یەکەم فێستیڤالی فیلمی گوڵەبەڕۆژە لە فینلەندا بەڕێوە چوو

کوردشۆپ- بۆ یەکەمجار فێستیڤالی "گوڵەبەڕۆژە" لە فینلەندا لەژێر ناوی "فەرهەنگ، ئاشتی و خۆشەویستی" بەڕێوەچوو و چەندین فیلمی کوردییش لەو فێستیڤالەدا نمایش کران.

فێستیڤالی فیلم و فۆتۆی گوڵەبەڕۆژە، فێستیڤالێکی فیلمی فرە زمانییە و لەسەر بنەمای تەوەری ئاشتییە. لە بەرنامەکەدا فیلمی تایبەت بە ژیانی ڕۆژانە و دۆخی ئێستای ڕۆشنبیری و سروشت و چیرۆکی ژیانی دەرەوەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەش دەکرێت.

کورتە فیلمی Hîwa لە دەرهێنانی دەرهێنەری کورد "موژگان کاووسی" وەک یەکەم فیلم لە فێستیڤالەکەدا نمایش کرا. فیلمەکە بە زمانی کوردییە ماوەکەی 15 خولەکە و بە ژێرنووسی ئینگلیزی نمایش کرا. هیوا مامۆستایەکی کوردە، باس لە مەترسیی لەدەستدانی زمانی کوردیی ئەو کوردانە دەکات کە لە سەدەی ڕابردوودا کۆچیان کردووە بۆ کەلار و دەشتەکانی پارێزگای مازەندەرانی ئێران. هەروەها ئەم کورته فیلمه کوردییه باس له قه یرانی ناسنامەی زمانەوانی ده کات و مەبەستەکەی ڕێگریکردنه له لەدەستدانی فەرهەنگ و زمان.

فیلمێکی تری کوردی بە ناوی "بالۆرە" لەم فیستیڤالە نمایش کرا کە باس لە بالۆرەی کوردی دەکات. باڵۆرە، یەکێکە لەو گۆرانییە کۆنانەی ژنانی کورد دەیڵێنەوە و ئێستا لەبیرکراوە. ئەم شێوازە گۆرانییە بە تەکنیکێکی جیاواز واتە بە پەنجەکان لەسەر قوڕگ دەوترێتەوە و نۆتەکان بە دەرهێنان و دانانی پەنجەکان دەگۆڕدرێن. دەرهێنەری فیلمەکە عەبدولخالیدییە.

"ڕەسوڵ خوڕڕەم"، دامەزرێنەری فێستیڤالەکە ڕایگەیاند، لە فێستیڤالەکەدا ٢٠ کورتە فیلم و فیلمی درێژ بە زمانەکانی کوردی، فارسی، عەرەبی، تورکی، ئینگلیزی و سویدی نمایش دەکرێن. جگە لە نمایشکردنی فیلمەکە، چەندین پانێڵ لەسەر ڕەخنەی فیلم بەڕێوەدەچێت.

بڕیار دراوە ئەم فێستیڤالە هەموو ساڵێک لە فینلاند بە هاوکاریی مۆزەخانەی کۆمەڵناسیی هێلێنا ڕاڤاتاڤارا بەڕێوە بچێت.

فێستیڤالەکە ڕۆژی 23.05.2023 دەستیپێکرد و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو.

 

ناوی بەشێک لەو فیلمە کوردییانەی لەم فێستیڤالەدا بەشدار بوون:

 

- هەنگاو بێنن؛ دەرهێنەر: مازین شوربەیانی و ئاریان ساڵح.

- حەوت سەمفۆنیای زاگرۆس، دەرهێنەر: پەرویز ڕۆستەمی.

- نەرم وەک کانزا، دەرهێنەر: سەیوان سەعیدییان

- نێرگزە پێنجەم، دەرهێنەر: سەرکەوت نیکدل.

- میرکوت، دەرهێنەر: سیدات کران.

KURDŞOP
693 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!