پەیکەرسازێکی ماردینی لە پاشماوە پەیکەری شامارانی دروست کرد

نوورەدین چاکماک، وێنەساز و پەیکەرسازی خەڵکی پارێزگای ماردین لە باکووری کوردستان، وەک دەستپێشخەرییەک، هونەرەکەی خستووەتە خزمەت سروشتەوە.

 

کوردشۆپ- پەیکەرسازێکی خەڵکی شاری ماردین لە باکووری کوردستان، لە پاشماوەی بەکەڵکی ئاسن، پەیکەرێکی شامارانی بە کێشی ٢٥٠ کیلۆگرام دروست کردووە.

نوورەدین چاکماک، وێنەساز و پەیکەرسازی خەڵکی پارێزگای ماردین لە باکووری کوردستان، وەک دەستپێشخەرییەک، هونەرەکەی خستووەتە خزمەت سروشتەوە.

نوورەدین چاکماک، ژێرزەمینی ماڵەکەی وەک ئاتۆلییەیەکی هونەری بەکار دەهێنێت، هەروەها پەیکەری جیاواز لە پاشماوەی ئاسنی بەکەڵک دروست دەکات.

نوورەدین هەنووکە پەیکەری شامارانی دروست کردووە کە سمبۆلی ئەفسانەییی کوردەوارییە.

چاکماک باسی لەوە کرد کە بەرهەمی جیاوازی وەک ئامێری ئاگادارکردنەوە دروست کردووە کە گرینگی بە ژینگە و قەیرانی کەش‌وهەوا دەدەن و زیادیشی کرد: "من بە گشتی بەرهەمی بچووک و بەکەڵک بەکار دەهێنم. بەم کارە هەوڵ دەدەم سەبارەت بە پیسکردنی ژینگە و دووبارە بەکارهێنانەوەی بەرهەمەکان پەیامێک بە خەڵک بدەم. دەمەوێت بە پەیکەری شاماران پەیامێکی ژینگەیی بدەم. پێویستە سروشتی خۆمان پاک و خاوێن بهێڵینەوە. چۆن مرۆڤ دەتوانێت ئەو شوێنە پیس بکات کە تێیدا دەژی؟ لەم ڕووەوە پێویستە زیاتر وریا بین. ئەمە بۆ من زۆر گرینگە و زۆر هەوڵم دا ئەم پەیامە بە خەڵک بگەیەنم".

نوورەدین چاکماک ڕوونی کردەوە کە ٢٢هەمین کارەکەی کە لە پاشماوە دیزاین کراوە، شامارانە. ئەو گوتی کە خۆی و هاوسەرەکەی، ماوەی ٣ مانگ لەسەر ئەم پەیکەرە کاریان کردووە و بۆ دروستکردنی لە ٧٠٠ کەوچک و پاشماوەی تری ئاسن کەڵکیان وەرگرتووە.

هەروەها کێشی ئەو پەیکەرە ٢٥٠ کیلۆگرامە.

ئاگرین چاکماک هاوسەری نوورەدین لەمبارەوە گوتی کە لەم دواییانەدا لەگەڵ هاوسەرەکەی دەستیان کردووە بە دروستکردنی پەیکەر و کاتێک بەرهەمێک جوان دەردەچێت، حەز و ئۆگرییان لەم بوارەدا زیاتر دەبێت.

ئاگرین چاکماک کە دایکی دوو منداڵیشە، باسی لەوە کرد کە بەهۆی کاری هاوسەرەکەیەوە، بیرۆکەی دووبارە بەکارهێنانەوە و وەبەرهێنانەوە لەنێو منداڵەکانیاندا دروست بووە.

ئاگرین چاکماک، زیادیشی کرد: "ئەم کارە پەیامێکی گرینگمان پێ دەبەخشێت، بەرهەمە بەکارهێنراوەکان فڕێ مەدەن. شتی جوانیان لی دەخولقێتەوە. هەروەها کوڕەکەم کاتێک لە ماڵ دەچێتە دەرەوە، بەدوای شتی بەکەڵکدا دەگەڕێت. کە دێتەوە ماڵەوە دەڵێم ئارام، بۆچی ئەم زبڵەت کۆ کردووەتەوە، دەڵێت، دایە من شتی جوانی لێ دروست دەکەم. ئەمە بەڕاستی پەیامێکی باشە".

نوورەدین چاکماک ئەو کارانەی کە دروستی دەکات دەبەخشێتە مۆزەخانەکان.

ئەو هونەرمەندەی خەڵکی ماردین تا ئێستا ٢٢ پەیکەری بەم شێوەیە دروست کردووە. هەروەها نوێترین بەرهەمی خۆی بە ناوی پەیکەری شامارانی پێشکەش بە مۆزەخانەی پیشەسازیی دەستی لە شاری مدیاد کردووە.

KURDŞOP
758 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!