شمشاڵ ڕەمزێک  بۆ نەتەوە و دەلاقەیەک بۆ وتووێژی کەلتووری

 

 

"هوومی بابا" فەیلەسووف و بیرمەندی گەورەی هیندی، کە لە بواری  بیری ڕۆژهەڵاتناسیدا، وێرای "ئیدوارد سەعید" و "گایاتری سپیواک چاکراوێرتی" خاوەن تیۆری و قوتابخانەی فکرین، لە باسی نەتەوەکاندا، دوو جۆر پەیوەندی دێنێتە گۆڕێ، پەیوەندیی سەردەست و بندەست کە لەسەر بنەمای هێزی چەکداری و ئابووری و کەلتووری دامەزراوە و لەو پەیوەندییەدا، نەتەوەی سەردەست دەیهەوێ هەموو هێز و هێژمۆنیی خۆی بەسەر  بندەستدا بسەپێنێ و لە وزە و تواناییی کەلتووری و زمانی و هونەریی خۆی دایماڵێ. لەوەها پەیوەندییەکدا، بندەستی دەستەوەستان، هەموو کایەکانی سەردەستی کارامە، بێ کێشە وەردەگرێ و تێکەڵ ڕەوتی دەسەڵاتی سەردەست دەبێ و بە گشتی ئەوەی نیشانی شوناس و بوونی کەلتووری و کۆمەڵایەتی و مێژوویی خۆیەتی لە کیس دەدا و دەتوێتەوە.

بەڵام ئەو هاوکێشەیە لایەنێکی دیکەشی هەیە، یان بە بوارێکی دیکەشدا دەکرێ لێی  بڕوانین، ئەویش دیسان سەردەست و بندەست کۆی پێکهاتەی پەیوەندییەکە دادەڕێژن بەڵام ئیتر نە سەردەست ئەو سەردەستەیە کە خۆی بە تەنیا سەرچاوەی دەسەڵاتی کەلتووری و کۆمەڵایەتی و هونەری بزانێ و نە بندەستیش ئەو بندەستەیە کە دەستەوەستان هەموو کایە کەلتووری و هونەرییەکانی سەردەست، بێ پرسیار و گومان وەربگرێ. بەڵکوو سەردەست بە هۆی هەڵسوکەوت و  باری داهێنەرێتیی بندەست، ئاکاری خۆی دەگۆڕێ. ئەو بندەستە، بندەستی کارامەیە کە بۆخۆی خاوەون پلان و یاریی تایبەتی خۆیەتی. لە لایەکی دیکەوە توانای داهێنەرێتیی لە بواری زمان و کەلتوور و هونەردا هەیە. ئەو توانایانە دەکار دێنێ و سەردەستی پێ سەرسام دەکا. بە گوتەی "هوومی بابا" ئەگەر بندەست بتوانێ لەو کایە کەلتوورییەدا کارێک بکا کە تاقانە بوون و تایبەت بوونی هونەریی خۆی نیشان بدا و وا  بکا تەنانەت سەردەست لاساییی بکاتەوە، ئیتر ئەوجار باری هاوکێشەی سەردەست و بندەست دەگۆڕدرێ و پەیوەندییەکە لە پەیوەندییەکی یەک لایەنەوە، بەرەو پەیوەندییەکی دوو لایەنە و لە داسەپاندنەوە بەرەو ئاڵووێر و وتوێژی کەلتووری و هونەری گۆڕانی بەسەردا دێ.

ئێستا با بزانین ئەو باسە چ پەیوەندییەکی بە شمشاڵ و ئامێرێکی مۆسیقای کوردییەوە داوە، کە تا ئێستا کەمتر ئاوڕی  لێ دراوەتەوە؟ ئەگەر بمانهەوێ لەسەر ئەو بابەتە بە شێوەیەکی دروست بدوێین، پێویستە سەرەتا ڕۆڵی شمشاڵ وەک ئامێرێکی مۆسیقایی  لە کوردستاندا دەستنیشان بکەین. دوایە کاریگەرییە دەرکییەکانی ئەو ئامێرە بە هەڵبژاردنی نموونەیەکی تایبەت بخەینە بەرچاوی خوێنەر و بەردەنگی ئەو بابەتە.

 وەک دەزانین بەشێک لە شێوەی بەڕێچوونی خەڵکی کوردستان هەر لە دێر زەمانەوە، شێوەژیانی مەڕداری  بووە. ئەو شێوەژیانە دیارە،  دیاردە و نیشانە و داب و ڕەسمی تایبەت بە خۆشی هەبووە. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو شێوە ژیانە، بوونی  دوو چینی مەڕدار و کەسانێکە کە ئاگادارییان لە مەڕەکان کردووە و لە نێو کورددا  بە شوان ناسراون. شوانەکان کە زیاتر بە تەنیا بوون، وەک هەر دەستەیەک لە مرۆڤەکانی دیکە، هۆگرییان بە مۆسیقا هەبووە. بەڵام سازێک کە بتوانێ هەم ڕاگوێزتن و هەم فێر بوون و هەم تایبەتمەندییەکانی لەگەڵ ژیانی ئەوان بگونجێ، شمشاڵ  بووە. دیارە دواتر ئەو سازە هاتووەتە  شاریشەوە و هونەرمەندانی کوردی شارییش بڕەویان پێ داوە و دەکاریان هێناوە.

یەکەم نیشانەی کەلتووری بەستراوە بە شمشاڵەوە، لە ئاهەنگی "هاوارە بەرە"دا خۆ نیشان دەدا، کە چیرۆکی تایبەت بە خۆی هەیە و جۆرێک دوانی شمشاڵژەنە لە گەڵ بەردەنگەکەی و لە ڕێگای شمشاڵەوە.

پاشان  هۆگری ژەنیارانی شمشاڵ بە ژەنینی ئەو ئامێرە و پەرە گرتنی بووەتە هۆی ئەوەی، ئەوان بتوانن ئاوات و ئامانجەکانی خەڵکی کورد لە ئاواتی ئەویندارانەوە بگرە تا  حەماسە و تڕاژیدیا و مەبەستە سیاسییەکانیشیان لە ڕێگای ئاوازەکانی شمشاڵەوە دەرببڕن و ئەوەش  کارێکی کردووە شمشاڵژەن بۆ دەربڕینی ئەو هەموو ئاوات و ویستە جیاوازە، دەنگی جیاواز لەو سازە ئاسنینە دەربێنێ و شێوازی تایبەتی دەنگی بۆ پێک بێنێ.

قووڵ بوونەی کاریگەریی دەنگی شمشاڵ لە نێو  نەتەوەی کوردادا، تا ئەو جێیە دەچێتە پێش کە ئەو دەنگ و نەوایەی لە شمشاڵەوە دێ، ببێتە یەکێک لە سازدەرەکانی شوناسی  نەتەوەییی کورد و بێ هۆ نییە ڕادیۆکانی دەنگی شۆڕشی کوردستان بۆ ماوەی چەند دەیە، بە دەنگی شمشاڵ وەک ماڕشی نەتەوەیی دەستیان بە بڵاوکردنەوەی بەرنامەکانیان دەکرد.

ئەو دەنگ و نەوا تایبەتەی مۆسیقای کوردی، لە سەر دەستی هونەرمەندی گەورەی شمشاڵژەن "قالە مەڕە"ی بۆکانی بە لووتکەی خۆی گەیشت و ئەو هونەرمەندە لە ژەنینی ئەو ئامێرەدا، تا ئەو ڕادەیە مامۆستا بووە کە هەموو نەتەوەی کوردی هۆگری ئەو سازە سیحراوییە  ساکارە کردووە.

بەڵام خاڵی گرینگ و جێگای ئاماژە ئەوەیە کە کاریگەریی شمشاڵ تەنیا بە گەلی کوردەوە کۆتایی نەهاتووە. نوێترین بابەتێک کە  لەسەر شمشاڵ بڵاو  بووەتەوە، وتوێژی مامۆستایەکی ناسراو و جیهانیی مۆسیقای فارسی "موحەممەدی مووسەوی"یە کە یەکێک لە هەرە ناودارترین مامۆستایانی ژەنیاری سازی "نەی"یە لە نێو فارسەکاندا و لە پاش مامۆستایانی جیلی یەکەمی سازی نەی لە ئێران، ئەو  بە گۆڕینی دەنگ و نەوای نەی، وەک کەسێکی خاوەن شێوازی تایبەت لە ژەنینی نەیدا، ناوبانگی دەرکرد و لەگەڵ هەموو هونەرمەندە ناودارەکانی  وەک شەجەریان و نازری و ... کاری هاوبەشی کردووە و بە دەیان و سەدان ئاهەنگی ناسراوی هەیە کە فارس وەک میراتی کەلتووریی خۆی دەیانناسێ.

موحەممەدی مووسەوی لەو وتوێژە تازەیەیدا، کاتێک لێی دەپرسن مامۆستا تۆ کەسیک بووی کە لە ڕێچکەی مامۆستایانی نەیژەنی پێش خۆت لاتدا و بوویە خاوەن شێوازی تایبەت، ئەو کارە گرینگەت چۆن کردووە؟ وڵامێکی ڕاستگۆیانە و سەرسوڕهێنەر دەداتەوە.

دەقی وڵامەکەی موحەممەد مووسەوی ئاوایە: " من قوتابیی گەورە مامۆستایانی نەیژەنی ئێران بووم و  بوومە ژەنیارێکی بەتوانا. بەڵام شێوازەکەم هەر سەر بە قوتابخانەی دێرینی نەی ژەنینی ئێرانی بوو. ڕۆژێک مامۆستای گەورەی مۆسیقای ئێران "مورتەزا حەننانە" کاسێتێکی  دامێ و گوتی: گوێ لەوە بگرە. ئەوە شمشاڵی کوردییە. کە گوێم دایە سەرم سوڕما کە چۆن ئەو هەموو دەنگە سەیرە لەو ئاسنەوە  دێتە دەر. بوومە هۆگری ئەو سازە کە مامۆستای کورد "قالە مەڕە" دەیژەنی و وردە وردە خۆم ڕاهێنا لە سەر ئەوەی لە ژەنینی نەیدا لاساییی شمشاڵی قالەمەڕە بکەمەوە. دەبێ ڕاستگۆیانە بڵێم ئەو شێوازە تازەیەی من لە نەیژەنیندا شێوازی قالە مەڕەیە و من لەوی فێربووم و چوومەتە بۆکان بۆ سەرگۆڕەکەی و لەوێش ئەوەم گوتووە."

ئەو قسانەی "موحەممەدی مووسەوی" گەورە ژەنیاری "نەی"ی ئێرانی، یەک ڕاستیمان پێ دەڵێ کە وەکی "هوومی بابا" دەڵێ: پەیوەندیی فارسی سەردەست و کوردی بندەست، لە ئێستادا و لە  بواری هونەر و بە تایبەت هونەری مۆسیقاوە گۆڕانی  بەسەردا هاتووە و  ئەوجار ئەوە ئەوانن دان بەوەدا دەنێن کە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی شێوازی مۆسیقای کوردییەوە و ئەوەش واتە؛ شمشاڵ نەتەنیا ڕەمزێکی  نەتەوەییە لە هونەردا، بەڵکوو دەلاقەیەکێشە بۆ وتوێژ لەگەڵ گەلانی جیهان.

KURDŞOP
704 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!