڵناسی کە بە "خەڵک ناسی" ناسراوە، باس لەوە دەکا بۆ دەرکەوتنی ڕاستیی ئەو بابەتە دەبێ بچییە ناو ئەو نەتەوانەوە و داب و ڕەسم و هەڵسوکەوت و قسە و بۆچوونەکانیان ببیستی و ببینی و هەڵیان سەنگێنێ. ئەو جۆرە خوێندنەوەیە لە کۆمەڵناسیدا بە خوێندنەوەی "گەل ناسانە" ناسراوە. یەکێک لەو سەدان ڕێگایەی دەتوانین لەوێوە بۆچوونی نەتەوەکان لەمەڕ بەختەوەرییەوە بزانین، پەندی پێشینیان و کەلەپووری کەلتووری و فۆلکلۆریانە.

وەک دەزانین پەندی پێشینیان بریتیییە لەو قسە نەستەقانەی بە درێژاییی مێژوو لەبارەی شتە جۆراوجۆرەکانەوە لە نێو گەلانی دونیا ساز بوون و پشت بە پشت گێڕدراونەتەوە. نەتەوەی کورد لەو  بوارەدا گەنجینەیەکی بەنرخی هەیە و پەندی پێشینیانی کورد لەو بوارەدا زۆر قسە و بابەتی نوێ و جێگای سەرنجی تێدایە. من حەول دەەم لەو نووسینەدا تەنیا ئاوڕ لە هەندێک نموونە لە پەندی پێشینیان بدەمەوە کە لە ناوچەی ئەردەڵانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باون. لەناو ئەوانەدا بە دوای ئەوەدا دەگەڕێین کە ئایا گەنجینەی پەندی پێشینیانی  کورد شتی وای  تێدایە کە کراوەییی ئەو کۆمەڵگایە بنوێنێ. وەکی دەزانین گریمانەی ئێمە ئەوەیە هەرچی کۆمەڵگایەک کراوەتر بێ خەڵکەکەی ئازادتر  و  بەختەوەرترن.

لەو بەشەدا سەرەتا چەند پەندی پێشینیانی ناوچەی ئەردەڵان دەخەینە بەرباس و ناوەرۆکەکانیان شی دەکەینەوە.

"بیگری کەڵەگاڵێکە، بەری بەی پڕ ماڵێکە"،  لەو پەندەدا باسی نەفس و دەروونی مرۆڤە کە ئەگەر لە ژێر دەسەڵاتی مرۆڤدا بێ دەتوانێ کۆنتڕۆڵ بکرێ و ئەگەر لە ژێر چاوەدێریدا نەبێ هەموو ماڵ و وڵات دادەگرێ و زێدەخواز  دەبێ.

"یەخە چاکی ڕسوایی تێرێ"، مەبەست ئەوەیر کە ملهوڕی ئابڕووی مرۆڤ بە با دەدا.

"هیچ خراوێک بێ دەلیل نییە"، باس لەوەیە کە هەر شتێک هۆکارێکی هەیە و بە شێوەی قەزا و قەدەری شتەکان لێک نەدەینەوە،  بەڵکوو لە هۆکارەکان  بگەڕێین.

"هیچ کەس دوو دەفحە نایتە دونیا"، باس لە کورتیی کاتە و گرینگی دان بەو کاتەی لە دەست مرۆڤدایە.

"هەور  بکە و مەوارە"، باس لە ئاکارێکی ئینسانییە کە لەبەرانبەر شتە دژوارەکاندا هەڵوێست بنوێنە بەڵام کارێک مەکە هەموو ڕێساکان تیک بچێ.

"هەنگوور ئەڕوانێ بە هەنگوورا ئاو ئەگرێ"، گرینگی دان بە سەرچەشن و فێر بوون لەو پەندەدا خۆیا دەبێ و ئەوەی کە مرۆڤ بە شێوەیەکی زاتی شت زان نییە، بەڵکوو دەبێ لە سەرچەشنەکان فێر ببێ. 

"هەر ماڵی ڕەسم و یاسایەکی هەس"، ئەوەی کە بە پێی توانای ئاکار  و خوو و خدەی مرۆڤەکان داب و ڕەسمەکان دەگۆڕێن و پیویست نییە هەموان وەک یەک بن.

"هەر کەسێ مەسڵەحەت خۆی خاس ئەزانێ"، باس لە ئازادیی بیر و تێفکرین و دژایەتیی سەپاندنی بیر و ڕا بەسەر یەکتریدایە.

"هەر کەس مالک نەفس خوەیە"، باس لەوەیە کە سەربەخۆییی مرۆڤ جێگای ڕێزە و کەس نابێ بەسەر کەسی دیکەدا زاڵ بێ و هەرکەس خۆی دەتوانێ کۆنتڕۆلی خۆی بکا و یاسا و ڕێسا بۆخۆی دابنێ.

"هەرکەسێ خاس بێ مەردمیچ خاسی ئەیژن"، باس لە ئاکامی کردەوە و دژکردەوی خەڵک دەکا و لە ڕاستیدا ئاکار ئاوێنەی چارەنووسە.

"هەر کەس خوەی خاس بێ مەردمیچ بە خاس ئەزانێ"، لەو پەندەشدا باس لە زەینییەتی ئەرێنی و ئاکامەکەیەتی. واتە لە باری دەروونناسیشەوە کەسی نەرێنیخواز، خەڵک بە خراپ دەزانێ و ئاراستەی کارەکانی بەرەو خراپە و بیری نالەبارە و پێچەوانەکەشی ڕاستە.

"هەرکەس خوەی و نییەتی"، لێرەدا دیسان باس لە ڕەوانی مرۆڤەکانە و گرینگیی پێ دراوە. واتە باس لەوەیە کە نییەتی مرۆڤ کە لە دەروون و ڕەوانیەوە سەرچاوە دەگرێ، مرۆڤی پێ پێناسە دەکرێ.

١٣- "هەرکەس کارێکی لێ تێ"، ئەو پەندە ئاماژە بە جیاوازییە تاکەکەسییەکان دەکا کە باسێکی دەروون ناسییە و بەتایبەت لە پەروەردەدا زۆر گرینگە، واتە هەر کەس تایبەتمەندییەکانی دەبێ لەبەرچاو بگیرێ و بەو پێیە  چاوەڕانیت لێی هە بێ.

١٤- "نە ئەونە وشک بە بشکیت، نە ئەونە تەڕ  بگووشگیت"، ئەو پەندە جەخت لەسەر هاوسەنگی و پاراستنی هاوسەنگی دەکا. ئەوە بابەتێکی گرینگە لە سیاسەت و پەروەردەدا کە تا دەکرێ دەبێ خۆ لەگەڵ دۆخەکان  بگونجێنی و هەڵبەت ویستەکانی خۆشت لە بەرچاو ببێ.

١٥- "گەرەکتە ناوت نەوەن ناو مەردم مەوە"، لێرەشدا باس لەوەیە ژیان ئاوێنەی ئاکار و کردەوەی مرۆڤەکانە.

لەو پازدە پەندەدا کە بەنموونە لە پەندەکانی ناوچەی ئەردەڵان دەستەبژێر کراون ورد دەبینەوە و تەنیا وەک سەمپڵ قسەیان لەسەر دەکەین،  دەنا پەندی پێشینیانی کورد هەزاران نموونەی وای تێدایە.

کۆی ئەو پازدە پەندە کە لە بەشێک  لە کەلەپووری کوردی هە ڵێنجراون، باسی  چەند بابەت دەکەن کە لە ژیانی مرۆ ڤدا و تەنانەت لە ژیانی مرۆڤی مودیڕنیشدا پێویستە کاریان پێ بکرێ  بۆوەی ژیانێکی تەبا و ڕێک و پێک بەرهەم بێ. بەشێکیان باس لە پەروەردەی تاکەکە کەسی دەکەن. واتە  باس لەوە دەکەن مرۆڤ  چۆن دەبێ وەک تاک خۆی پەروەردە کا کە شیاوی ژیان لە کۆمەڵگادا بێ. کەسێک کە نەتوانێ خۆی پەروەردە کا و ئامادەی ژیان لە کۆمەڵگادا بێ، ئەو کەسە لە لایەن کۆمەڵگاوە دەخرێتە پەڕاوێزەوە  و کەسێکیش بخرێتە پەراوێزەوە کەسێکی بەختەوەر نییە و تووشی زێدەڕۆییی کۆمەڵایەتی یان خەمۆکی دەبێ.  بۆیە باس لەوەیە کە نە زۆر نەرم  بی و نە زۆر زبر، نە وابی بخورێی و نە وابی هێقت کەنەوە.

 لە لایەکی دیکەوە بەشێک لەو پەندانە باسی پێوەندی تاک و کۆمەڵگان، واتە تاک دوای ئەوەی خۆی پەروەردە کرد چۆن لە کۆمەڵگا بڕوانێ. لێرەدا باسی مێنتالیتە و ئاکاری مرۆڤەکان دێتە ئاراوە. باس لەوەیە دیسان ئەوەندی لە باری دەروونییەوە گرینگی بە خۆت  بدەی ئەوەندە پەیوەندییەکانت دروستتر و بێ کێشە تر دەبن . بۆ وێنە باسی ئەوەی چۆن باسی خەڵک بکەی و چۆنت باس  دەکرێتە و چۆن بۆ خەڵک بڕوانی و چۆنت بۆ بڕاوندرێتەوە و زۆر بابەتی دیکەش کە لەپەندەکانی دیکەی کوردیدا هەن.

 بەشێک لە پەندەکان باسی ئەوە دەکەن ئەو پەروەردەیە دەبێ ڕیشەی لە کو ێوە بێ. واتە ئایا پەروەردە شتێکی دەروونییە بەتەنیا یان بابەتێکی فێرکارانەیە. لێرەشدا بە پێی پەندە کوردییەکان باس  لەوە دەکرێ کە هیچ فێرکارییەک بە بێ سەرچەشن و ئولگووی دەرەکی  نابێ و ئێمە دەبێ لە هەڵبژاردنی سەرچەشنەکاندا وریا  بین و ئەو سەرچەشنانە هەڵبژێرین کە ئەرێنی و پۆزەتیڤن.

بەشێکی ئەو پەندانە پێوەندییان بە ئازادی یان نەبوونی ئازادیی مرۆڤی کوردەوە هەیە. ئەو  بەشەش یەکجار گرینگن.  بۆ وێنە کاتێک  باس لە ئەوە دەکرێ کە هەر ماڵێک یاسای خۆی هەیە و هەر کەس ڕێگای خۆی باشتر دەزانێ و پەندی دیکەی لەو بابەتە، هەموو ئەوانە نیشاندەری ئەو ڕاستییەن کە لە کۆمەڵگای کوردیدا گرینگی بە ئازادیی تاک و بنەماڵە دراوە. واتە یاسایەکی گشتی وەک دێوەزمە هەموانی نەپێجاوەتەوە و ئازادیی لێ زەوت نەکردوون، بەڵکوو ئەوە خەڵک و تاکەکان بۆخۆیانن کە دەتوانن هەڵبژیرن و لە ژیاندا پلان دابنێین بەو پێیە بتوانن ڕێگایەک بۆ ژیانی بە کۆمەڵ و تەبا ببیننەوە.

کۆی ئەو باسانەی هاتنە ئاراوە ئەوە نیشان دەدەن کە لە بەشێکی دەستەبژێری پەندی پێشینیانی کوردیی ناوچەی ئەردەڵانەوە، بۆمان دەردەکەوێ کە مرۆڤی کورد هەر لە کۆنەوە بە شوێن فێرکارییەوە بووە. لەو فێرکارییەدا گرینگیی بە ڕاهێنانی تاکەکەسی داوە. پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی بۆ گرینگ بووە. هەروەها بۆی گرینگ بووە کە بیری پۆزەتیف گەشە بکا. ئازادیی تاکەکەسی و  ئازادیی بنەماڵە سەرەتی هەبووە بەسەر هەموو شتێکدا و کۆی ئەوانە بەختەوەرییان بۆ مرۆڤی کورد دەستەبەر کردووە. واتە بەختەوەری لای مرۆڤی کورد  لە پەندی پێشینیانیدا، لەو فاکتەرانە پێکهاتووە کە باسمان کرد و سەیر ئەوەیە کۆی ئەو فاکتەرانە لە دونیای مودیڕنیشدا هەر نیشانەی بەختەوەریی مرۆڤەکانن. ئەوە هەمان بابەتە کە لە نووسینەکەی پێشوودا بە " ئێئۆدایمۆنیا" ناومان هێنا.

 

KURDŞOP
1128 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!