ئامێرناسیی مۆسیقا – بەشی 8 (زەرب)

 

ئامێری زەرب

_  ئەم ئامێره به ناوی زەربی کوردی یان تەپڵ دەناسرێ. زەربی کوردی سەر به بنەماڵەی ئامێره زەربییەکانه. بەگشتی ئامێره زەربییەکان پێستییان بەسەردا دەگیرێ. لەمرۆکەدا له دەڵقی پلاستیکی به جێگای پێست کەڵک وەردەگیرێ.

_ ئامێری زەرب، له کانزا، دار و گڵه سووره دروست دەکرێ. زەربی کوردی به وەرەقی ئاسنی یان کانزا به دوو شێوەی موکری و سنەیی درست دەکرێ. قەباره و شێوەی ژەنینی ئەم ئامێره له ڕۆژهەڵات و باشووری کوردوستان به یەک شێوازه.

زەربی دارین ئەمڕۆ گۆرانکاریی بەسەرداهاتووه به ناوی تۆمبەک دەناسرێ و بۆ مۆسیقای دەسگایی ئێران بەکار دێ و تەنیا له لوڕستان ژەندنی زەربی دار(تۆمبەک) به شێوەی کوردی هەر وەکوو زەربی کانزاییه. زەربی گڵ یان کاشی به هۆی قورس بوون و زوو شکانی بەره بەره له کوردستاندا کەڵکی لێ وەرناگیرێ و تەنیا له زۆرخانەکاندا هەیه.

 

          زەربی کانزا                                    

 

 

    زەربی دار(تۆمبەک، دمەک) 

 

 زەربی گڵ

 

ژەنیارانی باشووری، ئەم ‌ئامێره هەر وەکوو شێوەی سنەیی و موکریانی له ڕۆژهەڵات، دەژەنن. له باکوور و ڕوژئاوای کوردستان، زەربی کوردی بەم قەباره و شێوازی ژەندنه کەڵکی لێ وەرناگیرێ.

 

زەربی کوردی لەم بەشانه پێک هاتووه که بریتیین له:

 ١_  زارکی گەوره   ٢_ پێست ٣_ کەمەی چێوین

 ٤_ کاسە ٥_ ژێرکاسه ٦_گەروو ٧_ زارکی گەروو  ٨_ بەند  ٩_ ئاڵقەی بەند

 

١_ زارکی گەوره

_ ئەندازەی دەوراندەوری زارکی زەرب ٧٥ بۆ ٨٧ سانته.

_ بەژنی زەرب له وەرەقێکی کانزایی خڕ دەکرێتەوەو و به ئەندازەی نیو سانت له کەنارەکانی دەنوشتێتەوە و وەکوو نێر و مێ تێدەکرێتەوه و له پاشان به چەکوش لێک قایم دەکرێ و کاسەی پێ دەگوترێ. لای سەرووی کاسه زارکی ئامێرەکەیه.

 

٢_ پێست

_ پێست یان چەرمی نەقه(باقۆ)، بزن و گیسک، مەر و کاوڕ به سەر زارکی گەورەی ئامێر دادەگیرێ.

_ هەر وەکوو پێست دەفە و دەهۆڵ پێویسته خۆش کرێ و که پاشان بەسەر کەمەداگیرێ.

 

٣_ کەمه

_  کەمەی زەرب له دار چێ دەکرێ.

_ هەر وەکوو کەمەی ئامێری دەف له دارەکانی سووره بی و گوێز دروست دەبێ.

_ پانیی کەمه له زەربی موکریان ٤ سانت و کەمەی زەربی سنەیی  ٦سانته.

_ به گشتی کەمەی زەربی سنە بەراوەرد بە زەربی موکریان یەک و نیو هەتا دوو  سانت پانتره.

_ له دیوی دەرەوەی کاسەی زەرب، به دەوری زارکی گەورەی ئامێرەکه دا کەمە به داکوتانی بزمار یان پەرچ کردن به کاسەوه دەلکێ.

 

٤_ کاسه

_ درێژایی بەژنی کاسه ٢٠ هەتا ٢٤ سانته.

_ زەربی سنەیی ٢ بۆ ٣ سانت له زەربی موکریانی کورتتره.

_  هەر کات کاسە زەرب له کانزای ناسک دروست کرێ، کاسەکەی خەت دار و گڕنی گڕنی دەکرێ هەتاکوو دەوامی باشترێ بێ و لار و گێر نەبێ.

 

٥_ ژێر کاسه

_ دایرەی ژێر کاسه نیو سانت له کاسه گەورەترە و کاسەی زەرب دەچێته نێو ژێر کاسەوه.

_ ژێر کاسه لەسەر کۆلکەدارێک بە زەبری چەکوش هەڵدەتۆقێندرێ و قووڵ د‌ەکرێ. ئەو نیو سانته زیادییەی کەنارەکانی دەنوشتێتەوەو وەکوو نێر و مێ تێدەکرێتەوە و چەکوشخۆر دەکرێ.

_ وەسەتی ژێر کاسه کونیێکی داییرەیی  به ئەندازەی ٨ هەتا ٩ سانتینی  تێدەکرێ.

 

٦ و ٧_ گەروو و زارکی گەروو

_  درێژایی  گەروو ١٥ بۆ ١٨ سانته.

_ سەرێکی که چکولەتره دەچێته نێو ژێر کاسەوەو هەر وەک ئاماژەی پێ کرا ٨ بۆ ٩ سانته. سەری گەورەی دەبێته زارکی گەروو که ١٢ بۆ ١٤ سانته.

_ زارکی گەروو لێوارێکی ٣ بۆ ٥ سانتی لێ دەدرێ و تاوەکوو ئامێرەکه ڕاگیر بکا و ڕێک ڕاوەستێ. دیاره نابێ به ڕادەیەک گەورە و پان بێ که کاریگەری له سەر دەنگی ئامێر دانێ.

 

٨_ بەند و ئاڵقەی بەند

_ بەژنی ئامێرەکه ٤٥ بۆ ٥٠ سانته.

_ به مەبەستی لەشان کردنی ئامێر دوو ئاڵقە لەسەر بەژنی زەرب دەدرێ.

یەکیان له خوار کەمه و له سەر کاسه و یەکی دیکەشیان له زارکی گەروو دەدرێ. بەندی تێهەڵدەکێشرێ و ژەنیار له شانی دەکا.

_ بەندی زەرب  له چەرم و پارچه چێ دەکرێ.

 

 

 

 

 

KURDŞOP
992 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!