قۆناغەکانی گەورەبوون لە فۆتۆگرافیدا

وەلات ڕامین‌ئازاد

بەڕای من گەورەترین زانکۆکانی جیهان لە ئێستادا زانکۆکانی وەک MIT، Cambridge، Oxford، Harvard، Stanford، Imperial College London، ETH Zurich، National University of Singapore (NUS) و California Berkeley University نین، بەڵکوو "یووتیووب"ە. ئەمڕۆ گەورەترین زانکۆ لە جیهاندا یووتیووبە، چونکە مرۆڤ دەتوانێت لە یووتیووبەوە هەموو شتێک فێر بێت. یووتیووب دەتوانێت بۆ هەر بوار و بابەتێک مامۆستایەتیمان بکات، فێرمان بکات، پەروەردەمان بکات و ڕۆشنبیرمان بکات.

بەپێی پەیوەندی و ئارەزووی خۆم، هەندێک جار لە یووتیووبەوە خۆم فێری بابەتگەلێکی جیاواز دەکەم. لەم ڕۆژانەشدا هەوڵ دەدەم خۆم فێری فۆتۆگرافی بکەم. بۆ ئەوەش لە یووتیووب سەیری زۆر ڤیدیۆم سەبارەت بە فۆتۆگرافی کردووە. لەلایەکی ترەوە بیر لە فۆتۆگرافی دەکەمەوە.

لە ئەنجامی ئەو ڕاهێنانانە، تێگەیشتن و زانیاریی پێویستم هەبوو کە بتوانم ببمە فۆتۆگرافەرێکی گەورە. لەم بابەتەدا حەز دەکەم ئەم زانیاری و تێگەیشتنە بە چوار قۆناغ پێشکەشی ئێوەی بکەم. کاتێک مرۆڤ لەو چوار قۆناغەدا خۆی کامڵ دەکات، دەتوانێت وێنەی ڕەسەن و ناوازە بگرێت و ببێتە فۆتۆگرافەرێکی گەورە.

١- زانین و ناسینی کامێرا بە شێوەیەکی تەکنیکی

یەکەم ئامێری فۆتۆگرافی لە فەرەنسا نزیکەی دوو سەد ساڵ لەمەوبەر، لە ساڵانی ١٨٢٠دا دروست کرا. لە کارپێکردنی ئامێری فۆتۆگرافیدا سێ قۆناغی سەرەکی هەیە. لە قۆناغی یەکەمدا ئامێری فۆتۆگرافیی ڕەش و سپی، لە قۆناغی دووەمدا ئامێری فۆتۆگرافیی ڕەنگاوڕەنگ و لە قۆناغی سێیەمدا ئامێری فۆتۆگرافیی دیجیتاڵی. قۆناغی دووەم لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا و قۆناغی سێیەمیش لە دوای ساڵی ١٩٩٠ هاتە ئاراوە.

لە بنەڕەتدا فۆتۆگرافی پێش هەموو شتێک شارەزایی ناسین و زانینی بەکارهێنانی ئامێرەکانە.

بۆ ئەوەی ببێتە فۆتۆگرافەرێکی گەورە: یەکەم، لە ڕووی تەکنیکییەوە، فۆتۆگرافەر دەبێ بزانێت چۆن کار بە کامێراکان بکات؛ دەبێ بزانێت ئامێرە فۆتۆگرافییەکان لە مێژوودا چ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا هاتووە، دەبێ ئامێرەکان بە باشی بناسێت. لەم پەیوەندییەدا مرۆڤ دەتوانێت سوود لە هاوڕێ و کەسە بە ئەزموونەکانی بواری فۆتۆگرافی وەربگرێت و زانستەکەی پەرە پێ بدات.

دووەم، لە ڕووی تەکنیکییەوە، مرۆڤ پێویستە لە بەکارهێنانی ئامێرەکاندا شارەزا بێت و زاراوەی ئامێر و فۆتۆگرافی بزانێت. هەروەها تایبەتمەندی، جیاوازی و نوانسی ئامێرە کۆن و نوێیەکان بزانە، وەکوو "دیافرام، ئای‌ئێس‌ئۆ، داینامیکی مەودا، فلاش، عەدەسە، فلتەر، سناپشۆت و مێگاپێکسڵ و..."؛ بۆ نموونە ئەگەر ڕێکخستنی تەکنیکیی وێنەگرتن بزانیت دەتوانیت ئەم زانستە بۆ گرتنی وێنەیەکی باشتر بەکار بهێنیت، بەڵام هەر کەسێک ئەوانە نەزانێت، وێنەکەی باش دەرناچێت.

سێیەم: بۆ گرتنی دیمەنێک، مرۆڤ دەبێ بزانێت کام "کامێرا، عەدەسە، فلتەر، دایافڕاگم، ئای‌ئێس‌ئۆ و هتد" بەکار بهێنێت. مرۆڤ لە هەر بوارێکدا وێنە بگرێت، پێویستە بەپێی ئەو بوارە کامێرا و کەرەستە بکڕێت، بۆ نموونە بۆ فۆتۆگرافی تەلارسازی، پێویستە بزانێت کام ئامێر و کەرەستەیەک بکڕێت وەک عەدەسە و فلتەر. کاتێک مرۆڤ لە خاڵی یەکەم و دووەمدا وەستا بێت، دەتوانێت لەم خاڵەشدا وەستا بێت. شارەزایی ئەو خاڵە پەیوەندیی بە یەکەم و دووەمەوە هەیە.

٢- زانیاری لەسەر وێنەگرتن بە شێوەیەکی تەکنیکی

لە وێنەگرتندا پێویستە هەندێک خاڵی سەرەکی بزانین: ڕووناکی، گۆشە و پێکهاتە. فۆتۆگرافەر دەبێ لە زانینی ئەو خاڵانەدا ببێتە کەسێکی شارەزا و وەستا. لەنێوانیاندا گرینگترینیان زانینی ڕووناکییە بە شێوەیەکی زانینی فیزیکی و ناسینی ڕووناکی. دوای ڕووناکی زانینی گۆشەکان لە گرتنی وێنەدا گرینگە. پێویستە مرۆڤ بزانێت بە کام گۆشە وێنە بگرێت، ڕووناکیی تێیدا دابنێت، بۆ نموونە بزانێت لە نیوەڕۆ یان نیوەشەودا لە کام گۆشەوە وێنە بگرێت. کاتێک مرۆڤ لە ڕووناکی و گۆشەدا وەستایە، پێویستە بتوانێت بەم شارەزایە پێکهاتە- جوانکاری بخولقێنێت.

٣- دیاریکردنی کۆنسەپت

دوای ماوەیەک فۆتۆگرافەر دەبێ کۆنسەپتی فەلسەفەی فۆتۆگرافیی خۆی دیاری بکات. پێویستە وڵامی قووڵ و ورد بداتەوە بۆ پرسیارەکانی وەک: بۆچی وێنە دەگرم؟ هەوڵ دەدەم بە وێنەکان چی پیشان بدەم؟ فۆکۆسی فۆتۆگرافیم چییە؟ چیم بینیوە کە لە وێنەکەدا نیشانی دەدەم؟ ڕوانگە و ڕێبازی من لە فۆتۆگرافیدا چییە؟

٤- هەبوونی توانای بینین

فۆتۆگرافەرەکان لەو قۆناغەدا دەکەونە نێو بێژنگەوە. ڕەسەنایەتی، ناوازەیی، گەورەبوونی فۆتۆگرافەر لەو قۆناغەدا سەرهەڵدەدات. ئەم قۆناغە پەیوەستە بە بینین و توانای بینین.

بۆ من فۆتۆگرافی بریتییە لە هەبوونی توانای بینین. هەموو کەسێک دەتوانێت سەیر بکات، بەڵام کەم کەس دەتوانێت ببینێت. "ئارا گولەر" لە گفتوگۆیەکدا فۆتۆگرافی بە "خۆشەویستیی سەیرکردن" پێناسە دەکات و دەڵێت فۆتۆگرافی بریتییە لە "بینین". هەروەها ئەم نموونەیە دەهێنێتەوە: "کەسێک لە ماڵەوە دەردەچێت، بۆ ماوەی ڕۆژێک هەموو شارەکە دەگەڕێت و هیچ نابینێت، بەڵام کەسێک لە ماڵەوە دەردەچێت، دەچێتە دووکانێک یان نانەواخانەیەک و زۆر شت دەبینێت."

مرۆڤەکان دەتوانن لە ڕێگەی خول و ڕاهێنانەوە قۆناغی یەکەم و دووەم فێر بن. بەڵام قۆناغی سێیەم پەیوەندیی بە خول و پەروەردەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندیی بە پاشخانی فۆتۆگرافەرەوە هەیە، واتە بە کەسایەتی، لێهاتوویی، توانا، خوێندنەوە، سەیرکردن و فەلسەفە و ئایدۆلۆژیایەوە. ئیدیعای من ئەوەیە، ئەگەر ئارا گولەر (1928-2018) ئەرمەنی نەبووایەت بەڵکوو تورک بووایەت، نەیدەتوانی فۆتۆگرافەرێکی هێندە ناوازە و گەورە بێت.

مرۆڤ بە شارەزابوون و شارەزایی لەو چوار قۆناغەدا دەتوانێت ببێتە فۆتۆگرافەرێکی گەورە و بەهرەمەند و ناوازە.

KURDŞOP
579 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!