لە یادی دابەشکرانی خاکی کوردستاندا، پێشانگایەکی هونەر لە لۆزانی سویسرا بەڕیوە دەچێت

کوردشۆپ- لە شاری لۆزان لە سویسرا، پێشانگایەک بە ناوی 2+2=KRDSTN بەڕێوەدەچێت.
لە یادی 100 ساڵەی پەیمانی لۆزان، بەمەبەستی ڕاکێشانی سەرنج بۆ دەرئەنجام و کارەساتەکانی ئەو ڕێکەوتنە، کە بووە هۆی دابەشبوونی کوردستان بۆ 4 بەش و چەندین جینۆساید و ڕەنجی گەورە بۆ خەڵکی کوردستانی لێ کەوتەوە، پێشانگایەک بەڕیوە دەچێت. پێشانگاکە لە 28ی نیسانەوە دەستی پێ کردووە و تا 19ی ئایار بەردەوام دەبێت.
کۆمیتەی یادی سەد ساڵەی لۆزان ساڵی ڕابردوو لە مانگی نۆڤەمبەردا چەندین کۆڕ و پانێڵ و بۆنەی ڕۆشنبیری و هونەریی سازکرد و لەم چوارچێوەیەدا بە بەڕێوەبردنی پێشانگایەکی هونەری چالاکییەکانی بەردەوامن. لە چوارچێوەی چالاکییەکانی سەد ساڵەی پەیمانی لۆزان، بەشێکی زۆر لە هونەرمەندان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و ئەڵمانیا و ئیتالیا لەم پێشانگایەدا بەرهەمەکانیان پێشکەش دەکەن.   
پێشانگای 2+2=KRDSTN لە هۆڵی فۆڕوم دی هۆتێل دی ڤیل بەڕێوەدەچێت و تا 19ی ئایار بەردەوام دەبێت. لە سەرەتای کردنەوەی پێشانگاکەدا، داڤیت پایۆت، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی لۆزان ڕایگەیاند، ئەو ڕێککەوتنە بووە هۆی ئەوەی کوردستان بەسەر 4 بەشدا دابەش بکرێت و کاریگەریی ئەم ڕێککەوتنە لەسەر گەلی کورد تا ئێستاش زۆر قورسە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
سێڤگی کۆیونجو ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی لۆزان هەروەها ڕایگەیاند: ئەم ڕێککەوتنە بۆ ماوەی ١٠٠ ساڵ هۆکاری گیانلەدەستدانی سەدان هەزار کەس و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بوو. ئەم پێشانگایە بۆ خەڵکی لۆزان زۆر گرنگە کە بزانن ئاکامەکانی ڕێککەوتنی لۆزان بۆ گەلی کورد و گرووپەکانی تر چی بووە و داواکارییەکانی ئێستای کورد بزانن.
بەڕێوەبەرایەتیی ئەم پێشانگایە بریتین لە باریش سەعیدخان و سەردار موتلو و بەرهەمی ئەم هونەرمەندانە لە پێشانگاکەدا نمایش کراون: عوسمان ئەحمەد، هەڤین ئەلسندی، هێوار ئەمینی، وریا ئاریا، خەدیجە بەکر، ساڤاش بۆیراز، وریا بوداغی، تەیموور چەلیک، سەلاح ئیبراهیمی، سێرهات ئێرتونا، جاکۆپۆ گالیکۆ، فاتۆش ئیروین، ئێرن کاراکوش، سەرپێل ئۆداباشی، وەلید سیتی، هیتۆ ستیێری و لەیلا تۆپراک.
لە میانەی کردنەوەی پێشانگاکەدا، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی پێشانگاکە، سەردار موتلو، ڕایگەیاند، بۆ ماوەی ١٠٠ ساڵ، لەسەر بنەمای ئەو ڕێککەوتنە، کوشتن و جینۆسایدی کولتووری و دیپۆرتکردنەوەی بێشومار بە ناوی یەک زمان، یەک نەتەوە، یەک ئاڵا، لە دژی کورد ئەنجام درا. لەم پێشانگایەدا مێژوونووسان و هونەرمەندان و چالاکوانان سەرنجیان لەسەر خراپ بەکارهێنانەکانی پەیمانی لۆزان لە ماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوودایە و دەخوازن ڕووداوەکانی ئەم ماوەیە جارێکی دیکە بەڵگەمەند بکرێن و لە یادەوەریی کۆمەڵایەتیدا زیندوو بکرێنەوە. گوتیشی: "لە ڕێگەی ئەم پێشانگایەوە، دەمانەوێت هێزی هونەر بۆ بەڵگەنامەکردن و بنیاتنانەوەی یادەوەریی کۆمەڵایەتی پێشان بدەینەوە."
سەبارەت بە ناوی پێشانگاکەش، سەردار موتلو وتی:  2+2=KRDSTN  لە مێژووی هاوچەرخی ئێمەدا لە قسەکانی یەکێک لە ڕێبەرانی پێشەنگی گەلی کورد، واتە لە قسەکانی قازی محەممەد وەرگیراوە و لەم شوێنەدا 2 ڕ بە واتای ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا و ٢ ب پێناسەی باکوور و باشوور دەکات.
 

KURDŞOP
763 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!