نەریتی کۆسەگەڕان لە ئاهەنگی سەری ساڵی کوردستاندا

شادی

 

کوردشۆپ- کۆمەڵێک بابەت لە بارەی کولتوری نەتەوەییی مرۆڤەوە هەن کە نابێ لەبیر بکرێن. چونکە بە لەبیرچوونەوەیان ئەو کەلتوورانە لەناودەچن و وەک نەریتێکی مێژوویی نامێنێتەوە. هەر بۆیە پێویستە هەمیشە شتە کەلتوورییەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بە زیندوویی بمێننەوە، بۆ ئەوەی ون نەبن. یەکێک لەو نەریتانە ڕێوڕەسمی کۆسەگەڕییە.

کۆسەگەڕی یا کۆسەگەڕان ڕێوڕەسمێکی دێرینە کە تا ئێستاش لە هەندێک شوێن و ناوچەی کوردستان بەردەوامە. ئەم داب و ڕێوڕەسمە بناغەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئایینی زەردەشتی و وەک نەریتێک لە ناو کورداندا ماوەتەوە و به تایبەتیش لە ناو کوردانی ئێزدیدا کە ئەم نەریته به جەژنی "خدر نەبیی ئیلیاس" ناو دەبەن.

ڕێوڕەسمی کۆسە بە ٢ شێوە ڕێکخراوە و ئێستا بە ٢ شێوە بەڕێوەدەچێت. یەکێک لە شێوازەکانی بۆ ساڵی نوێی زایینی، واتە لەدایکبوونی حەزرەتی عیسا مەسیح وەک جەژنی "کریسمەس"، پیرۆز دەکرێ (کە پێی دەوترێت "باوە کریسمەس"). شێوازەکەی تری بۆ ساڵی نوێی کوردی، واتە لە نەورۆزدایە کە بە بۆنەی گواستنەوە لە ساڵی کۆنەوە بۆ ساڵی نوێ، ئاهەنگ دەگێڕدرێت و پێی دەوترێت گەشتی کۆسە یا کۆسەگەڕان. بێگومان لێرەدا نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت کە ئەم داب و نەریتەی کۆسەگەڕی، هی باوباپیرانی کوردە و بە درێژایی مێژووی ئێمە هەمیشە هەر هەربووە و هەر کەسێک بە شێوازی خۆی وەریگرتووە؛ واتا خەڵکی دیکە و گەلانی دیکەش وەریانگرتووە و بە گوێرەی داب و نەریتی خۆیان بەڕێوەیان بردووە.

لە سەری ساڵی نوێی زایینیدا ئەو پیاوەی پێی دەوترێت "باوە کریسمەس" سەردانی ماڵەکان دەکات و دیاری پێشکەش دەکات.

لە کاتی سەری ساڵی کوردیدا  واتا نەورۆز کە وەک دەستپێکی خێر و بەرەکەت و نیعمەت دێتە ئەژمار، کۆسە سەردانی ماڵەکان دەکات و ماڵەکان گەنم و نان و شەکر و شتی تری وەک دیاری و وەک بەرەکەتی ناوماڵ بۆ ساڵی نوێ پێشکەش دەکەن و خەڵکی دیکەش لەگەڵی دەکەون.

هەرچەندە ئەم نەریتە لە کۆمەڵگای ئێمەدا کەمی کردووە، بەڵام لە کاتی دەستپێکردنی ساڵی نوێدا لەلایەن ناوەندە هونەرییەکانەوە لە ڕێگەی شانۆکانەوە زیندوو دەکرێتەوە.

کاتێک ساڵی نوێ دێت، ئەم نەریتە لە ڕێگەی شانۆوە یاد دەکرێتەوە و نوێ دەکرێتەوە. وەک ئاماژەمان پێ دا لە شانۆکاندا کاتێک گروپێک خۆیان ئامادە دەکەن و دەچنە سەر شانۆ، چەند کەسێک دەست بە کۆسەگەڕی دەکەن. دوو پیاو، یەکیان خۆی دەکاتە ژن و ئەوەی دیکەشیان کۆسەیە (وەک بووک و زاوا)، دەست دەکەن بە دەور گێڕان. بەپێی چیرۆکەکە، ژنەکەی کۆسە دەڕفێنرێت، شەڕێک هەڵدەگیرسێت، دواتر ئاشتی جێگیر دەبێت؛ خەڵکەکە کۆسە دەبەنە ژوورەوە خواردن و خواردنەوە و دیاریی پێشکەش دەکەن و کۆسەش بە هەمان شێوە دیارییان پێشکەش دەکات. بە پێی گێڕانەوەکان لە ڕابردووشدا کۆسەگەڕی هەبووە و ئەوکاتیش هەر دوو پیاو ئەم ڕۆڵەیان بینیوە و ژنی تێدا نەبووە. واتە لەبەر شتێکی جیاواز نییە کە ژنەکە خۆی ئەو ڕۆڵە نەگێڕێت و تەنانەت لە ڕابردووشدا دوو پیاو لە کۆسەگەڕیدا هەبوون، بەڵام هەمیشە یەکێکیان ڕۆڵی ژنەکەی گرتووەتە ئەستۆ.

هەروەها دەوترێت لە هەندێک شوێن کاتێک کچ و کوڕێک حەزیان لە یەکتر کردبا، چونکە "خدر نەبیی ئیلیاس" وەک کەسێک کە مرازان حاسڵ دەکا و وەک موعجیزەگەر دادەنرێت، کچەکان سینییەکی گەورەیان پڕ لە ئارد کردووە و لەسەر زەوی دایانناوە. ئەگەر جێگای سمی ئەسپی خدر نەبی تێیدا دیار بووبا، مرازی ئەو کچ و کوڕانە حاسڵ دەبوو.

کورد هەموو ئەمانەی لە سەرەتای ساڵی نوێدا کردووە چونکە ساڵی نوێ تازەیی و بەرەکەت لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. ئەمە ڕەنگە تەنها ئەفسانەیەک بێت، بەڵام نابێت ئەوەمان لەبیربچێت کە ئەفسانە گرنگترین شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤ بووە کە کۆمەڵگا وەک باوەڕێک وەریگرتووە و باوەڕی پێی هەبووە. بەڵام کاتێک مرۆڤ گوێ لەم چیرۆکانە دەگرێ، دەبینێ چۆن گەلانی تر سوودیان لە کورد وەرگرتووە و بە گوێرەی کەلتووری خۆیان ناویان ناوە. بۆ نموونە "باوە کریسمەس"ی ئەوروپییەکان کە بە هەمان شێوە لە ساڵی نوێی زایینیدا (کە پێی دەگوترێ "کریسمەس")، دیاری پێشکەش بە خەڵک دەکات. ئەمه یەکێکه لەو نەریته کوردییانەی به شێوەیەکی جیاواز له وڵاتان و لە نێو نەتەوه جیاجیاکانی جیهان ئەمڕۆ بەڕێوه دەچێت.

هەروەها له ئێران هەرچەنده ساڵی نوێی ئەوانیش له نەورۆزدایە، بەڵام ئەوانیش بە گوێرەی کەلتوور و شێوازی خۆیان ڕێوڕەسمی کۆسەگەڕی بە ناوی "بابا نوروز و ننە سرما" واتا باوە نەورۆز و نەنە سەرما، بەڕێوە دەبەن.

لەبەرئەوەی نەتەوەی کورد لە کوردستان نەتەوەیەکی زۆر کۆنە، بێگومان ئەم ڕێوڕەسمە بەم شێوەیە هەمووی هی کوردە و لە لایەن نەتەوەکانی دیکەوە بە گوێرەی داب و نەریتی خۆیان وەرگیراوە. زۆر بابەتی دیکەش هەن کە وەک بابەتی کۆسەگەڕی لە کورد وەرگیراون. گرنگە ئێمە ئاگاداری کەلتوور و هونەر و نەریتی ڕەسەن و مێژووییی خۆمان بین.

KURDŞOP
782 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!