ئامێر ناسیی مۆسیقا - بەشی 4 (دووزەلە)

هاوار هەورامان

 

دووزەله

ئەم ئامێره چەند ناوی دیکەشی هەیه: جووت زەله (جووزەله، جی زەله)، چووزەله، تووزەله، دیزەله، شازبەند، دوونای، زەمبەره و قوشمه.

- سەر بە بنەماڵەی ئامێرە دارینە "پیک"دارەکانە و لە ئێسکی باڵی پەلەوەر، قامیش(زەل) و بۆڕیی کانزا دروست دەکرێ و بە فووتێکردن لە پیکەوە دەنگی لێوە دێ.

_ ئەندازە و درێژاییی ئامێرەکه له باکوور بۆ باشووری زاگرۆس له پازده بۆ بیست و پێنج سانتی مەتر جیاوازه.

ژەنیارێکی کوردی ناوچەی یەریڤان

 

 

_ دووزەلەی ئێسک

 له باڵی هەڵۆ، داڵاش، سووره قورینگ، شینه قورینگ، پیرۆزه، کەڵک و سیسارک دروست دەکرێ.

 

_ له ناوچەکانی باکووری ئەرمەنستان هەتا موکریان له دووزەلەی ئێسک کەڵک وەردەگرن. نێوان ئێسکەکان مێوی لێ دەدرێ و به قاڵ کردنەوەی مێو پێکەوه دەلکێنرێن.

 

لەناوچەکانی باشووری زاگرۆس (کرماشان و لوڕستان)، ئەندازه و قەبارەی دووزەلەی ئێسک به بەراوەردی ناوەند و باکووری کوردوستان کورت و باریکتره.

ئەم ئامێره له باکووری خۆراسان، به ناوی "قوشمه" دەناسرێ.

دووزەله شەش یان حەوت نۆتی هەیه. به گشتی دووزەله شەش کونی هەیه و کاتێک قامک لەسەر کونەکان دانرێ، هەوا له ئاخری ئامێرەوه دەردەچێ و دەنگی حەوتەم ساز دەبێ.

هێندێ جاریش له کەنارەوه و له لای خوارەوه ئامێرەکه کون دەکرێ و دەبێته شوێنی دەرباز بوونی هەوا و دروست بوونی دەنگی حەوتەم.

 

دووزەلەی قامیش

 له دو زەلی یەکسان و بەقەدیەک چێ دەکرێ.

زەلێک که به مەبەستی دروستکردنی دووزەله کەڵکی لێ وەردەگیرێ سەخت و رەقه  و لەگەڵ جۆری زەل و قامیشی پیکه، نایه ، بلوێر و دووزەله جیاوازه.

له ناوچەکانی بادینان، ئیلام، کرماشان له قامیش و زەل بۆ دروست کردنی دووزەلە کەڵک وەردەگیرێ.

 

 

دووزەلەی بۆڕی

له لوولەی کانزای برنج یان ئاڵمینیۆم دروست دەکرێ. زەل و بۆڕی بەیارمەتیی سیمی مس یان شریتی نایلۆنی پێکەوه دەلکێنرێن؛ بەڵام دووزەلەی ئێسک به قاڵ کردنەوەی مێوی هەنگوین پێکەوه دەچەسپێنرێ.

هێندێ ئامێرساز له جیاتی مێو له چەسپیش کەڵک وەردەگرن.

 

پیکی دووزەلە

له زەل دروست دەکرێ. به مەبەستی کۆک کردنی پیکەکان، دەزوو (داو) له لای سەرەوەی پیک دەهاڵێنن. له ناوچەکانی موکریان بەرەو باکوور دەزووی پیک درێژ دەکرێتەوە و به قامکی پشتەوەی  دەست دەچەسپێ به بەینی ئێسکەکانەوه.

 

نێر و مێو

له دوو لەتی بچووکی سەخت به دار (عەناب، ئابنووس، قەیسی) دروست دەکرێ. لای سەرەوەی گەوره و لای خوارەوه باریک دەکرێتە‌وه.

 

لای خواروەی نێره و مێوه به ئەندازەی یەک سانت دەچێته نێو ئێسکەکەوه و له پاشان به مێو و دەزوو راگیر دەکرێ.

ژێری پیک دەچێته نێو نێر و مێوە و بەم شێوەیه سەرێکی جێگای دانانی پیک و سەرێکی دیکەشی له نێو ئامێردایه.

 

 

KURDŞOP
661 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!