جێژنی کولیچەی سەری ساڵ لە ناو باوەڕمەندانی ئێزیدیدا

 

بێللا ستۆرکی

کۆمەڵگای ئێزیدی وەک نوێنەرایەتیی دین و ئایینێکی دێرین، کە ڕەگ و ڕیشەی بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، سەرەڕای چەندین سەختی و چەوساندنەوە و زۆرداری کە لەسەریان بووە، داب و نەریت و ڕێوڕەسمی ئایینی و هەڵسوکەوت و ئەدەبی زارەکیی دەوڵەمەندی خۆیان، (ئەگەر بە تەواوییش نەبێ و گۆرانێکی زۆریشی بەسەر هاتبێ) پاراستووە و گەیاندوویانەتە سەردەمی ئێمە.

لە نێو ڕێوڕەسمەکانی کۆمەڵگەی ئێزیدیدا، "کولیچەی سەری ساڵ" ڕێوڕەسمێکی دێرین و کۆنە کە لەمێژە لە نێو ئێزدییەکانی ناوچەی سەرحەددا بەڕێوەدەچێت و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​تا ئێستا لە نێو ئێزدییەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوودا ماوە. چونکە ئێزدییەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو نەوەی ئێزدییەکانی ناوچەی سەرحەدن. سازکردنی "کولیچەی سەری ساڵ" بەشێکە لەو ڕێوڕەسمە ئایینییە، کە پێی دەوترێت "چوارشەممەی حەساوە".  دیار نییە سەرچاوەی ئەم ڕێوڕەسمە ئایینییە کەی دەستی پێکردووە و بۆچی تەنها لە نێو ئێزدییەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوودایە؟

لە دوایین چوارشەممەی ساڵدا گەلی ئێمە لە "یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو" دەست بە ساز کردنی کولیچەیەک دەکەن کە پێی دەگوترێ "کولیچەی سەری ساڵ" یا کولیچەی ساڵی نوێ، ساڵی تازە یا ڕۆژی نوێ. بنەمای ئەم جەژنە پەیوەندیی بە بەرەکەت و هۆشیاربوونەوەی سروشت و هەموو جیهانەوە هەیە. بەپێی نەریت، کولیچە بەم شێوەیە دروست دەکرێت: هەویرێکی گەورە لە ئارد، کەرە، شیر، ماست، هێلکە، شەکر و پێکهاتەکانی تر دروست دەکەن (دەبێت حەوت پێکهاتە هەبێت). مووروویەک فڕێ دەدەنە ناو هەویرەکەوە و بە جوانی دەیشێلن. دەبێت بەجۆرێک بێت کە نەزانن موورووەکە کەوتووەتە کوێی هەویرەکەوە. پاشان هەویرەکە لە تاوەدا دادەنێن و لە فڕندا دایدەنێن. کولیچەکە لە نێو تاوەکەدا دەبرژێنن و تا بەیانی بەجێی دەهێڵن.

ڕۆژی پێنجشەممە کولیچەکە لە لایەن خاوەن ماڵەوە بە گوتنی "بە مۆڵەتی خودا و شێخ هادی" پارچەپارچە دەکرێت. بە کێردێک کولیچەکە دەکەنە دوو کەرت. بەو کەرت کردنە دەڵێن خەتی جووت. کاتێک مووروو بکەوێتە بەر دەمی کێردەکە دەڵێن مووروو کەوتووەتە سەر خەتی جووتەکە.

ئەگەر موورووەکە نەکەوێتە بەر خەتی جووت، ئەمجارە دیسان کەرتەکانی کولیچەکە دابەش دەکەن. بەشی حەوت پیاوی دیوان، گەورەی ماڵ، گاوانی زەرزان، مامە شوان و خاتوونی فەخرا دادەنێن. دواتر بەشی ئەندامانی خێزان دادەنێن. مورووەکە لە پارچەی هەر کەسێکدا دەرکەوێ ئەوا ساڵ دەکەوێتە سەر ئەو. بە باش و خراپ بەرەکەتی ماڵ دەبەسترێتەوە بە ناوی ئەو کەسەوە. گەورەکان دەڵێن کاتێک موورووەکە بکەوێتە بەر کەسانی باش، ئەو ساڵە بۆ خێزانەکە پڕ لە خێر دەبێ. با کولیچەی ئەم سەری ساڵە پیرۆز بێت و رسق و بەرەکەتتان بۆ بێنێ.

گومانی تێدا نییە هیچ وەرزێکی ساڵ هێندەی وەرزی بەهار ستایشی نەکراوە. بەهار هێمایە، نیشانەی بەئاگاهاتنەوەی سروشت، درێژبوونەوەی ژیان و هەستە. بەهار چەندین فێستیڤاڵ و جەژنی لەگەڵ خۆیدا دێنێ... ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، کولیچەی سەری ساڵ و جێژنی نەورۆز. ئەمەش شادی و دڵخۆشی دەخاتە دڵی هەموو لایەکەوە. بەو ئاواتەی نەتەوەی ئێمەش لەگەڵ نەتەوەکانی جیهان هەزاران بەهاری خۆشی دیکەیان بێتە سەر ڕێ.  جارێکی دیکە بە دڵی و گیان پیرۆزبایی جێژنی "کولیچەی سەری ساڵ" و جێژنی "نەورۆز"تان لێ دەکەم. خێر و بەرەکەت و سڵامەتی و دڵشادی و ئازادی و سەربەخۆبوونتان بۆ بە ئاوات دەخوازم.

 

پیرۆز بێ کولیچەی سەری ساڵ.

تێبینی: کولیچەی سەری ساڵیش وەک خۆراکەکانی دیکەی ئەم جێژنەیە و لەوانەش خواردنی گۆشت و شۆربا و کفتە و هتد. (کولیچە لە هێندێک ناوچە بە کیلۆچە و بە کادییش ناوی دەبرێت).

ئەوە جێژنی سەری ساڵی نوێیە. کاتێکیش شەو و ڕۆژ یەکسان بوون و هەردوو بوونە 12 کاتژمێر ئەوە نەورۆزە. جێژنی کولیچە سەری ساڵە.

 

 

KURDŞOP
814 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!