جل­وبەرگی ژنانی موکریان - بەشی 1

 

جل­وبەرگ و خشڵ­وخاڵی ژنانی موکریان

لەیلا نوورانی

 

 

جلوبەرگ به پێی جوغرافیا و مەڵبەندی ژیان، باوەڕ و داب و نەریتی ناوچەیی و عەشیرەیی، ئایین و شێوازی ڕوانین لە کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکاندا فۆڕم و مۆدێلی جیاوازە. دیارە لە  موکریان کە بە شێوەیەکی عام ئیسلام دینی سەرەکی بووە و بە پێی ئەوە کە ژیانی عەشیرەیی باو بووە و ئاژڵداری و گەرمێن و کوێستان کردن ئیشی سەرەکی بووە، شێوازێک جلوبەرگ بۆ ژنان وەک مۆدێلێکی تایبەتی دنیا هەیە کە لە دواییدا دوو لقی سەرەکیی لێ بۆتەوە، یەکەمیان شێوازی جلوبەرگی سابڵاغیانە و ئەوی تریان مەنگوڕایەتییە.

بە هۆکاری شێوە ڕوانینی ئیسلامی و دەسەڵاتی زاڵی پیاو، خوازراو و نەخوازراو، کراسی ژنان فشوفۆڵ و فراوان بووە، بە پێی دەسڕۆیوی و سەلیقەی خاتوونەکانیش ڕازاوەتەوە. ئەو شێوازە تایبەتە، بۆ پیر و جحێڵ و منداڵ یەک جۆر بووە،  ئەگەر لە وێنە کۆنەکان بڕوانین کە باشترین سەنەد و بەڵگەن بە دەستمانەوە ماون، کچ هەر سەروپێچکە بوون دایک جلوبەرگی وەک خۆی بۆ دەدوورین، تەنانەت بۆ بووکەڵەکانیشیان هەر بەو چەشنەیان جل دەدروو.

شایانی باسە کە ئەو کات زۆربەی هەرە زۆری ژنان تووک و درومانی خۆیان هەر بۆ خۆیان دەکرد و ئەو کارەش هەر بە دەست دەکرا. ڕەنگی جلوبەرگی ژنان بە پێی سروشت و جوانیی مەڵبەندی موکریان و چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و تەنانەت شین و شایی ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە. ڕەنگەکان بە شێوەی سروشتی کوردستان بە عام گەش و بەرچاون. ئەگەر تۆزێ ورد بینەوە، دەتوانین پەنجەمۆری باوەڕەکان لە مەسەل وئیدیۆم و پەند و تووک و دوعا و ...ی زمانی کوردیشدا بدۆزینەوە. بۆ وێنە "ئەو فەڕشە دەڵێی بووکی سوورە" یان " لفکە و دەسماڵ شین کردن" و  ...

جلوبەرگ لە زۆر جێیان پێناسەی مرۆڤە، مەلاژن دەسماڵی سپی بە خۆیاندا دەدەن، سەیزادە و شێخزادە شاڵ دەبەستن و جلوبەرگی ڕەنگ کەسک زیاتر لەبەر دەکەن، بووک بە عام سوور لەبەر دەکەن و تارای سوور تایبەتی کچان و ئی سپیش بۆ بێوەژن دەکار کراوه ... نێوی پارچەکانیش لەو مەڵبەندە بە پێی شێوەزار و ڕوانگەی ژنانەوە ئاڵگۆری بەسەردا دێ، دەسماڵی چاوی کەوێ، کوێستانان خاڵخاڵ، زوقم، گوڵ هەنار، گوڵە سێو و ... نیشان دەدا کە سروشت توانیویەتی ئاسەواری لە سەر مرۆڤەکان هەبێ. دووهەمین هۆکاری ئاڵوگۆری سروشتە کە لە تەنکی و ئەستووریی پارچە دەکار کراوەکاندا لە کاتی پێویستدا خۆ دەنوێنێ.

 

 هەروەها بارودۆخ و ئەو شوێنەی پارچەی لێ هاتووە کاریگەریی تایبەتی هەبووە. "دەسماڵی مەککە" یان "دەسماڵی مەککەیی" کە زۆرتر حاجی وەک دیاری لەگەڵ خۆیان دەیانهێنا، "کراسی سەددامە زێڕە" کە لە وڵاتانی عەرەبی ڕا بە گەرمێندا دەهات، ئەو بابەتە پشتڕاست دەکەنەوە. جاریش هەیە زمانی گاڵتە دێتە ئاراوە وەک "کراسی خەسووتەقێن"یان "کراسی فەرموو دانیشە" کە نیشاندەری ئەوپەڕی جوانیی پارچەکانن کە هۆکاری ئێرەیی و بێتاقەتی بوون. کورتی ببڕینەوە لێکۆڵینەوە لەسەر شێوازی جلوبەرگ و چۆنیەتیی دەکار کردنی گەلانی دنیا، مێژوویەکی کۆن و ڕەسەنمان بۆ وەدیار دەخا، تا ئەو جێیە کە جلوبەرگ شوناسی نەتەوایەتییە، کە بەداخەوە لە نێو مەمانان وەک زۆر شتی ترمان بایەخی ئەوتۆی پێ نەدراوە و سەرنج و لێکۆڵینەوەی تایبەت و ئاکادمیکی بۆ نەکراوە. هەر چەند کە یەک لە  خەزێنە پڕبایەخەکانی کوردەوارییە. ئەو هەنگاو و حەولەی من مشتێ لە هەشتێکە و ئاواتەخوازم  بە بەشی خۆی دەرەقەتی ڕزگار کردنی ئەو لایەنە لە فەوتان هاتبێ.

 

کراسی ئاودامێن:

کۆنترین شێوازی جلوبەرگی کوردیی ژنانەیە کە جگە لە موکریان لە تەواوی ناوچە کوردنشینەکاندا باو بووە. "کراسی بە هەڵدانەوە" یان "کراسی ئاودامێن" یان "کراسی بە کۆش" یان "کراسی بە لاداکرن" یان "کراسی بە لاداکردنێ" یان "کراسی قووڵ"،  جۆرە کراسێکە کە پێش "تیرێژوودار" یان ''کراسی بە تیرێژوو"ش باو بووە. لە بەرئەوەی داوێنی لە لاتەنیشت ڕا هەڵدراوەتەوە و دەبەر پشتێند چەقاوە ئەو نێوەی بەسەردا بڕاوە. هەروەها هۆکاری ئەو شێوازە دروومانە و مۆدێلە ئەوە بووە کە ژنان بە پێی کاری ئاژەڵداری و ڕسق و ماڵ و گیاکردن لە کێو و بەندەنان، بۆیان نەلواوە داوێنیان عەرزی بماڵێ، دەبایە توندوتۆڵ بان، پێیەکیان لە گەرمێن بووە و پێیەکیان لە کوێستان، بە عام هەمیشەی خوداش منداڵەبەر بوون هەر بۆیە ئەو کراسە و شێوازی دروونی بۆ ئەوان کەڵکی تایبەتی هەبووە و لە جیاتی "بەرهەڵبێنە"ش بە کار هاتووە.

ئەو کراسە پاش و پێشی دوو یان سێ میتر درێژتر لە باڵا دەگیرا و هەڵدەدراوە، ئی وا هەبوو هەشت گەزی دەکردە کراس و هەشت دروومانی تێدەبوو. شێوازی دروومانی ئاوا بوو کە پارچەکەی دوو تەختە دەکرا و پشت و پێشی دادەندرا و سەرشانی لە کراسی تێرووژدار زیاتر دەهاتە خوار و دەبوو سێ میتر درێژایی داندرێ.

 

کراسی بڵباسیی

جۆرە کراسێکی قەدیمییە کە ئێستاکە باوی نەماوە،

هەشت تا دە تەختە پارچەیان دەکردە کراس، لە کاتی لەبەر کردندا زۆر فشوفۆڵ ڕادەوەستا. قۆڵەکانی بە سۆرانی "ئەنگووچک" بوون، بۆ هەر لاسۆرانییەی یەک و نیو هەتا دوو گەزیان پارچە بۆ دادەنا، ئەو مۆدێلە جلوبەرگە لەپشتەوەڕا شێوەی باڵی پەپوولە دەدا. وەک لە نێوەکەی دەردەکەوێ تایبەتی ناوچەی بڵباسەتییە.

کراسی بڵباسی

KURDŞOP
1656 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!